سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە


KRP.org | |


20/04/2017
ڕۆژی پێنجشەممە 20ـی 4ـی 2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی بۆ ڕێكخستنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و ڕەچاوكردنی دادپەروەری لە پێدانی مووچە و موستەحەقاتی پێشمەرگە تاوتوێ كرا. هەروەها شاندی میوان گلەیی و كێشە و گرفت و داواكارییەكانی دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و كۆمەڵێك پێشنیار باشتركردنی ژیان و باری گوزەرانی پێشمەرگەیان خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە پاڵپشتیكردنی داواكانی پێشمەرگە و دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێشمەرگەدا نییە و پێشمەرگە پێشمەرگەی كوردستانە و پێشمەرگەی هیچ حزبێك نییە. لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بۆ چارەسەری كێشەكان، كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیداردا بكرێت.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 208