ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم


KRP.org | |


10/09/2017
ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 9ـی 2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و ئامادەبوونی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە سیاسییەكان و دوایین هەڵوێستی ناوخۆ و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها سەردانەكەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕێككەوتنی مێژوویی نێوان پارتی و یەكێتی لە 10ـی ئەیلوولی 2017 بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستانیان بەرز نرخاند و بە هەنگاوێكی گرنگ و نیشتیمانی و مێژوویی وەسفكرا و ئومێدی ئەوە خوازرا كە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای ڕاگۆڕینەوە و گوێگرتن لە تێبینی و پێشنیاری لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:

یەكەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 25ـی ئەیلوولی 2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكاتەوە و، هەموو ئەو دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن.

دووەم: كۆبوونەوەكە بە ڕەچاوكردنی دۆخی هەستیاری كوردستان جەختی لە پێویستی یەكڕیزی و هاودەنگیی نیشتیمانی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ هەڵمەتی هاوبەشی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم كردەوە.

سێیەم: كۆبوونەوەكە تەئكیدی لە پاراستن و ڕەچاوكردنی ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا كردەوە و دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی لیژنەی تایبەت بە زەماناتی پێكهاتەكان خرایە بەر باس و داوا لە سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم كرا كە داواكارییەكان یەكبخات و كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكاریی پێكهاتەكان دەربڕی.

چوارەم: حزب و لایەنەكانی بەشدار لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێككەوتن كە ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 9ـی 2017 پارلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بكاتەوە.

پێنجەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئیجرائات و هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووپات دەكاتەوە و داوایش لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بن.

شەشەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم داوا لە ڕێكخراوە بیانییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات كە بەشدار بن لە چاودێریكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

10ـی ئەیلوولی 2017




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 216