سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان (باكوور) كرد


KRP.org | |


08/03/2017
ڕۆژی چوارشەممە 8ـی 3ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مەسعود تەك سكرتێری گشتیی پارتی سوسیالیستی كوردستان (باكوور) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەو پارتە.

لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی توركیا و هەروەها دۆزی كورد لە وڵاتی توركیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەو كۆسپ و تەحەدییاتەی لە باكوور لەبەردەم خەباتی سیاسیی كوردا هەیە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لە یەكوتاریی لایەنە نیشتیمانپەروەرەكانی كورد لە توركیا كرایەوە لە بەرانبەر پێشهاتە سیاسییەكان و بە پێویستیش زانرا كە دیالۆگ و خەباتی ئاشتیانە نەخشەڕێگەی كاری سیاسیی كورد بێت لە توركیا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە كار و چالاكیی پارتەكەیان كرد و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ڕیفراندۆم لەسەر دەستووری توركیا خستەڕوو و داوایشیان لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ یەكخستنی ناوماڵی كورد لە توركیا پشتیوانیان بێت.

لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاییندەی كورد لە سووریا و هەروەها هاوكێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكانی شی كردەوە و ئامۆژگاریی پێویستی لەبارەی دۆزی كورد لە توركیا بۆ شاندی میوان خستەڕوو.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 242