سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەكات


KRP.org | |


10/04/2017
ڕۆژی دووشەممە 10ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆشیان نیشاندا بە سەردانیان بۆ نیشتیمانی ڕەسەنی خۆیان كوردستان و وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی باسیان لە ڕۆڵ و كاریگەریی خەباتی بارزانیی نەمر كرد لەسەر خۆڕاگری و ئومێد بۆ كوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو. ئامادەیی ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی كوردستان و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان دەبن و كاری بۆ دەكەن. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەیان كرد لە پاراستنی وڵات و شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.

هە لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو باسیان لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی كوردانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و سۆڤییەتی جاران كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و كوردانی دانیشتووی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشووی بە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد و ڕایگەیاند پاراستنی پێناسە و ڕەسەنایەتیی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەورەترین خەباتە كە كوردانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو بە باشی ئەنجامیان داوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەروەها ئیرادەی خەڵكی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم و گەییشتن بە سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 276