دیداری سەرۆكی ‬هەرێمی ‬كوردستان لەگەڵ كەناڵی عه‌ره‌بیه‌ سكای نیوز


KRP.org | |


12/10/2014
كەناڵی ‬سكای ‬نیوزی ‬عەرەبی ‬لە ‬یەكێك لە بنكەكانی ‬بەرەی ‬شەڕی ‬دژ بە داعش، ‬چاوپێكەوتنێكی ‬لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی ‬سەرۆكی ‬هەرێمی ‬كوردستان ئەنجامدا، ‬كە كاتژمێر ‬9ی ‬شەوی ‬یەك شەممە ‬12/10/2014 پەخشكراو تیشكی ‬خستە سەر چەند مەسەلەیەكی ‬گرنگی ‬ئەمڕۆی ‬كوردستان و عێراق و شەڕی ‬سەپێندراوی ‬داعش بەسەر گەلی ‬كوردستان، ‬ئەمەش دەقی ‬چاوپێكەوتنەكەیە:‬

سكای نیوز: ‬دیدارەكەمان لە دۆخێكی ‬تایبەتە، ‬شەڕ ‬لە عێراق و سووریا و ناوچەكە لە ئارادایە، ‬ئێوە ئێستا ‬ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیرۆر لە شەڕدان، ‬ئێمەیش لێرە لە سەربازگەیەكدا دیدار لەگەڵ بارزانی ‬ساز دەدەین كە چەك بە دەستەوە دەگرێ و دەجەنگێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بەخێر بێن. ‬ناوچەكە لە لایەن داعشەوە بەرەوڕووی ‬دوژمنكاریێكی ‬ناحەزانە بووەتەوە، ‬دەبێ بەرەنگاری ‬ئەو دوژمنكارییە ببینەوە، ‬لە ‬ڕووی ‬كردەنیشەوە لە قۆناخی ‬یەكەمدا بەرەنگاری ‬بینەوە، ‬هێزەكانی ‬پێشمەرگە توانییان لەو قۆناخەدا بەرەنگاری ‬داعش ببنەوە و هێرشەكانیان ‬ڕابگرن، ‬تا گەییشتە قۆناخی ‬هێرش بردن، ‬پێشمەرگە توانی ‬كە ناوچەیەكی ‬بەرفراوان كە پێشتر داعش دەستی ‬بەسەردا گرتبوون، ‬ڕزگار بكاتەوە، ‬ڕاستە كە ئێستا هێرشبردن و شەڕكردن لە دەست ئێمەیە، ‬بەڵام ئێمە لەگەڵ ‬ڕێكخراوێك لە جەنگداین كە زۆر شتی ‬لەدەستدایە، ‬لە ‬ڕاستیدا ئەوان توانای ‬دەوڵەتیان بەردەستە. ‬پێشمەرگە تەنیا هێزە لەسەر ‬ڕووی ‬زەوی ‬كە توانیویەتی ‬بەر بە پێشڕەویی ‬داعش بگرێ و، ‬لە زۆر بەرەی ‬شەڕدا تێكی ‬بشكێنی. ‬ئێستا جەنگ كۆتایی ‬نەهاتووە و ‬ڕەنگە درێژە بكێشێ، ‬بەڵام بڕیارمان داوە كە بەرەنگاری ‬داعش ببینەوە و تا دوادڵۆپی ‬خوێنیش بەرەنگاری ‬دەبینەوە.‬

سكای نیوز: ‬سەرۆك، ‬دوو ‬ڕا هەن و ‬یەكێكیان دەڵێ، ‬ئەوەی ‬ڕووی ‬داوە زیانی ‬بە كوردی ‬عێراق بە تایبەت گەیاندووە، ‬بەڵام ‬ڕایەكی ‬دی ‬پێی ‬وایە، ‬ئەگەر زیانیشی ‬هەبووبێ ‬ڕەنگە كورد ئەو دۆخە بۆ بەرفراوانكردنی ‬سنووری ‬هەرێم بقۆزنەوە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هەر زیانێك بە قازانج دەشكێتەوە، ‬ڕەنگە ئەو دۆخە بەو شێوەیە كە هەیە وەها بەرجەستە بووبێ، ‬بەڵام ئەو جەنگە بژاردەی ‬ئێمە نییە، ‬بەڵكە بەسەرماندا سەپێندراوە و، ‬خواستی ‬ئێمە نییە چاو لە خاكی ‬خەڵكی ‬ببڕین، ‬بەڵام، ‬ناهێڵین داعش بستێك لە خاكمان داگیر بكات، ‬ئەمە خاڵێك و خاڵێكی ‬دی، ‬راستە لە ماوەی ‬جەنگدا لە ‬ڕووی ‬گیانی ‬و ماددییەوە زیانمان كردووە، ‬بەڵام دۆزی ‬كورد باشتر ناسرا، ‬ئەمەیش بۆ جیهانە كە كورد ئەو هێزەیە كە توانی ‬بەرەوڕووی ‬داعش ببێتەوە و هێزێكە دەكرێ پشتی ‬پێ ببەسترێ. ‬ئێستایش ئەو تاكە هێزەیە كە لە جیاتی ‬هەموو جیهانی ‬ئازاد شەڕی ‬تیرۆریستانی ‬داعش دەكات.‬

سكای نیوز: ‬سەرۆك ‬كاتێك باس لە كۆتایی ‬جەنگ دەكەین، ‬دەشێ قسە لەبارەی ‬بنەبڕكردنی ‬داعش لەسەر دەستی ‬پێشمەرگە بكەین؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬من ناڵێم بنەبڕكردنی ‬داعش، ‬ڕەنگە بنەبڕكردنی ‬داعش كاتی ‬زۆر بخایەنێ، ‬دەتوانرێ داعش لاواز بكرێ، ‬دەكرێ داعش دەر بكرێ، ‬یان ‬ڕەنگە بنەبڕكردنی ‬داعش بە فۆرم ‬و شێوازێكی ‬دی ‬بكرێ. ‬بنەبڕكردنی ‬داعش كۆشش و كاتی ‬زۆر و هەماهەنگیی ‬نێودەوڵەتیی ‬پێویستە، ‬بەڵام لە توانادایە داعش لەم ناوچەیە دەربكەین و لە ‬ڕووی ‬سەربازییەوە بیپارێزین، ‬بە شێوەیەك هاووڵاتیان و دانیشتوانی ‬ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە شوێنەكانی ‬خۆیان و لە سەقامگیری ‬و ئاساییشدا بژین.‬

سكای نیوز: ‬ئایا باس لەبارەی ‬ناوچەیەكی ‬ئارام بۆ هەرێمی ‬كوردستان دەكەن؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئێمە دەمانەوێ ئاساییشی ‬ناوچەكانی ‬كوردستان دابین بكەین، ‬بۆ كەمینە ئایینی، ‬نەتەوەیی ‬و مەزهەبییەكان كە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و بیانپارێزین، ‬پێویستمان بە پێداویستیی ‬زیاتر هەیە تا ئاساییشیان بۆ دەستەبەر بكەین و پارێزگارییان لێ بكەین.‬

سكای نیوز: ‬گرووپی ‬تیرۆریستی ‬لە سنوورەكانی ‬كوردستان هەن و ‬ڕەنگە لەو ناوچانە جەماوەریان هەبێ، ‬ئایا ئێوە دەتانەوێ ناوچەیەكی ‬دوورتر بڕۆن بۆ دەرەوەی ‬سنووری ‬هەرێمی ‬كوردستان، ‬تا ناوچەیەكی ‬ئارامتان هەبێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ستراتیژی ‬ئێمە دوورخستنەوەی ‬داعشە لە سنووری ‬كوردستان، ‬هاوكات هاوكاری ‬لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ‬هاوپەیمانمان بۆ ‬ڕزگاركردنی ‬ناوچەكان لە داعش دەكەین كە بتوانرێ، ‬بەڵام كاری ‬سەرەكی ‬و لەپێشینەی ‬ئێمە هەرێمی ‬كوردستان و ئاساییشەكەیەتی.‬

سكای نیوز: ‬سەرۆك دەربارەی ‬ئەوەی ‬كە بۆ كاتێك داعش بەرەوڕووی ‬هەرێم بووەوە و هاوپەیمانان وەها بە خێرایی ‬هاتن و هێزی ‬ئاسمانییان بۆ هاوكاریی ‬كوردستان لە جەنگی ‬دژ بە داعش بە كار هێنا، ‬ئەمە لە كاتێكدایە كە بۆ عێراق و سووریا ئەو كارە نەكرا؟

‬سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئەمە ئاراستەكراوە، ‬ئێمە بەهاگەلێكمان لە هەرێمی ‬كوردستان بنیات ناون، ‬لێبوردەیی ‬پێكەوەژیان، ‬دیموكراسییەت، ‬ئازادییەكان و پارێزگاریكردن لە كەمینەكان لە ستەم و چەوساندنەوە، ‬ئەمانە ئەو هۆكارانەن كە ئەمەریكا و ئەورووپا بڕیاری ‬پشتیوانیكردنی ‬هەرێمی ‬كوردستانیان دا و هەڵوێستیان گرت.

سكای نیوز: ‬سوپاس بۆ وەڵامەكەت، ‬بەڵام لە راستیدا وەڵامێكی ‬پڕ ‬نییە، ‬ڕەنگە هۆكاری ‬سەربازی ‬و سیاسیی ‬دیكە لە ئارادا هەبن، ‬ئایا بەڕاستی ‬ئەو وڵاتانە تەنیا بە هۆی ‬ئەو بەهایانەی ‬باست كردن هاتوون، ‬ئەمە لە كاتێكدا بەپێی ‬سیاسەتی ‬ئەم سەردەمە ئاسان نییە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئێمە ئەزموونی ‬سەركەوتوومان لە بەشێكی ‬كوردستان هەیە، ‬ئایینزا و نەتەوە و مەزهەبی ‬جیا لەم هەرێمەدا دەژین، ‬لە ‬ڕووی ‬جوگرافیاوە پێگەیەكی ‬ستراتیژیییمان هەیە، ‬ڕاستە كە هۆكاری ‬سیاسی ‬و ئابووری ‬هەن، ‬بەڵام ئەگەر ئەم بەهایانە لە هەرێمی ‬كوردستان نەبووان، ‬دەیانتوانی ‬پشتگوێی ‬بخەن.‬

سكای نیوز: ‬پێگەی ‬ستراتیژی ‬بە كام واتا، ‬توركیا و ئێران ‬یان چۆن دەتوانی ‬ئەمەم بۆ شیی ‬بكەیەوە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬پێگەی ‬ستراتیژی ‬بەو واتایەی ‬كە هەموو سنووری ‬توركیا لەگەڵ هەرێمی ‬كوردستانە، ‬سنووری ‬ئێران بە سەدان كیلۆمەتر لەگەڵ هەرێمی ‬كوردستانە، ‬بەربەستێكە لەبەردەم تیرۆریستان، ‬داعش ‬یان ‬غەیرە داعش، ‬ڕەنگە ئەگەر هەرێمی ‬كوردستان نەبوایە ئەوا داعش دەگەییشتە توركیا و تا بە ئەورووپایش دەگات. ‬هەروەها هۆكارێكی ‬دی ‬ئەوەیە كە، ‬بەرەنگاری ‬داعش بوونەتەوە كە بە هەزاران كیلۆمەتر لێیانەوە دوورە، ‬ئێستا لەگەڵ داعش هەزاران ئەورووپایی ‬هەن. ‬تەرمی ‬زۆرێكیشیان كەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە، ‬بە واتایەكی ‬دی ‬ئەمە بەرگرییە لە ئاساییشی ‬ئەوان.‬

سكای نیوز: ‬بە واتای ‬ئەمڕۆ ئەوان پشت بە ئێوە دەبەستن وەك ئەوەی ‬بەرگری ‬لە ئاساییشی ‬ئەوان بكەن؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بە دڵنیاییەوە. ‬چونكە لە ‬ڕیزەكانی ‬داعشدا، ‬هەزاران ئەورووپایی ‬و ئەمەریكایی ‬و ئاسیایی ‬و لە وڵاتانی ‬جیهان لەگەڵیاندان، ‬شەڕكردن لێرە لەگەڵیان، ‬لەوە ئاسانترە كە لە نێو وڵاتەكانیاندا لەگەڵیاندا بجەنگن، ‬باوەڕیشم وایە كە ئەمەیش ‬یەكێك لەو هۆكارانە بێ بۆ ئەو پشتیوانییەی ‬كە لێیان كردووین.‬

سكای نیوز: ‬كە جەنگ بەرپا بوو سەرەتا سوپاسی ‬ئێرانت كرد، ‬بۆ ‬یارمەتی ‬دان و ئێوە بۆ سەرەتا سوپاسی ‬ئەوانتان كرد؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئێمە دەبێ ‬ڕاستییەكان بڵێین، ‬لە ‬یەكەم هێرشدا كە كرایە سەرمان، ‬ئێرانییەكان دوو فڕۆكەی ‬چەك و تەقەمەنییان بۆ ناردین. ‬لەو ساتەدا، ‬پشتیوانیێكی ‬گەورە بوو.‬

سكای نیوز: ‬لە لایەنی ‬دیكەوە نەهاتن؟

سەرۆك بارزانی: ‬بەر لە هەمووان ئەوان. ‬لایەنی ‬دیكەیش ناردیان، ‬بەڵام ‬یەكەم كاروانی ‬چەك لە ئێرانەوە بۆمان هات.‬

سكای نیوز: ‬پێشتر، ‬پێشبینی ‬دەكرا ئەمە توركیا بێ، ‬سەرۆك؟

سەرۆك بارزانی: ‬توركیایش چەكی ‬نارد، ‬بەڵام گوتیان كە ‬ڕاینەگەیەنین، ‬چونكە لە بەر هۆی ‬دۆخی ‬ناوخۆوە و لە سەروبەندی ‬هەڵبژاردنی ‬سەرۆكایەتیدا بوون، ‬هەروەها بارمتەیان لای ‬داعش هەبوو.‬

سكای نیوز: ‬هەیە خوێندنەوەی ‬جیای ‬بۆ ئەم پرسە هەیە، ‬پێوەندیی ‬جەنابت بە توركیاوە، ‬هاوكات پێوەندیی ‬ئابووریی ‬هەرێم بە توركیاوە زۆر باش بوو، ‬بەم دواییە پێوەندییە سیاسییەكانیشتان بێ گرفت بوون، ‬هەیە باوەڕی ‬وایە كە هەڵوێستێكی ‬شەرمهێنە و توركیا ئەوە نەبوو كە بڕیار لە بارەی ‬دۆخی ‬هەرێمی ‬كوردستانەوە بدات؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬لە ‬ڕاستیدا چاوەڕوانی ‬هەڵوێستی ‬بەهێزترمان لە توركیا هەبوو لەوەی ‬كردی.

سكای نیوز: ‬بەهێزتر بە واتای ‬چەكی ‬زیاتر و خێرایی ‬زیاتر؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بەڵێ. ‬چەكی ‬زیاتر و خێرایی ‬زیاتر لە گەیاندنی، ‬سەرباری ‬ئەوەیش ئێمە لە كێشەكانیان تێدەگەین.‬

سكای نیوز: ‬ئایا دوودڵی ‬لە هاوكاری ‬هەبوو ‬یان چی؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬توركیا لە بڕیاردانی ‬ڕوون و ‬ڕاست و خێرا، ‬خۆی ‬دەپاراست، ‬هاوكات هۆی ‬دیكە هەڵبژاردنەكان و هەبوونی ‬بارمتەكانی ‬بوو لای ‬داعش، ‬ئێمە لەو هۆكارانە تێگەیشتین، ‬دیسان دەڵێم كە ئەوان هاوكارمان بوون، ‬بەڵام پێمان وا بوو كە دەبێ هەڵوێستی ‬زیاتر و بەهێزتریان هەبێ.‬

سكای نیوز: ‬پاش ئەوەی ‬ڕووی ‬دا، ‬تۆ ئێستا دڵنیای ‬لەوەی ‬كە توركیا ‬ڕێگری ‬ناكات لە هەرێمێكی ‬سەربەخۆ بۆ كوردستان؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬پێم وایە كە توركیا هاوڕێیە و پێم وا نییە بەرانبەر بە پێشكەوتنی ‬هەرێم بوەستێتەوە.‬

سكای نیوز: ‬ئەی ‬پێت وانییە بەرانبەر بە ئەو داوایەی ‬تۆ بۆ سەربەخۆیی ‬هەر دژ ناوەستێتەوە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئەمە پرسێكی ‬جیایە. ‬لەبارەی ‬سەربەخۆییەوە، ‬هەڵوێستی ‬توركیا و هەر وڵاتێكی ‬دی ‬نازانین، ‬بەڵام لەو ئاستەی ‬پێوەندیی ‬ئابووریی ‬نێوانمان وەك ئەوەی ‬هەیە، ‬بەهێزە.‬

سكای نیوز: ‬كاتێك قسە لەسەر بارمتەكانی ‬توركیا دەكەین، ‬كاتێك باس لە چوونە پاڵ هاوپەیمانەتیی ‬نێودەوڵەتی ‬توركیا دەكەین، ‬كاتێك قسە لەسەر ئەو تۆمەتانە دەكەین كە كە دەدرێنە پاڵ توركیا لە پشتیوانیكردنی ‬توركیا بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان لە نێویاندا داعش، ‬دەشێ بڵێین كە ‬ڕەسمكردنی ‬سنووری ‬سیاسی ‬و جیۆگرافی ‬نوێ و ‬یەكلاكردنەوەی ‬حیسابات بێ، ‬ئایا ئەم دیمەنانە بەم جۆرە دەبینیت؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬لە ‬ڕاستیدا بەڵگەمان نییە كە توركیا پشتیوانیی ‬داعش دەكات، ‬بەڵام وەهای ‬دەبینین كە سیاسەتی ‬ئەو وڵاتانە جۆرێك لە دابڕانیان پێوە دیارە، ‬نامەوێ دەست وەربدەمە ئەم پێوەندییە پێكناكۆكانە، ‬ئێمە وەك هەرێم دەمانەوێ لەم ململانێ و قەیرانانەی ‬لەو ناوچەیەدا هەن دوور بین و نامانەوێ بەشێك بین لێیان.‬

سكای نیوز: ‬بەڵام دواجار ئەم قەیرانانە كاریگەرییان بەسەر ئێوەیشەوە دەبێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هەوڵ دەدەین كاریگەرییان نەبێ و خۆمانی ‬لێ بە دوور بگرین، ‬بەڵام بوون بە بەشێك لەو ململانێیانە، ‬جێی ‬بایەخی ‬ئێمە نییە و بە هیچ كلۆجێك نامانەوێ تێكەڵی ‬ببین.‬

سكای نیوز: ‬جەنابی ‬سەرۆك ئێستا ئێمە چەند لە داعشەوە دوورین كە گفتوگۆ دەكەین؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬نزیكەی ‬20 ‬تا ‬25كم.‬

سكای نیوز: ‬كەواتە با كۆتایی ‬پێ بێنین تا نەهاتوون؟

سەرۆك بارزانی ‬بە پێكەنینەوە:‬ ‬نا، ‬نایەن. ‬مەترسە.‬

سكای نیوز: ‬داعش كێیە و سەرچاوەی ‬پشتیوانی ‬و دارایی ‬داعش لە كوێوەیە؟ ستراتیژ و ئامانجەكانیان شیاوی ‬هەڵوەستەیە، ‬ئایا وەڵامتان بۆ ئەمانە پێیە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئێمەیش بە دوای ‬هەمان ئەو وەڵامانەوەین. ‬بەو هیوایەیشین كە لە ئەوەی ‬كە ئەو وەڵامانانەمان بداتەوە. ‬لە كوێوە هاتن و ئەو چەكانەیان لە كوێ بوون، ‬ئەو هەموو سامانەیان لە كوێ بە دەست هێنا؟ ئەمانە پرسیاری ‬گەورەن و لە چاوەڕوانیی ‬وەڵامەكانیانین.‬

سكای نیوز: ‬تۆ بە ‬ڕاستی ‬نازانی ‬یاخوود ناتەوێ وەڵام بدەیەوە، ‬چونكە قورسە تۆ دوژمنێك نەناسی ‬و پێكهاتكەی ‬نەزانی ‬چۆن گەشەی ‬كردووە و لەگەڵیدا بجەنگی؟

سەرۆك بارزانی: ‬لە ‬ڕاستیدا نازانم. ‬زۆر لەبارەیەوە دەزانین، ‬بەڵام چۆن هەموو ئەو چەك و داراییەیان بە دەست هێناوە، ‬ڕەنگە ناڕاستەوخۆ چەكیان بە دەست هێنا بێ، ‬بەڵام ئەمانە پرسیارن و كاتی ‬دەوێ تا وەڵامیان وەردەگرینەوە.

سكای نیوز: ‬سەرۆك تۆ دەزانی ‬كە لەو ناوچانەی ‬مووسڵ و دەوروبەری ‬چیی ‬هەبووە و پێت وایە هەر ئەو چەكانەن كە لە دەست داعشدان؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئەمە قۆناخێكی ‬نوێیە. ‬سەرەتای ‬پێكهاتنیانە، ‬چەكیان لە بارەگاكانی ‬سوپای ‬سووریا بە دەست هێنا، ‬لە گرووپی ‬دیكەوە چەكیان دەست كەوت، ‬كە چەكیان لە وڵاتانەوە بە دەست هێنابوو. ‬قسە لەسەر سەرەتاكەی ‬دەكەم، ‬ئەوان لە سووریا سەریانهەڵدا، ‬ئینجا هاتنە عێراق، ‬لە سەرەتای ‬ئەمساڵیشەوە كە هاتنە عێراق، ‬چوونە باشووری ‬ڕۆژئاوای ‬مووسڵ، ‬ئەوكات كۆمەڵەی ‬كەم و بچووك بوون، ‬من پێوەندیم بە سەرۆكوەزیرانەوە كرد، ‬لە هەوڵدانیان ئاگادارم كردەوە، ‬بەڵام بایەخی ‬بەم بابەتە نەدا، ‬بەر لە چوونە نێو مووسڵیش ئامادەییمان نیشان دا كە پێشمەرگە بنێرین بۆ پاراستنی ‬مووسڵ تا شكست نەبات، ‬بە هەمان شێوە سەرۆكوەزیران ‬ڕەتی ‬كردەوە، ‬تا ئەو كاتەی ‬شكستی ‬برد، ‬هەڵبەت شكستی ‬مووسڵ بەم ئاسانییە لە حیساباتی ‬تیرۆریستانیشدا نەبوو، ‬پاش شكستی ‬مووسڵیش دۆخەكە بە ئاستێكی ‬زۆر لەبار چوو. ‬ئەو ناوچانەیشی ‬كە پاش مووسڵ شكستیان برد، ‬لە باشوورەوە بەرەو تكریت و تا دەوروبەری ‬بەغدایش، ‬ئەمە هەمووی ‬داعش نەبوو، ‬بەڵكە هاووڵاتیانیش لەگەڵیان بوون، ‬دواتر داعش دۆخەكەی ‬گرتە دەست، ‬چونكە ‬ڕێكخستنیان هەبوو و دەستیان بەسەر هێندە چەكی ‬پێشكەوتوو و زۆردا گرت كە لە دەست سوپای ‬عێراقدا بوو، ‬بەڵام بەر لەم قۆناخە ئەوان چەكیان لە سووریا دەست كەوتبوو.‬

سكای نیوز: ‬ئەمڕۆ كە هاوپەیمانەتیی ‬نێودەوڵەتی ‬بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ‬داعش پێك هاتووە، ‬ئایا نیازیان پاكە و بۆ ئەو مەبەستەیە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬نیازی ‬ئێمە پاكە و راستگۆین، ‬بەڵام ناتوانم قسە لەسەر نیازی ‬ئەوانی ‬دی ‬بكەم. ‬دەبێ لە ‬ڕووی ‬مەیدانییەوە بیسەلمێنن.‬

سكای نیوز: ‬چ خوێندنەوەیەكت بۆ ‬ڕەوشی ‬كۆبانێ هەیە، ‬ئەوە دەستبەرداربوونە؟

سەرۆك بارزانی: ‬كۆبانێ خۆڕاگرە و قارەمانەتیی ‬نواندووە لە بەرگریكردندا، ‬ڕێز لەو خۆڕاگری ‬و بەرگرییەی ‬خەڵكی ‬كۆبانێ دەنێین. ‬بە داخەوە هەڵكەوتەی ‬جیۆگرافی ‬كۆبانێ، ‬بۆ گەیاندنی ‬هاوكاری ‬و پێداویستی ‬هاوكار نییە، ‬لە ‬ڕۆژهەڵات، ‬ڕۆژئاوا و باشوورەوە گەمارۆ دراوە، ‬تەنیا دەرووی ‬لەگەڵ توركیایە، ‬بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، ‬كۆبانێ خۆڕاگرە و بەرگری ‬نواندووە، ‬ئێمەیش داوامان لە ئەمەریكا و ‬ڕۆژئاوا كرد هاوكاریی ‬سەربازی، ‬پشتیوانیی ‬ئاسمانیی ‬بۆ كۆبانێ دابین بكەن، ‬سوپاسیان دەكەین بە دەنگمانەوە هاتن. ‬لە ‬ڕاستیدا دۆخەكە كارەساتبارە، ‬كاتێك دەبینم كە شارێكی ‬كورد گەمارۆ دراوە و ناتوانم لە ‬ڕووی ‬كردەنییەوە شتێكیان پێشكەش بكەم، ‬خوێن لە دڵم دەتكێ.‬

سكای نیوز: ‬جەنابی ‬سەرۆك، ‬گلەیی ‬ئەوەتان لێ دەكرێ كە ئێوە ناتانەوێ هاوكاربن و ئەو شارە لەو دۆخەی ‬تێیدایە دەرباز بكەن، ‬ئەمەیش گوایە پێوەندی ‬بە سیاسەت بە توركیاوە هەیە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئەمە بە هیچ كلۆجێك ‬ڕاست نییە، ‬من بێدەنگ نەبووم، ‬داوام لە كۆمەڵگەی ‬نێودەوڵەتی ‬كردووە تا هاوكاریی ‬كۆبانێ بكەن، ‬دیارە كە توركیا ‬ڕێی ‬دا كە هاوكاریی ‬مرۆیی ‬بگەیەنینە كۆبانێ، ‬تەمەننام دەكرد ئەو توانا سەربازییی ‬تەواوم دەبوو تا لە ‬ڕێی ‬ئاسمانییەوە و بە پەڕەشووت پشتیوانیم كردبان. ‬بەڵام هیچ ‬ڕێگای ‬دی ‬جگە لە توركیا بۆ كۆبانێ نییە، ‬باوەڕیشم وا نییە هێشتا توركیا ‬ڕێ بدات هێزێكی ‬سەربازی ‬بە خاكی ‬ئەودا ‬ڕەت بێ و بچێتە كۆبانێ. ‬ئەوەی ‬توانیمان بۆ كۆبانێ پێشكەشمان كردوون، ‬ئەوەی ‬كە بۆ هەولێرم كردووە، ‬بە هەمان حەماس و كۆشش بۆ كۆبانێ كردوومە، ‬بەڵام بەداخەوە، ‬جیۆگرافیای ‬كۆبانێ ‬ڕێگرە لەوەی ‬زیاتری ‬پێشكەش بكەین.‬

سكای نیوز: ‬دەگوترێ كە توركیا لە ترسی ‬پەكەكە و پەیەدە ‬ڕێ نادات كۆمەك و چەك بگاتە كۆبانێ، ‬دەشگوترێ كە توركیا ترسی ‬لە بنیاتنانی ‬كیانێكی ‬هاوشێوەی ‬هەرێمی ‬كوردستانی ‬هەیە لە سووریادا؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬نازانم كە چ لە توركیا ‬ڕوو دەدات، ‬بەڵام سنووریان بۆ هاووڵاتیان كردووەتەوە، ‬ئێستا كۆبانێ دانیشتوانەكەی ‬لێ نەماون، ‬بەڵام پێشكەشكردنی ‬هاوكاریی ‬سەربازی ‬بۆ بەرگریكاران، ‬نازانم كە توركیا چەكی ‬دابێ ‬یان نا.‬

سكای نیوز: ‬بەوپێیەی ‬كۆبانێ بۆ تۆ گرینگە، ‬ئایا لەگەڵ سەركردەكاندا لە پێوەندیدا نیت؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬پێوەندیمان هەیە، ‬بەڵام بەپێی ‬زانیارییەكانی ‬من توركیا هێشتا هاوكاریی ‬سەربازی ‬نەكردوون، ‬بەڵام سنووری ‬بۆ ئاوارەكان كردوونەتەوە.‬

سكای نیوز: ‬بەڵام سنووری ‬بەڕووی ‬ئەو گەنجە كوردانەدا داخست كە ویستیان بۆ بەرگریكردن بگەڕێنەوە كۆبانێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بەڵێ ‬ڕاستە، ‬بەڵام توركیا ئەوە دەكات كە دەیەوێ و بڕیاری ‬ئەو وڵاتە لە دەست مندا نییە، ‬ئەگەر بەدەست من بوایە ‬ڕێگام دەدان.‬

سكای نیوز: ‬ئەگەر توركیا داعش دوژمنی ‬بێ و لەسەر سنوورەكەیشی ‬بێ، ‬ئەگەر دوژمن ‬یەك بێ، ‬بۆ توركیا ‬ڕێ لەو گەنجانە دەگرێ بگەڕێنەوە كۆبانێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬من نوێنەرایەتیی ‬حكوومەتی ‬توركیا ناكەم تا وەڵامی ‬ئەو پرسیارە بدەمەوە، ‬دەبێ بەرەوڕووی ‬ئەوان بكرێتەوە.

سكای نیوز: ‬ناتەوێ توركەكان نیگەران كەیت؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬نا، ‬بەڵام لە ‬ڕاستیدا نازانم توركیا بۆ وەها هەڵوێستێكی ‬وەرگرتووە، ‬نایزانم.‬

سكای نیوز: ‬توركیا لە بنیاتنانی ‬هەرێمی ‬كوردستانی ‬سووریا بە گومانە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ئەگەر گومانی ‬لە دروستكردنی ‬هەرێمێكی ‬وەك كوردستانی ‬هەبێ، ‬لە جێی ‬خۆی ‬نییە. ‬بۆ؟ دەبێ توركیا دژی ‬مافەكانی ‬گەلی ‬كورد لە هەر شوێنێك نەوەستێتەوە، ‬ئەمە ئەو هەڵوێستەیە كە لە توركیا چاوەڕوان دەكەین. ‬یەكێك لە هۆكارەكانی ‬باشكردنی ‬پێوەندیمان لەگەڵ توركیا، ‬گۆڕانكاری ‬لە سیاسەتی ‬توركیا بوو دەربارەی ‬پرسی ‬كورد. ‬ددان نان بە دۆزی ‬كورد و گەلی ‬كورد، ‬چارەی ‬سیاسی ‬بۆ پرسی ‬كورد لە توركیا تەبەنی ‬كردووە، ‬ئەمانە هۆكاری ‬پێوەندییەكانیان گەشە پێ دان، ‬نەك بابەتی ‬ئابووری.‬

سكای نیوز: ‬سەرۆك دەكرێ بڵێین ئەمانە گۆڕانكاریی ‬ڕواڵەتین و توركیا سەربەخۆیی ‬پێ هەزم ناكرێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هەڵبەت ئەگەر توركیا بۆ سیاسەتەكانی ‬پێشووی ‬بگەڕێتەوە و بەرەوڕوو داواكانی ‬گەلی ‬كورد ببێتەوە، ‬ئەوا ئەوكات هەڵویستی ‬دیكەمان دەبێ.‬

سكای نیوز: ‬دەربارەی ‬هەڵوێستی (‬ئۆجەلان) ‬لە ئەگەری ‬لەباربردنی ‬پرۆسەی ‬چارەسەری، ‬ئەگەر توركیا دەربارەی ‬كۆبانێ هەڵوێستی ‬نەبێ، ‬چی ‬دەڵێی؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬باوەڕم وایە هەر هەنگاوێك و ‬ڕووداوێك، ‬نابێ كاریگەری ‬بەسەر پرۆسەی ‬چارەسەرییەوە هەبێ و بەربەستی ‬بۆ بنێتەوە. ‬دەبێ بەردەوام بێ. ‬بە باوەڕی ‬من بەردەوامیی ‬پرسی ‬چارەسەریی ‬ئاشتیانە نابێ ئەم پرسە بە هیچ پرسێكی ‬دییەوە ببەسترێتەوە.‬

سكای نیوز: ‬بەڵام ‬ڕەنگە وەها هەستێك هەبێ كە توركیا لە ئاكامدا لە گەلەكەی ‬هەڵدەگەڕێتەوە؟

سەرۆك بارزانی: ‬بەڵام كۆبانێ لە نێو سووریادایە.

سكای نیوز: ‬كێ لە كۆبانێ دەجەنگێ، ‬ئایا پەكەكە نییە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ڕاستە ئەوان ‬ڕۆڵی ‬بەرچاویان هەیە لە بەرگری ‬لە كۆبانێ، ‬بەڵام لایەنی ‬دیكەیش هەن كە بەرگری ‬دەكەن، ‬خەڵكی ‬بێلایەنیش لە نێویاندا هەن، ‬هەر كەسێك چەكی ‬هەبووبێ و ویستبێتی ‬دەجەنگێ.‬

سكای نیوز: ‬بنەماكانی ‬هەرێمی ‬سەربەخۆ لە سووریادا هەیە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هەرێمی ‬سەربەخۆ، ‬قورسە و وابەستەی ‬جیۆگرافیایە، ‬چونكە لە ناوچەی ‬جەزیرە لە قامیشلۆ ناوچەیەكی ‬دیاریكراو و كوردییە، ‬ئینجا نێوانێك هەیە بە نزیكەی ‬150كم بۆ كۆبانێ ئینجا نزیكەی ‬100 ‬كم لەگەڵ عەفرین. ‬ناوچەی ‬پێكەوە بەستراو نین و پچڕان لە نێوانیاندا هەیە.

سكای نیوز: ‬كۆبانێ كە دەكەوێتە نێوەڕاستیان بۆیە گرینگە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بە دڵنیاییەوە. ‬ئەوەی ‬داعش دژ بە كۆبانێ و هەرێمی ‬كورستان دەیكات، ‬نەك هەر تەنیا كۆبانێ، ‬لە ناوچە سنوورییەكانیش هێرشیان كردە سەر پەیەدە و ئەوانی ‬دیكە. ‬ئامانجیان لاوازكردنی ‬دۆزی ‬كوردە.

سكای نیوز: ‬گومانت لەوە هەیە وڵاتێك ئەم سیاسەتە پێڕۆ بكات و وەها ئاراستەیان بكات؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ڕەنگە ئەوان هان درابن. ‬قورسە كە لە حەقیقەتی ‬نیازی ‬داعش تێ بگەین، ‬بەڵام ئەمەیش ‬ڕێی ‬تێ دەچێت. ‬بەڵام بێگومانم لەوەی ‬كە نیازی ‬ڕاستینەی ‬داعش بەئامانجگرتنی ‬دۆزی ‬كوردە، ‬لەهەر چوار پارچەی ‬كوردستان، ‬بەڵام كێ هانیان دەدا و لەو پلانگێڕییە گەورەیە بەشدارە، ‬ئەمە دەبێ لە ‬ڕاستییەكەی ‬بكۆڵینەوە.‬

سكای نیوز: ‬هەستی ‬كەسی ‬بەراورد بە پێشتر كە بە قاتێكەوە، ‬لە شوێنێكی ‬ئارام و ئەمڕۆیش لێرە لە سەربازگەیەكی، ‬پێشبینی ‬وەها دۆخێكت دەكرد جارێكی ‬دی ‬پێشەوایەتیی ‬پێشمەرگە بكەیت؟

سەرۆك بارزانی ‬بە پێكەنینەوە: ‬من بۆ ئەسڵی ‬خۆم گەڕاومەتەوە. ‬من لە ‬ڕووی ‬دەروونییەوە ئامادە بووم بۆ وەها دۆخێك، ‬بەڵام چاوەڕوانی ‬ئەوە نەبووم، ‬ناچار ببم بگەمە وەها دۆخێك.

سكای نیوز: ‬ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ عێراق، ‬چەند بەرەیەكی ‬شەڕ ‬هەن، ‬ناوەڕاست و باشوور، ‬ئێوەیش لێرە لە جەنگدان، ‬حكوومەتی ‬نوێ لە ئارادایە، ‬پێوەندی ‬ئێوە بە ناوەندەوە چۆنە؟

سەرۆك بارزانی: ‬بڕیاری ‬ئێمە ئەوەیە كە هاوكاری (‬عەبادی) ‬بین، ‬بڕیاری ‬دەستەجەمعیمانە تا بەشداری ‬لە حكوومەتدا بكەین، ‬ئەگەرچی ‬هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بكەین، ‬بەڵام سەرباری ‬سەرنجمان و ئەوەی ‬كە هێشتا شتێكی ‬كردەییمان لێی ‬نەبینیوە، ‬بەڵام بڕیارمان ئەوەیە وەك كۆی ‬عێراقییەكان كەڵك لەو دەرفەتە ببینین و ئەوەی ‬لە ‬ڕابردوودا خراپ كراوە چاكی ‬بكەینەوە، ‬بۆ دەستپێكێكی ‬نوێ و خوڵقاندنی ‬قۆناخێكی ‬نوێ لە عێراق. ‬ڕاستگۆیانە هاوكاریی (‬عەبادی) ‬دەكەین. ‬ئێمەیش هەمان هەڵوێست لە ئەو دەخوازین.‬

سكای نیوز: ‬بیرۆكەی ‬ڕاپرسیت ‬ڕەت كردووەتەوە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هەرگیز. ‬ئەمە پرسێكە هەرگیز ‬ڕەت ناكرێتەوە.‬

سكای نیوز: ‬هێشتا كۆنفیدراڵیەتت لە جیاتی ‬فیدراڵیەت دەوێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ڕەنگە گوێت لێ بووبێت كە من چووم بۆ پەرلەمانی ‬هەرێم، ‬پێشنیازم كرد لە سازدانی ‬ڕاپرسی ‬بكۆڵنەوە. ‬گەلی ‬كورد بڕیار لەمە دەدات، ‬وەك گوتم كاری ‬لەپێشینە لە ئێستادا بەرەنگاربوونەوەی ‬داعشە، ‬بەڵام هەرگیز پاشگەزبوونەوە لەم پرسە نییە و بۆ هیچ بابەتێكی ‬دی ‬ئەمە ‬ڕەت ناكرێتەوە.‬

سكای نیوز: ‬ئەگەر هاتوو عەبادییش داواتان لێ بكات ئەم پرسە دوا بخەن؟

سەرۆك بارزانی: ‬بە هیچ شێوەیەك.‬

سكای نیوز: ‬كەمێك شەرمهێن نییە ئێوە لەگەڵ هاوپەیمانەكانتان بن و بەرەو ‬ڕاپرسییش بچن؟

سەرۆك بارزانی: ‬ئەمە مافی ‬گەلی ‬كوردە كەی ‬ئەم بڕیارە دەدات، ‬بەڵام ئەمە پرسێكە كەی ‬و چۆن ئەنجامی ‬دەدەن شتێكی ‬دیكەیە. ‬بەڵام ئەگەر ‬ڕێ لە گەلی ‬كورد بگیرێ بڕیار لە چارەنووسی ‬خۆی ‬بدات، ‬ئەمە بۆ هیچ كەسێك نییە ‬ڕێگری ‬بكات و بەرهەڵستی ‬بكات، ‬چونكە ئەمە مافێكی ‬سرووشتییە.

سكای نیوز: ‬مسعود بارزانی ‬ئەمڕۆ شەڕی ‬سەربەخۆیی ‬دەكات؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬باوەڕم بەم پرسە هەیە و بە مافێكی ‬سرووشتی ‬دەبینم، ‬بەڵام ئەوە من نیم بڕیار لەم پرسە دەدەم، ‬بەڵكە من ئەم بابەتەم بۆ گەلی ‬كورد جێ هێشتووە و ئەوە گەلی ‬كوردە بڕیار لە مافی ‬دەدات.‬

سكای نیوز: ‬بەڵام تۆ هێشتا لە ‬ڕووی ‬كردەنییەوە ‬ڕابەرایەتیی ‬شەڕی ‬سەربەخۆیی ‬دەكەیت؟

سەرۆك بارزانی: ‬ئەمە شەرەفێكی ‬گەورەیە.‬

سكای نیوز: ‬بەرەی ‬كەركووكیش دوانەخراوە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬كەركووكیش ‬ڕاپرسی ‬دەیگرێتەوە، ‬كەركووكییەكان خۆیان بڕیار دەدەن. ‬بەڵام لە هەر دۆخێكدا بێ، ‬كەركووك دەبێ نموونەی ‬پێكەوەژیانی ‬ئایینی ‬و مەزهەبی ‬بێ.‬

سكای نیوز: ‬نەوت، ‬ئەو كێشە ئەزەلییە كەی ‬چارە دەكەن؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬حكوومەتی ‬هەرێم لە ئێستادا لە پێوەندی ‬ڕاستەوخۆ و بەردەوامدایە لەگەڵ حكوومەتی ‬بەغدا بۆ چارەكردنی ‬پرسی ‬نەوت. ‬بە خۆشحاڵییەوە ئێستا وەزارەتی ‬نەوت لە دەست برا و كەسێكە كەلێی ‬ڕادەبینرێ ئەم كێشەیە چارە بكات. ‬ئێمەیش بە جیددی ‬هاوكاری ‬دەبین و، ‬پێم وایە دەشێ چارە بكرێ.‬

سكای نیوز: ‬ئاماژەكانی ‬چارەسەری ‬چین؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هێشتا دەركەوتە نین، ‬بەڵام نیەت و ئامادەیی ‬هەیە. ‬ئامادەیی ‬هەیە بە جیددی ‬بچنە دانوستانێكەوە تا گەییشتن بە چارەكردن. ‬پێشتر بڕیار درابوو كە نەگەینە چارەسەر.‬

سكای نیوز: ‬ئەمە بڕیاری ‬كەسی ‬بوو؟

سەرۆك بارزانی: ‬بەڵێ، ‬بڕیاری ‬كەسی ‬بوو. ‬بڕیاری ‬میزاجی ‬بوو و هەڵقوڵاوی ‬ڕك و كینە بوو، ‬ڕك بەرانبەر بە گەلی ‬كورد.‬

سكای نیوز: ‬ڕێی ‬تێ دەچێ لۆژیكی ‬كەسێك ئەوا بێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬كارەساتەكە ئەمەیە. ‬لۆژیكی ‬كەسێك و دووان و سێیان، ‬جێی ‬دەستوور و ‬یاساكان و ئەنجوومەنی ‬وەزیران و پەرلەمان و هەموو دەستگاكانی ‬دەوڵەت ‬بگرێتەوە، ‬هەر بۆیە عێراق بەم ‬ڕۆژە گەییشت.‬

سكای نیوز: ‬دەگوترێ لە بەغدا تەنیا ‬ڕووخسارەكان گۆڕاون، ‬وڵاتانی ‬هەرێمی ‬ڕۆڵی ‬سەرەكی ‬لە عێراقدا دەبینن، ‬ئێران و توركیا و هێزی ‬دی ‬هەن، ‬كە ‬ڕووخسارەكان دەگۆڕن، ‬بەڵام سیاسەت هەمان سیاسەتە، ‬بۆیەیشە پرسەكان لە شوێنی ‬خۆیانن و پرسەكە گۆڕینی ‬ڕووخسارێك بە هیی ‬مالیكی ‬نییە؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بە دڵنیاییەوە وڵاتانی ‬هەرێم كاریگەرییان هەیە، ‬بەڵام وەها پێویست دەكا سەركردەكانی ‬عێراق خۆیان بڕیار بدەن و ‬ڕێ نەدەن ئێران و ‬غەیری ‬ئێرانیش بڕیاری ‬ستراتیژی ‬و گرینگ وەربگرن، ‬ئەمەیش دەكەوێتە سەر كەسایەتیی ‬بەرپرسە عێراقییەكان، ‬پێم وایە ئێستا كەسایەتیی ‬نیشتیمانی ‬لەخۆ دەگرێ كە بڕوای ‬بە دۆزی ‬نیشتیمانی ‬هەیە، ‬بڕوایان بە دیموكراسیەت و چارەی ‬قووڵی ‬كێشەكان هەیە. ‬بۆیە دەبێ كات و دەرفەت بدەین بەو حكوومەتە. ‬من لەگەڵ ئەوەدام باشترین پێوەندیمان لەگەڵ كۆی ‬دراوسێكاندا هەبێ، ‬نامانەوێ بكەوینە ململانێ و دووبەرەكی ‬لەگەڵیاندا، ‬بەڵام ‬ڕەتی ‬دەكەمەوە و داوایش لە كۆی ‬سەركردە عێراقییەكان دەكەم هەر دەستتێوەردانێك بكرێت لەو پرسانەی ‬كە عێراقییەكان دەبێ بڕیار لە چارەنووسی ‬خۆیان بدەن.‬

سكای نیوز: ‬ئێوە وەك هەرێم بۆ كۆتاییهێنان بە داعش و بنەبڕكردنی ‬چەندتان پێ دەچێ؟ ‬

سەرۆك بارزانی:‬ ‬قورسە كات دیاری ‬بكەین.

سكای نیوز: ‬كەواتە بۆ ساڵان درێژە دەكێشی؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬نا. ‬پشتیوان بە خوا ساڵان ناخایەنێ، ‬بەڵام ئاسانیش نییە، ‬لە ‬ڕاستیدا ناتوانم كات دیاری ‬بكەم، ‬ئەمە قورسە.‬

سكای نیوز: ‬لە ‬ڕووی ‬چەكەوە ئێوە لە بارێكی ‬ئاسوودەییدان؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬لە پێشتر باشترین، ‬بەڵام لە ئاستی ‬پێویستدا نییە.‬

سكای نیوز: ‬ئێوە چیتان دەوێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬چەكی ‬پێشكەوتوو و قورسمان دەوێ.‬

سكای نیوز: ‬هێشتا نەیانداونەتێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬نا هێشتا نەیانداوینەتێ. ‬هێشتا ئەو چەكەمان پێ نەگەییشتووە كە پێویستمان پێیەتی. ‬ئەو چەكەمان نەگەییشتووەتێ كە جەنگەكە بە خێرایی ‬یەكلا دەكاتەوە.‬

سكای نیوز: ‬ئەمە پەیمانن ‬یان سڵەمینەوە هەیە لەوەی ‬ئەو چەكە قورسانەتان پێ بگەن؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬پەیمان هەن، ‬بەڵام پەیمانی ‬بێ كردار كەڵكی ‬نییە. ‬ئێمە كردارمان دەوێ.‬

سكای نیوز: ‬جەنابی ‬سەرۆك، ‬تۆ پێت وایە ئەم چەكانەتان پێ بگات ‬یان نا؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬پێم وایە چەكی ‬زۆر پێشكەوتووترمان پێ بگات لەوەی ‬پێمان گەییشتووە، ‬بەڵام لەسەر ئەو باوەڕە نیم، ‬ئەو چەكەمان پێ بگات كە ئێمە پێویستمان پێیەتی.‬

سكای نیوز: ‬ئایا ئامانجی ‬هاوپەیمانانی ‬نێودەوڵەتی، ‬بنەبڕكردنی ‬داعشە لە عێراق، ‬یاخوود لاوازكردنی؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬بڕوام وایە كە بنەبڕكردنیەتی.

سكای نیوز: ‬پێت وایە ناوچەكە هەمووی ‬لەبەریەك هەڵوەشێتەوە؟ ‬

سەرۆك بارزانی:‬ ‬ڕەنگە وابێ. ‬ڕەنگە ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریی ‬گەورەدا بێ.

سكای نیوز: ‬چۆنی ‬دەبینی، ‬مسعود بارزانی ‬چۆن لە ‬ڕەسمی ‬نەخشەی ‬ناوچەكە دەڕوانێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬پیرۆزی ‬بۆ سنوور لە ئارادا نەماوە، ‬ئەو سنوورەی ‬كە پاش سایكس پیكۆ دیاری ‬كراوە. ‬ڕەنگە سنوور جارێكی ‬دی ‬دیاری ‬بكرێتەوە. ‬وەك نموونە، ‬ئێستا سنووری ‬نێوان عێراق و سووریا وەك سنوور نەماوە، ‬داعش بە ویستی ‬خۆی ‬پێیدا دێت و دەچێت، ‬بێ ئەوەی ‬ڕێگری ‬لێ بكرێ.‬

سكای نیوز: ‬كاتێك باس لە لەبەریەك هەڵوەشانەوەی ‬ناوچەكە دەكەین، ‬دەشێ هەرێمـی ‬كوردستان بۆ سووریا و توركیا پەل بكێشێ و سنوور فراوانتر ببێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬هەر بەشێكی ‬كوردستان، ‬پێویستە چارەیەكی ‬گونجاو بە دۆخەكەی ‬بۆ بدۆزرێتەوە. ‬من قسە لەبارەی ‬هەرێمی ‬كوردستانەوە دەكەم، ‬نامانەوێ پەل بۆ ناوچەی ‬دی ‬بكێشین، ‬بەڵام لە داهاتووی ‬دوورمەودادا ئەمە دۆزی ‬نەتەوەیەكە و هیی ‬ئەمڕۆ نییە. ‬بەڵام ئێمە لە ئێستادا چاومان لەسەر هەرێمی ‬كوردستان. ‬ئامادەیشین پشتیوانی ‬و هاوكاریی ‬بەشەكانی ‬دی ‬بكەین، ‬تا بە لێكتێگەییشتن بگەن بە مافەكانیان.‬

سكای نیوز: ‬پێوەست بە باقیی ‬نەخشەكە، ‬هیلالی ‬شیعی، ‬سوننە لە نێوەڕاست، ‬چۆن لە هەریەك لە سووریا، ‬لوبنان دەڕوانی، ‬ئایا پێت وایە پەل بۆ وڵاتانی ‬دی ‬بكێشێ؟

سەرۆك بارزانی:‬ ‬لە ‬ڕاستیدا زۆر لەم وڵاتانە لە ‬ڕووی ‬كردەییەوە دابەش بوون. ‬ڕاكردن لە كێشە و داننەنان بە كێشەكان بە واتای ‬نەبوونی ‬كێشە نییە، ‬ئێستا عێراق دابەشبوونی ‬كردەیی ‬بەخۆوە بینیوە، ‬لە سووریا و لوبنان بە هەمان شێوە، ‬لە ‬یەمەنیش هەمان دابەشبوون هەیە. ‬كۆی ‬ناوچەكە لەبەردەم بوركانێكدایە، ‬ئەو بوركانە دەتەقێتەوە ‬یاخوود كپ دەبێتەوە، ‬بەڵام بێگومان ئەو دۆخەی ‬لە ئارادایە، ‬بە واتایەكی ‬دی ‬ئەو دۆخەی ‬پاش سایكس پیكۆ وەك خۆی ‬نامێنێتەوە.‬






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1796