سەرۆك بارزانی‮ ‬بۆ ‬سكای‮ ‬نیوز ‬العربیە


KRP.org | |


16/03/2016
سەرۆك بارزانی‮ ‬لە بەرنامەی‮ ‬''بصراحە''ی‮ ‬كەناڵی‮ ‬سكای‮ ‬نیوزدا كە سەعات‮ ‬11ی‮ ‬شەوی‮ ‬16-3-2016 پەخش كرا،‮ ‬ڕایگەیاند‮: ‬باشە بۆ دەبێ پێ لەسەر تەجرووبەیەكی‮ ‬شكستبردوودا بگرین؟ ئایا‮ ‬ڕەوایە جارێكی‮ ‬دیكە بۆ شەڕ‮ ‬بگەڕێینەوە،‮ ‬یاخوود وەك برا پێكەوە بژیێن و گەلەكەمان بە ئاسوودەیی‮ ‬بژیێ و بەرەو ئاوەدانی‮ ‬و خۆشگوزەرانی‮ ‬هەنگاو بنێ،‮ ‬هەروەها سەقامگیری‮ ‬بۆ ناوچەكەیش بێنینە ئاراوە؟‮. ‬دەربارەی‮ ‬دۆخی‮ ‬كورد لە‮ ‬ڕۆژئاوای‮ ‬كوردستانش رایگەیاند‮: ‬باوەڕم وایە كە بە هۆی‮ ‬دووبەرەكی‮ ‬و لێكترازانیانەوە كوردی‮ ‬سووریا زیانبار بوون‮. ‬من هەر لە سەرەتای‮ ‬قەیرانی‮ ‬سووریاوە،‮ ‬وەك دۆست و برایەك بۆیان نەك بە واتای‮ ‬دەستوەردان لە كاروباریان،‮ ‬چونكە ئەو‮ ‬ڕێیە بە خۆم نادەم،‮ ‬لەگەڵ كۆی‮ ‬لایەنە سیاسییەكانی‮ ‬ڕۆژئاوای‮ ‬كوردستاندا كۆبوومەوە و پێمڕاگەیاندن كە‮ ‬یەكگرتوو بن،‮ ‬دواتر بڕیار بدەن لەگەڵ‮ ‬ڕژێم دەمێننەوە‮ ‬یان دژی‮ ‬دەوەستنەوە؛ كەچی‮ ‬لە راستیدا بە هۆی‮ ‬كێشەی‮ ‬قووڵیانەوە،‮ ‬هیچ‮ ‬ڕێككەوتنێكیان نە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا هەیە،‮ ‬نە لەگەڵ‮ ‬ڕژێمدا تا بزانن بە چ پاشەڕۆژێك دەگەن‮. ‬ئێستا نە‮ ‬ڕژێم و نە ئۆپۆزسیۆنیش دان بە هەبونی‮ ‬كێشەیەك بە ناوی‮ ‬كێشەی‮ ‬كورد لە سووریادا نانێن،‮ ‬هەربۆیە من نازانم كە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێن و بە كوێ دەگەن‮. ‬ ئەمەش دەقی‮ ‬دیمانەكەیە‮:‬

‮*‬زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە جەنابی‮ ‬سەرۆك،‮ ‬هەر جارە و دێینە هەرێمی‮ ‬كوردستان زۆر بەوە خۆشحاڵ دەبین كە دوو رووی‮ ‬جیاواز دەبینین،‮ ‬یەكێكیان بەرگریكردنە لە خاكی‮ ‬عێراق و كوردستان لە دژی‮ ‬داعش ئەمە جگە لە پرۆسەی‮ ‬ئاوەدانی‮ ‬كە بە هەر شێوەیەك بێت بەردەوامە‮. ‬با لە پرسیارێكی‮ ‬گشتی‮ ‬ئیقلیمیەوە دەستپێبكەین بەو پێیەی‮ ‬زۆربەی‮ ‬حیساباتی‮ ‬ئێوە بەم چوارچێوەیەوە پەیوەستە‮. ‬ئایا سەرۆك بارزانی‮ ‬وای‮ ‬دەبینێت كە بڕیارێكی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و جیهانی‮ ‬هەیە لەبارەی‮ ‬كۆتاییهێنان بە سایكس بیكۆ و دووبارە داڕشتنەوەی‮ ‬سنووری‮ ‬تازە لە ناوچەكە لەبارەی‮ ‬ئێوە و عێراق و سوریا و شوێنەكانی‮ ‬دیكەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬زۆرجار واقیع خۆی‮ ‬بڕیار بەسەر وڵاتان و كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و وڵاتاندا دەسەپێنێت،‮ ‬لەسەر ئەرزی‮ ‬واقیع سایكس بیكۆ بوونی‮ ‬نەماوە و سنوور گۆڕدراوە،‮ ‬داعش سنوورەكانی‮ ‬لەنێوان سوریا و عێراق گۆڕی‮ ‬هەمان شتیش لە وڵاتانی‮ ‬دیكە هەن و رەنگیان داوەتەوە بۆیە پێویستە جارێكی‮ ‬دیكە سنوورەكان دابڕێژرێنەوە بەشێوەیەك كە لەگەڵ واقیع بگونجێت و سوود لە هەڵەكانی‮ ‬پێشوو وەربگیرێت لەكاتی‮ ‬داڕشتنی‮ ‬سایكس بیكۆ‮.‬

‮*‬كەواتە ئەمە ویستێكی‮ ‬كوردە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بێگومان‮. ‬

‮*‬بەڵام ئایا بە رێككەوتن‮ ‬یاخود شەڕ‮ ‬و پێكدادان دێتەدی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬هەمیشە لە دژی‮ ‬ئەوەم ئەم پرسە بە توندوتیژی‮ ‬بێتەدی‮ ‬و مومكین نیە ئێمە پەنا ببەینە بەر توندوتیژی‮ ‬بەڵكو بە دیالۆگ دەگەینە ئەنجام‮. ‬

‮*‬سەربەخۆیی‮ ‬خەون و ئاواتێكی‮ (‬دوور‮ / ‬نزیكە‮) ‬بۆ هەر كوردێك بەڵام بارزانی‮ ‬هەمیشە نزیكی‮ ‬دەكاتەوە،‮ ‬لە دوایین دیداری‮ ‬من لەگەڵ ئێوە باسی‮ ‬كۆنفیدراڵیزمتان كرد لەگەڵ بەغدا و گوتتان ئەم سیستەمە فیدراڵیە رێزی‮ ‬لێ نەگیرا و پێویستە كۆنفیدراڵیزم شوێنی‮ ‬بگرێتەوە،‮ ‬ئەم پرسە چی‮ ‬بەسەر هات؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬با بە شێوەیەكی‮ ‬راشكاوانە قسە لەم پرسەوە بكەم،‮ ‬بە گەڕانەوە بۆ رابردوو و بە تایبەتی‮ ‬دامەزراندنی‮ ‬دەوڵەتی‮ ‬عێراق لە ساڵی‮ ‬1920 و دوای‮ ‬كۆتاییهاتنی‮ ‬جەنگی‮ ‬دووەمی‮ ‬جیهان‮. ‬ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەمای‮ ‬هاوبەشی‮ ‬لەنێوان هەردوو گەلی‮ ‬كورد و عەرەب دامەزرا‮. ‬ئەم قۆناغە لە ساڵی‮ ‬1922 ‮ ‬دەستی‮ ‬پێكرد و لە2003 ‮ ‬كۆتایی‮ ‬پێهات،‮ ‬و بەشی‮ ‬ئێمە لەم قۆناغەدا كارەسات و كوشتنی‮ ‬بە كۆمەڵ و تێكدانی4500 ‮ ‬گوند و شوێنبزربوونی‮ ‬ 182 هەزار كەس لە گەرمیان لە هەڵمەتەكانی‮ ‬ئەنفال ئەمە جگە لە‮ ‬12 ‮ ‬هەزار گەنجی‮ ‬فەیلی‮ ‬لە تەمەنی‮ ‬نێوان‮ ‬ 18 - 30 ساڵ كە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نیە،‮ ‬و‮ ‬8 هەزار بارزانی‮ ‬و بەردەوامی‮ ‬بۆردومانی‮ ‬سنووری‮ ‬كوردستان بە چەكی‮ ‬كیمیایی‮ ‬بە تایبەتی‮ ‬لە هەڵەبجە كە بووە هۆی‮ ‬شەهیدبوونی5000 ‮ ‬هاووڵاتی‮ ‬بێ تاوان‮. ‬بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چووینە بەغدا و تەوقەمان لەگەڵ ئەو دەستانەدا كرد كە گەلی‮ ‬ئێمەیان كوشتبوو بۆ ئەوەی‮ ‬بەیەكەوە بە برایانە و پێكەوژیانێكی‮ ‬ئاشتیانەدا بژین‮.‬

‮*‬بژاردەیەكی‮ ‬دیكەتان هەبوو ئەوكات؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵی،‮ ‬دەمانتوانی‮ ‬نەڕۆین‮. ‬

‮*‬مەبەستت بەردەوامی‮ ‬شەڕە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ بێگومان،‮ ‬یان شەڕ‮ ‬یانیش مانەوەی‮ ‬هەر كەسێك لە شوێنی‮ ‬خۆی‮. ‬دوای‮ ‬2003 ش قۆناغێكی‮ ‬دیكە دەستیپێكرد،‮ ‬ئێمە چووینە بەغدا و لەوێ رۆڵمان لە داڕشتنی‮ ‬دەستووردا بینی‮ ‬و پێمان وابوو ئەمە دەرفەتێكی‮ ‬گرنگ و تازەیە بۆ بونیادنانەوەی‮ ‬عێراقێكی‮ ‬فیدراڵی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬یەكگرتوو بە داڕشتنی‮ ‬دەستوورێك كە ماف و ئەركی‮ ‬هەموو لایەنێك دیاری‮ ‬بكات‮. ‬بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامدا بینیمان ئەوانەی‮ ‬دوای‮ ‬2003 ‮ ‬حوكمی‮ ‬عێراقیان كرد بە شێوەیەكی‮ ‬دوژمنانە مامەڵەیان لەگەڵ كوردستاندا كرد و نانی‮ ‬هاوڵاتیانی‮ ‬كوردستانیان بڕی‮. ‬كەواتە با من لە كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و لەهەر كەسێكی‮ ‬پەیوەندیدار بپرسم دەبێ لەوە زیاتر چی‮ ‬بكەین؟

من گەیشتمە ئەو قەناعەتەی‮ ‬ئەگەر ئێستا شتێك نەكەین،‮ ‬دوای‮ ‬چەند ساڵێكی‮ ‬دیكە دیسان شەڕ‮ ‬دەستپێدەكاتەوە و بە شێوەیەكی‮ ‬توندتر لە جاران و من بەهیچ شێوەیەك ئەو بژاردەیەم ناوێ و ناشخوازم بێتە دی‮. ‬جا بۆ ئەوەی‮ ‬جارێكی‮ ‬دیكە شەڕ‮ ‬دەستپێنەكاتەوە و توندوتیژی‮ ‬كۆتایی‮ ‬بێت و ناوچەكە لە ئارامی‮ ‬و سەقامگیریدا بژیت بەتایبەتی‮ ‬لە عێراق بە پێویستی‮ ‬دەزانم گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی‮ ‬عێراق و هەرێمی‮ ‬كوردستان بۆ دۆزینەوەی‮ ‬شێوازێكی‮ ‬نوێی‮ ‬پەیوەندی‮ ‬دەست پێبكاتەوە،‮ ‬جا بۆ ئەو پەیوەندیانە سەربەخۆیی‮ ‬نەبێت؟ بۆ نا؟ لەوانەیە ببینە دراوسێی‮ ‬باشی‮ ‬یەكتر و لەگەڵ‮ ‬یەكتر هەماهەنگی‮ ‬بكەین‮. ‬

‮*‬ئایا داوا لە كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬دەكەی‮ ‬دان بە دەوڵەتی‮ ‬كوردیدا بنێت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەمە ویست و خواستی‮ ‬هەر كوردێكە نەك تەنها خۆم،‮ ‬ئێمە پێشبینی‮ ‬ئەوە دەكەین ئەو داوایە ئاراستەی‮ ‬كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬بكەین بەڵكو داواشیان لێدەكەین لەمبارەیەوە پاڵپشتیمان بكەن و دان بە سەربەخۆیی‮ ‬كوردستاندا بنێن‮. ‬

‮*‬كەواتە دەوڵەت رادەگەیەنن؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەوەیان لەسەر قسەی‮ ‬گەلی‮ ‬كورد دەوەستێت لەو ریفراندۆمە چاوەڕوانكراوەی‮ ‬كە بۆ دیاریكردنی‮ ‬چارەنووسی‮ ‬ئەو میللەتەوە ئەنجام دەدرێت،‮ ‬ئەگەر وەڵامی‮ ‬گەلی‮ ‬كورد‮ (‬بەڵێ‮) ‬بوو بێگومان دەبێ رێز لە ویست و خواستی‮ ‬بگیرێت‮. ‬

‮*‬زۆر كەس داوا و سوربوونتان لەسەر پرسی‮ ‬ریفراندۆم بە هۆكاری‮ ‬سیاسی‮ ‬لە قەڵەم دەدات،‮ ‬بەشێكی‮ ‬دیكەش وای‮ ‬بۆ دەچن خواستی‮ ‬ئێوە بۆ ریفراندۆم تەنها بۆ دواخستنی‮ ‬راگەیاندنی‮ ‬دەوڵەتی‮ ‬كوردیە،‮ ‬بە‮ ‬ڕاشكاوی‮ ‬وەڵامم بدەنەوە،‮ ‬ئایا ئەم بۆچوونانە راستن؟ هۆكاری‮ ‬ئەم دواخستنەش چین ئایا نێوخۆیین ئیقلیمین‮ ‬یانیش دەرەكین؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬وای‮ ‬بۆ دەچم هەر دواخستنێك ئەنجامی‮ ‬خراپی‮ ‬دەبێت،‮ ‬وەك گوتم هیچ شتێك نەما بۆ پاراستنی‮ ‬یەكبوونی‮ ‬عێراق نەیكەین،‮ ‬دووبارەش بەبیر هەمووانی‮ ‬دێنمەوە،‮ ‬لە دێباجەی‮ ‬دەستووردا هاتووە‮: ‬یەكبوونی‮ ‬عێراق بەندە بە جێبەجێكردنی‮ ‬ئەم دەستوورە بەڵام حكومەتی‮ ‬عێراق پابەندی‮ ‬ئەو دەستوورە نەبوو‮. ‬دواتر لەبەرچی‮ ‬لەسەر شێوازێكی‮ ‬شكستخواردوو سور بین،‮ ‬ئایا مەعقوولە جارێكی‮ ‬دیكە بۆ شەڕ‮ ‬بگەڕێینەوە؟ بۆیە پێویستە لەگەڵ‮ ‬یەكتر بە سەقامگیری‮ ‬وەكو برا وەكو دوو هاوسێی‮ ‬نزیك بژین و هەماهەنگیكاری‮ ‬یەكتر بین و گەلی‮ ‬ئێمە كار بۆ بونیادنان و سەقامگیری‮ ‬و پێشكەوتن بكات‮. ‬

‮*‬بەڵام دیارە قەناعەتتان بە تەواوی‮ ‬بەوە هەیە كە ئەزموونی‮ ‬یەكبوونی‮ ‬عێراق ئەزموونێكی‮ ‬شكستخواردووە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ بێگومان وایە‮. ‬لە قۆناغی‮ ‬یەكەمی‮ ‬پەیوەندیەكانمان لەگەڵ عێراق ئەزموونێكی‮ ‬وێرانمان بینی‮ ‬دوای‮ ‬2003 ش هەمان شكست هاتنەدی‮. ‬بۆیە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی‮ ‬كە ئێمە نابێ پاشكۆیی‮ ‬بۆ بەغدا قبووڵ بكەین و پێویستە رێز لە تایبەتمەندی‮ ‬كوردستان بگیرێت و ئێمە ئەوە نابینین‮. ‬بەغدا رێز لە تایبەتمەندی‮ ‬كوردستان ناگرێت و ئێمەش قبووڵی‮ ‬ئەوە ناكەین ببینە پاشكۆی‮ ‬ئەوان‮. ‬ئەوان هاوبەشیان لە وڵاتدا پێ قبووڵ نیە ئێمەش قبووڵی‮ ‬پاشكۆیی‮ ‬ناكەین‮. ‬بۆیە پێویستە‮ ‬یەك لە دوو بژاردە بۆخۆمان هەڵبژێرین،‮ ‬یان ئەوەتا لە شەڕ‮ ‬بەردەوام بین‮ ‬یانیش شێوازێكی‮ ‬نوێ ببینینەوە بۆ پێكەوەژیان‮. ‬

‮*‬چ شێوازێك؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئێستا بەو دەم و دەستە ناتوانم باس لەسەر وردەكاری‮ ‬ئەم شێوازە بكەین بەڵام كە چووینە نێو دیاڵۆگی‮ ‬جدی‮ ‬لەگەڵ برایانمان لە بەغدا ئەوكات دەتوانین باس لەو مەسەلەیە بكەین‮. ‬

‮*‬بە راشكاوی‮ ‬باسی‮ ‬راگەیاندنی‮ ‬دەوڵەتتان كرد و داوای‮ ‬پاڵپشتیشتان لە كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬كرد،‮ ‬كێ پاڵپشتیكاری‮ ‬ئەم پرۆسەیەیە و كێ لە دژی‮ ‬دەوەستێ؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بمبورە ناتوانم بەڕاشكاوی‮ ‬ناوی‮ ‬ئەم وڵاتانە بهێنم،‮ ‬بەڵام بەڵێ هەندێك دەوڵەت هەن بە راشكاوی‮ ‬لەو خواستەی‮ ‬كورد تێدەگەن و ئەگەر بە شێوەیەكی‮ ‬ئاشكراش نەبێت ئەوا لەمیانەی‮ ‬قسەكانیان لەگەڵ ئێمە پاڵپشتیمان لێدەكەن،‮ ‬هەندێك دەوڵەتیش لەسەر كاتەكەی‮ ‬بۆچوونیان هەیە و هەندێك دەوڵەتیش بەڵێ لە دژی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬كوردستانن‮. ‬

‮*‬مەبەستتان لە كات چیە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بارودۆخی‮ ‬ئێستای‮ ‬ناوچەكە كە لە ئاشوب و گرفت و تەنگ و چەڵەمەدایە،‮ ‬لەوانەیە ئەم پرسەش بە بۆچوونی‮ ‬ئەوان بارودۆخی‮ ‬ناوچەكە ئاڵۆزتر بكات،‮ ‬ئەوەیە مەبەستیان‮. ‬

‮*‬وەزیری‮ ‬دەرەوەی‮ ‬ئەڵمانیا بە راشكاوی‮ ‬گوتی‮ ‬نابێ دەستكاری‮ ‬سنووری‮ ‬سایكس بیكۆ بكرێت،‮ ‬ئەمەش هێمایەكە بۆ سەربەخۆیی‮ ‬كوردستان چونكە ئەم پرسە گرفتەكانی‮ ‬ناوچەكە زیاتر دەكات،‮ ‬ئەمە بوو مەبەستی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬هەندێك لە وڵاتانی‮ ‬ئەورووپا لە دژی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬كوردستاندا نین و لە دژی‮ ‬خودی‮ ‬پرەنسیپەكەدا نین،‮ ‬بەڵام لەوانەیە لەبارەی‮ ‬كاتی‮ ‬راگەیاندنی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬جیاواز بین ئەوان ئێستایان پێ باش نییە‮. ‬

‮*‬ئەی‮ ‬ئەمەریكا؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬هەمووان دەڵێن ئێمە لەگەڵ‮ ‬یەكبوونی‮ ‬عێراقین و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە كارمان كرد بەڵام ئێمە لەدابەشبوون و لێكترازانی‮ ‬عێراق بەرپرس نین،‮ ‬عێراق لە خۆیدا لێكترازاوە و دابەش كراوە‮. ‬دوا بڕیاریش بە دەستی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردەوەیە‮. ‬

‮*‬ئایا هەموو گەلی‮ ‬كورد لەسەر راگەیاندنی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬رێككەوتوون؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەگەر‮ (‬بەڵێ بۆ سەربەخۆیی‮) ‬بە شێوەیەكی‮ ‬ڕەها نەبێت،‮ ‬لەوە بێگومانم كە زۆرینەی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدان و ئەوەیشی‮ ‬كە لەگەڵ ئەو ویستەدا نەبێت پێموانیە جورئەتی‮ ‬ئەوە بكات بە راشكاوی‮ ‬باسی‮ ‬ئەم هەڵوێستەی‮ ‬بكات‮. ‬

‮*‬هەموو هێزە سیاسییەكان لەگەڵ سەربەخۆییدان لەكوردستان؟ هەمووان لەگەڵ ئەوەدان مسعود بارزانی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬رابگەیەنێت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەم پرسە زۆر گرنگە،‮ ‬ئامادەم پاڵپشتی‮ ‬هەر كەسێك بكەم كە سەربەخۆیی‮ ‬رابگەیەنێت گرنگ ئەوەیە ئەم ویستە بێتەدی‮ ‬و پێموانیە هیچ حزب و هێزێكی‮ ‬سیاسی‮ ‬جورئەتی‮ ‬ئەوە بكات لە دژی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬كوردستان بوەستێت‮. ‬

‮*‬تۆ ئەو خەباتگێڕەی‮ ‬كە بە چەك و سیاسەت شەڕت كرد و خەباتت كرد،‮ ‬چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەیت كە پێیان وایە تۆ باسی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬دەكەیت تەنها بۆ مانەوەتە لەسەر كورسی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬من رێز لە بۆچوون و قسە و بیركردنەوەی‮ ‬هەموو هاووڵاتیەك دەگرم لە كوردستان بەوەی‮ ‬چی‮ ‬دەڵێ و چی‮ ‬دەخوازێ،‮ ‬بەڵام ئەم شتە لە واقیعەوە دوورە بە تەواوی‮. ‬من هەر ساتێك ئامادەم حزبە سیاسییەكان هەر كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی‮ ‬بێتە شوێنی‮ ‬من و كورسی‮ ‬تەسلیم بكەمەوە‮. ‬ئەم شتە بۆ من لە بنەڕەتدا بابەت نییە بەڵكو لای‮ ‬من بابەتی‮ ‬گرنگ مافی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردە‮. ‬

‮*‬گرفتی‮ ‬هەڵبژاردن جەنابی‮ ‬سەرۆك،‮ ‬من نامەوێ زۆر بچمە وردەكاریەكانیەوە،‮ ‬پێت وا نییە پرسی‮ ‬درێژكردنەوەی‮ ‬ماوەی‮ ‬سەرۆكایەتی‮ ‬تۆی‮ ‬راكێشایە چەند وردەكارییەك كە نەتدوەیست تووشی‮ ‬ببیت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬یان دەبێ هەڵبژاردن بكرێت،‮ ‬یانیش بارودۆخ وەكو خۆی‮ ‬بمێنێتەوە بە‮ ‬ڕەچاوكردنی‮ ‬بارودۆخی‮ ‬سیاسی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بەو پێیەی‮ ‬ئێمە لەشەڕداین لە دژی‮ ‬تیرۆریستانی‮ ‬داعش،‮ ‬یانیش حزبە سیاسییەكان لانی‮ ‬كەم ئەو حزبانەی‮ ‬خاوەنی‮ ‬مۆڵەتی‮ ‬رەسمین لە حكومەت و لە پەرلەمان و لە حكومەتدا بەشدارن،‮ ‬لەسەر بەڕێزێك رێكبكەون بۆ ئەوەی‮ ‬پۆستەكەی‮ ‬پێبدرێت بۆ وەرگرتنی‮ ‬ئەم پۆستە و منیش پاڵپشتی‮ ‬لێدەكەم تەنانەت ئەگەر لە دژی‮ ‬منیش بووبێت،‮ ‬ئەوە هیچ گرفتێكی‮ ‬بۆ من تیادا نییە‮. ‬

‮*‬ئایا متمانەت بە بەرهەڵستكارانی‮ ‬خۆت هەیە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەگەر گەلی‮ ‬كوردستان دەنگی‮ ‬پێدان وهەڵیبژاردن بۆ نا‮. ‬

‮*‬لە دەنگدانی‮ ‬گشتی‮ ‬نەوەك پەرلەمان؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ دەنگدانی‮ ‬گشتی‮ ‬من لە دژی‮ ‬هەڵبژاردنی‮ ‬سەرۆكم لە پەرلەمان،‮ ‬چونكە زۆر باش لە نیەتی‮ ‬دوای‮ ‬ئەم كارە تێدەگەم لەبارەی‮ ‬ئەم بابەتەوە‮. ‬

‮*‬جەنابی‮ ‬سەرۆك شەڕی‮ ‬مووسڵ شەڕێكی‮ ‬سیاسییە‮ ‬یان سەربازی؟ دواخستن و بڕیاردانیش لەبارەیەوە سیاسییە‮ ‬یان سەربازی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬پێموایە بە پلە‮ ‬یەك شەڕێكی‮ ‬سیاسییە ئینجا سەربازی،‮ ‬مووسڵ لە شارەكانی‮ ‬دیكەی‮ ‬عێراق جیاوازترە،‮ ‬نەتەوە و ئایین و مەزهەبی‮ ‬جیاجیا لەم شارەدا دەژین بۆیە دەبێ لەبارەی‮ ‬ئایندەی‮ ‬مووسڵەوە قسە و باس و گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی‮ ‬مووسڵەوە بكرێت‮. ‬لە‮ ‬ڕووی‮ ‬سەربازیەوە ئازادكردنی‮ ‬مووسڵ ئاسانە بەڵام قۆناغی‮ ‬دوای‮ ‬مووسڵ زۆر زەحمەتە و پێویستە بە وردیەوە چاودێری‮ ‬بكرێت‮. ‬

‮*‬ئێوە گوتتان ئازادكردنی‮ ‬مووسڵ پرسێكی‮ ‬سیاسییە بە پلە‮ ‬یەك،‮ ‬دیدی‮ ‬مسعود بارزانی‮ ‬بۆ شەڕی‮ ‬مووسڵ چییە؟ واتا پشكەكانی‮ ‬شەڕ‮ ‬و دوای‮ ‬شەڕ‮ ‬چۆن بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەكرێت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئازادكردنی‮ ‬مووسڵ تەنها شارەكە ناگرێتەوە بەڵكو ناو شار و دەوروبەریشی‮ ‬دەگرێتەوە،‮ ‬پێموایە پێویستە بە شێوەیەكی‮ ‬سەرەكی‮ ‬و بەتایبەتی‮ ‬لە نێو مووسڵدا،‮ ‬خەڵكی‮ ‬شارەكە بەشداری‮ ‬لە ئازادكردنی‮ ‬بكەن و من مەبەستم لەو خەڵكانە نییە كە ئێستا تیایدا ماون،‮ ‬بەڵكو ئەوانەی‮ ‬لە دەستی‮ ‬داعش رایانكرد و لە هەندێك شوێن خۆیان جێگیركرد بەتایبەتی‮ ‬ئەوانەی‮ ‬هاتنە هەرێمی‮ ‬كوردستان و بەشێكیشیان لە ریزی‮ ‬هێزە چەكدارەكاندان‮. ‬

‮*‬دوو هێزی‮ ‬دیاری‮ ‬شەڕكەر لە عێراقدا هەن كە حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬وحەشدی‮ ‬نیشتیمانین ئەمە جگە لە هێزەكانی‮ ‬سوپای‮ ‬عێراق كە رەنگە زۆر بە كەمی‮ ‬باسیان لێوە بكرێت،‮ ‬لەگەڵ هەبوونی‮ ‬سوپای‮ ‬هاوپەیمانانیش،‮ ‬كامیان بە بۆچوونی‮ ‬ئێوە پێویستە لە ریزبەندی‮ ‬یەكەمی‮ ‬ئازادكردنی‮ ‬مووسڵدا بێت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬من هەر زوو پێتم گوت،‮ ‬مەسەلەكە سیاسییە‮. ‬باشترین چارەسەری‮ ‬ئەوەیە بۆ رزگاركردنی‮ ‬مووسڵ و بەشداری‮ ‬یەكێك لە هێزەكانی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬وحەشدی‮ ‬نیشتیمانی‮ ‬دیالۆگ بكرێت،‮ ‬و بەڕاشكاوی‮ ‬پێویستە لەنێوان شیعە و سوننەدا بكرێت چونكە مەترسیی‮ ‬كارەسات لەم بارەیەوە هەیە‮. ‬پێویستە لەمبارەیەوە رێككەوتن لەنێوان هەردوولادا هەبێت و ئەوكاتیش ئێمە وەكو هێزی‮ ‬پێشمەرگە ئامادەین هەموو‮ ‬یارمەتی‮ ‬و پاڵپشتیەك لەمبارەیەوە پێشكەش بكەین و هاوكاری‮ ‬فیعلی‮ ‬بكەین بۆ ئازادكردنی‮ ‬مووسڵ،‮ ‬دەبێ سوپاش رۆڵی‮ ‬خۆی‮ ‬ببینێت،‮ ‬بەڵام ئەگەر هەر ناكۆكیەك لەنێوان هەردوولادا روویدا بێگومان ئەمە خزمەت بە داعش دەگەیەنێت و دەبێ ئەوە روونەدات‮. ‬

‮*‬كامەیان دەتوانێت بە كەمترین زەرەر مووسڵ ئازاد بكات لە‮ ‬ڕووی‮ ‬هەردوو رەهەندی‮ ‬سیاسی‮ ‬و سەربازیەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬پێموایە پرۆسەی‮ ‬ئازادی‮ ‬پێویستی‮ ‬بە پاڵپشتی‮ ‬و‮ ‬یارمەتی‮ ‬و بەشداری‮ ‬هەمووانە و مەحاڵە‮ ‬یەك لایەن بتوانێ ئەم كارە بكات‮. ‬بە پێی‮ ‬بارودۆخ و توانا و ئەزموون،‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬شارەزایی‮ ‬و توانای‮ ‬باشی‮ ‬بۆخۆی‮ ‬كۆكردەوە و حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬تواناكانی‮ ‬لە حەشدی‮ ‬نیشتیمانی‮ ‬زیاترە‮. ‬

‮*‬كەواتە لاریتان لە بەشداریكردنی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبیدا نییە لە پرۆسەی‮ ‬ئازادكردنی‮ ‬مووسڵدا؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەم پرسە پەیوەندی‮ ‬بە ئێمەوە نییە بەڵكو لە نێوان هەردوو هێزی‮ ‬چەكداری‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬و نیشتیمانی‮ ‬دایە،‮ ‬بەڵام پێویستە رۆڵی‮ ‬هەر هێزێك دیار بێت و بەرپرسیارێتیشیان دیار بێت بەڵام نابێ هەردوو هێز تێكگیر ببن‮. ‬

‮*‬كورد لە كوێی‮ ‬ناكۆكی‮ ‬نێوان سوننە و شیعە دایە جەنابی‮ ‬سەرۆك؟ ئایا ئێوە لەم ناكۆكیانەدا بەدەر نین؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەوپەڕی‮ ‬راشكاویەوە،‮ ‬بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین ببینە بەشێك لەم ناكۆكی‮ ‬و ململانێیە و مومكین نیە ببینە بەشێك لە ناكۆكی‮ ‬مەزهەبی‮. ‬ئێمە لە هەردوولایەنەوە نزیكین و بەیەك چاو سەیری‮ ‬هەردوولا دەكەین و لە دژی‮ ‬ئەم جۆرە ناكۆكیانەین‮. ‬

‮*‬بەڵام ئەم ناكۆكیانە بواری‮ ‬دیكە بەدوای‮ ‬خۆیدا دەكێشێت لەوانەیە بواری‮ ‬ئابووری‮ ‬و سیاسی‮ ‬و شتی‮ ‬دیكەش؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬كەواتە بگەڕێینەوە بنەمای‮ ‬بابەتەكە،‮ ‬عێراق لە بنەڕەتدا دابەش كراوە‮.‬

‮*‬با وا لێكی‮ ‬بدەینەوە،‮ ‬بەڵام چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دابەشكارییەدا دەكەن؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئێمە سنوورمان دیارە و ناوچەكانیشمان دیارە و مامەڵە لەگەڵ سوننە و شیعەش دەكەین‮.‬

‮*‬بەڵام جەنابی‮ ‬سەرۆك توركیا هەیە و ئێرانیش هەیە،‮ ‬ئەمەش رەهەندێكی‮ ‬سیاسی‮ ‬و مەزهەبی‮ ‬هەیە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەم پرسە لە نێو عێراق دایە و هیچ پەیوەندییەكی‮ ‬بە توركیا و ئێرانەوە نییە بە هیچ شێوەیەك‮.‬

‮*‬بەڵام ناكۆكی‮ ‬نێوان ئێران و توركیا كاریگەری‮ ‬بەسەر كوردەوە هەیە و دەڵێن لە ناوەخۆی‮ ‬كوردیشدا دابەش بوون لە نێوان هەردوولا دا هەیە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬لای‮ ‬ئێمە پرسی‮ ‬كورد لە هەموو شتێك گرنگترە و مومكین نییە قبووڵ بكەین كوردستان ببێتە گۆڕەپانێك بۆ ناكۆكی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و ئیقلیمی‮. ‬

‮*‬كامیان زیاتر خزمەتی‮ ‬پرسی‮ ‬كورد دەكات،‮ ‬ئێران‮ ‬یان توركیا؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەردوولادا هەیە و هەر‮ ‬یەكەو بەرژەوەندی‮ ‬خۆی‮ ‬هەیە‮. ‬من ناتوانم بە شێوەیەكی‮ ‬دیار و روون وەڵامی‮ ‬ئەم پرسیارە بدەمەوە،‮ ‬لە هەندێك بواردا ئێران و لە بواری‮ ‬دیكەشدا توركیا دەتوانن پاڵپشتی‮ ‬گەلی‮ ‬كورد بكەن‮. ‬ئێمەش پێویستیمان بە پەیوەندی‮ ‬هەیە لەگەڵ هەردوولا دا و هیچ كەسێك لەكەسێكی‮ ‬دیكە بە باشتر نازانین‮. ‬

‮*‬بەڵام باس لەوە دەكرێ توركیا دەیەوێ لە مووسڵدا بوونی‮ ‬هەبێت و سنووریش بسڕێتەوە و مێژوو بگەڕێنێتەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬توركیا بەو گەمژەییە نییە لە واقیعی‮ ‬سنوور تێنەگات،‮ ‬بەڵام بێگومان بەرژەوەندی‮ ‬تایبەتی‮ ‬خۆی‮ ‬هەیە و دەیەوێ گەرەنتی‮ ‬ئەو بەرژەوەندیانە بكات‮. ‬جا بە رێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتی‮ ‬عێراق‮ ‬یانیش لەگەڵ چەند لایەنێكی‮ ‬عێراقی‮ ‬بەهۆی‮ ‬بارودۆخی‮ ‬ئێستا‮. ‬بەڵام ئەگەر توركیا بیری‮ ‬ئەوەش بكات كە ویلایەتی‮ ‬مووسڵ جارێكی‮ ‬دیكە بكاتە بەشێك لە دەوڵەتی‮ ‬خۆی،‮ ‬پێم وایە ئەمە شتێكە لەگەڵ واقیع دا ناگونجێت و باوەڕیش ناكەم توركیا ئەو بڕوایەی‮ ‬هەبێت‮. ‬

‮*‬لەبارەی‮ ‬كوردی‮ ‬سوریاوە،‮ ‬بە رێككەوتن لەگەڵ رژێمی‮ ‬سوریا ئایا كورد قازانجی‮ ‬كرد‮ ‬یان زەرەرمەند بوو؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬وابزانم كوردی‮ ‬سوریا بەهۆی‮ ‬تێكەوتنی‮ ‬درز و لێكترازانی‮ ‬نێوان حزبەكانیان زەرەرێكی‮ ‬زۆریان كرد و ئەمەش لەخۆیدا كارەساتە‮. ‬لە سەرەتای‮ ‬بارودۆخی‮ ‬سوریا وەكو برا و دۆستێك لەگەڵ هەموو لایەنە كوردیەكانی‮ ‬سوریا كۆبوومەوە بەبێ ئەوەی‮ ‬رێگە بەخۆم بدەم دەست لە كاروباری‮ ‬ئەوان وەربدەم‮. ‬هەر زوو داوام لێیان كرد‮ ‬یەك بگرن و هەڵوێستی‮ ‬خۆیان بە شێوەیەكی‮ ‬یەكگرتووانە روون بكەنەوە بەوەی‮ ‬ئایا لەگەڵ رژێم دەبن‮ ‬یانیش لە دژی‮ ‬رژێم‮. ‬

‮*‬بەڵام چ شتێك ئەو لێكترازانەی‮ ‬دروستكرد؟ سەركەوتنی‮ ‬رژێم بۆ نموونە‮ ‬یان گرفتی‮ ‬نێوخۆیی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬پێموایە گرفتی‮ ‬نێوخۆیی‮ ‬ئەو لێكترازانەی‮ ‬دروست كرد و ئێستا هیچ‮ ‬یەكگرتووییەك لەنێوان حزب و لایەنە كوردیەكاندا نییە و ئەوانیش هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ رژێم دا نیە و تەنانەت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنیشدا نیانە‮. ‬نە رژێم و نە ئۆپۆزیسیۆنیش دان بە بوونی‮ ‬كورد دا نانێن‮. ‬كەواتە نازانم بەرەو كوێ دەڕۆن‮. ‬

‮*‬تا ئێستا پێتان وایە ئەوان لەوانەیە هەموو ئەو واقیعەی‮ ‬ئێستا هەیە رەنگە لەدەستی‮ ‬بدەن بەتایبەتی‮ ‬دوای‮ ‬كۆنترۆڵكردنی‮ ‬قامیشلۆ و حەسەكە و عەفرین؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەوان ئامانجێكی‮ ‬روون و دیاریكراویان نییە،‮ ‬نازانین لەگەڵ رژێمن‮ ‬یان ئۆپۆزیسیۆن،‮ ‬رژێم وەكو گەل كورد قبووڵ ناكات و ئۆپۆزیسیۆنیش دانیان پێدا نانێت‮. ‬من نازانم چی‮ ‬دەكەن و چیان دەوێ‮. ‬ئەو واقیعە سەربازیەی‮ ‬كە سەپاندووشیانە شتێكی‮ ‬كاتیە و قابیلی‮ ‬گۆڕانە‮.‬

‮*‬هیوای‮ ‬ئەوە دەخوازن هەرێمێكی‮ ‬كوردی‮ ‬لە سوریادا هەبێت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بێگومان ئەو هیوایەمان هەیە بەڵام ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ رژێمدا نەبوو،‮ ‬ئەگەر رژێمی‮ ‬سوریا هەموو ئەو خاكەی‮ ‬بەدەستهێنا كە لەبەردەستی‮ ‬داعش بوو،‮ ‬چ رێككەوتنێك ئەوكات لەنێوان پەیەدە و رژێمی‮ ‬سوریادا بوونی‮ ‬هەیە؟ هیچ رێككەوتنێكی‮ ‬سیاسی‮ ‬نییە‮. ‬گریمان ئۆپۆزیسیۆن توانی‮ ‬واقیعی‮ ‬سیاسی‮ ‬لە سوریا دا بگۆڕێت،‮ ‬چ رێككەوتنێك لەنێوان پەیەدە و ئۆپۆزیسیۆندا بوونی‮ ‬دەبێت؟ هیچ رێككەوتنێكی‮ ‬سیاسی‮ ‬لەبارەی‮ ‬ئایندەی‮ ‬كوردەوە نیە لە سوریا‮. ‬

‮*‬كەواتە پێت وایە رژێم و ئۆپۆزیسیۆن و رووسیاش كە پاڵپشتی‮ ‬بەشێكی‮ ‬هێزە كوردیەكانیان كرد،‮ ‬دەستبەرداری‮ ‬كورد دەبن؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئێستا كورد وەكو شەڕكەر بەكار دەهێندرێن لە دژی‮ ‬داعش بەڵام دواتر كەس نازانێت چیان بەسەر دێت‮. ‬من زۆر لە بارەی‮ ‬بارودۆخی‮ ‬كوردەوە نیگەرانم لە سوریا‮. ‬دەبوا رێككەوتنی‮ ‬سیاسی‮ ‬لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی‮ ‬كورد دا هەبێت لە سوریا ناشزانم ئەگەر رێككەوتنیان كردبێت‮ ‬یان نا بەڵام ئەوەی‮ ‬بیزانم هیچ رێككەوتنێك لە نێوانیاندا نییە‮. ‬

‮*‬ئەی‮ ‬هیچ نیگەرانیەكت لەبارەی‮ ‬توركیاوە نییە كە هاودژی‮ ‬خۆی‮ ‬بۆ هەموو پێكهاتەیەكی‮ ‬كوردی‮ ‬لە سوریا نیشاندا؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەگەر رێككەوتنی‮ ‬سیاسی‮ ‬لەنێوان هێزە كوردییەكان و رژێم‮ ‬یانیش ئۆپۆزیسیۆن هەبوایە،‮ ‬لەنێو سنووری‮ ‬سوریا،‮ ‬پێم وا نییە توركیا بیتوانیایە لە دژیان بوەستێت‮. ‬

‮*‬پرسیار سەبارەت بە هەڵوێستتان لەبارەی‮ ‬پەكەكەوە دەكرێت،‮ ‬دەڵێن بارزانی‮ ‬ئیدانەی‮ ‬هەموو ئەو تەقینەوانە دەكات كە لە توركیا روودەدەن بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئیدانەی‮ ‬ئەو رەفتارانە ناكات كە توركیا لە دژی‮ ‬كوردی‮ ‬توركیا و سوریا ئەنجامی‮ ‬دەدات؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬من ئیدانەی‮ ‬هەموو كارێكی‮ ‬نابەجێ دەكەم لە دژی‮ ‬هەر كەسێك بكرێت لە هەر شوێنێكی‮ ‬جیهان‮. ‬نەك تەنها ئەنقەرە بەڵكو لە توركیا لە كوردستان‮ ‬یانیش لە هەر شوێنێك كەسێكی‮ ‬مەدەنی‮ ‬زیانمەند بێت من ئیدانەی‮ ‬دەكەم،‮ ‬ئەوە بۆ من پرەنسیپە‮. ‬بەڵام لەبارەی‮ ‬شەڕی‮ ‬نێوان سوپای‮ ‬توركیا و پەكەكەوە ئەوە شتێكی‮ ‬جیاوازە‮. ‬ئێمە هەموو هەوڵێكمان دا بۆ دۆزینەوەی‮ ‬چارەسەرێكی‮ ‬گونجاو بۆ گرفتی‮ ‬نێوان كورد و توركیا و سەرخستنی‮ ‬پرۆسەی‮ ‬ئاشتی‮. ‬من ناچمە نێو وردەكاریەكانەوە بەڵام پێموایە هەردوولا بەرپرسن لە شكستی‮ ‬پرۆسەی‮ ‬سیاسی‮. ‬

‮*‬پێتان وایە پارتە كوردیەكان لە تاوانباركردنیان بەو تەقینەوە و رووداوە تیرۆریستیانەی‮ ‬لە توركیادا روودەدەن،‮ ‬زوڵمە لەو حزبانە؟‮ ‬یانیش ئەمە باجی‮ ‬سیاسەتی‮ ‬هەڵەی‮ ‬ئەردۆگانە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬وابزانم تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێكی‮ ‬فەرمی‮ ‬لەبارەی‮ ‬تاوانباركردنی‮ ‬هیچ كەس و لایەنێك دەرنەچووە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن،‮ ‬بەڵام ئەگەر بە بەڵگەوە سەلمێندرا پەكەكە خۆی‮ ‬ئەم تاوانانەی‮ ‬ئەنجامداوە،‮ ‬ئەوكات بۆ هەمووان روون دەبێتەوە كە پەكەكە تاوانێكی‮ ‬گەورەی‮ ‬ئەنجام داوە بە پلە‮ ‬یەك لە دژی‮ ‬گەلی‮ ‬كورد‮. ‬كارەساتی‮ ‬گەورەش لەوەدایە گرفتەكان بۆ شەڕی‮ ‬نێوان كورد و تورك پەرە بستێنێت ئەمەش لە خۆیدا شتێكی‮ ‬نەویستراوە‮. ‬

‮*‬بەڵام زۆر كەس وای‮ ‬بۆ دەچێت ئەم تاوانباركردنە تەنها بۆ مەرامی‮ ‬سیاسییە و بۆ ئەوەیە رێگە بۆ توركیا بكرێتەوە بۆ چوونە نێو شوێنی‮ ‬ئارام لە باكووری‮ ‬سوریا؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەم پرسە تەنها بە توركیاوە پەیوەست نییە بەڵكو روسیا و ئەمەریكاش لەنێو بارودۆخەكەدا هەن،‮ ‬هەبوونی‮ ‬ناوچەی‮ ‬ئارام و شوێنی‮ ‬ئارام لە سوریا پێویستی‮ ‬بە بڕیارێكی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و رێككەوتنێكی‮ ‬نێودەوڵەتیەوە هەیە‮. ‬

‮*‬متمانەت بە هەوڵی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬هەیە بۆ چارەسەركردنی‮ ‬بارودۆخی‮ ‬سوریا؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بۆم نییە گومان بخەمە سەر ئەو هەوڵانە،‮ ‬بەڵام من گومانم لە سەركەوتنی‮ ‬هەوڵەكان هەیە نەوەكو نیەتی‮ ‬دەوڵەتان‮. ‬

‮*‬كشانەوەی‮ ‬لەناكاوی‮ ‬رووسیا لە سوریا چۆن دەخوێننەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬هیوادارم كار بۆ چارەسەری‮ ‬ئاشتیانەی‮ ‬كێشەكە بكات‮. ‬راست دەكەی‮ ‬بەڵێ لە ناكاو بوو،‮ ‬هێشتاش زووە بۆ قسەكردن لەبارەی‮ ‬بابەتەكەوە‮. ‬

‮*‬ئێران بەوە تاوانبار دەكرێت كە هەستیاری‮ ‬تایفەیی‮ ‬و مەزهەبی‮ ‬لە جیهانی‮ ‬عەرەبی‮ ‬و لە هەرێمی‮ ‬كوردستاندا بڵاودەكاتەوە،‮ ‬لەمبارەیەوە چی‮ ‬دەڵێن؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئێران سیاسەتی‮ ‬تایبەت و بەرژەوەندی‮ ‬تایبەت و مەزهەبی‮ ‬تایبەت و مەرامی‮ ‬تایبەتی‮ ‬خۆی‮ ‬هەیە،‮ ‬لە هەندێك شوێن بەڵێ ئێران دەست لە كاروباریان وەردەدات ئەمەش شتێكی‮ ‬روونە‮. ‬

‮*‬بەڵام ئێران دەیەوێ بە شێوەیەكی‮ ‬عەسكەری‮ ‬دەست لە كاروباری‮ ‬وڵاتان وەربدات و سیستەمی‮ ‬حوكم بگۆڕێت؟ بە تایبەتی‮ ‬لە كەنداو‮...‬

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ گرفتی‮ ‬زۆر لە نێوان ئێران و ئەم وڵاتانەدا هەیە‮. ‬

‮*‬ئایا متمانەت بە‮ ‬ڕووسیا هەیە لەبارەی‮ ‬ئایندەی‮ ‬پرسی‮ ‬كورد لە سوریا ؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬رووسیا وڵاتێكی‮ ‬زلهێز و گرنگە،‮ ‬كاریگەری‮ ‬زۆریشی‮ ‬لە ناوچەكەدا هەیە‮. ‬كاتیك گوێم لێ دەبێت سێرگی‮ ‬لافرۆڤی‮ ‬وەزیری‮ ‬دەرەوەی‮ ‬رووسیا بە شێوەیەكی‮ ‬ئاشكرا دەڵێ ئێمە پاڵپشتی‮ ‬فیدراڵیزمی‮ ‬سوریا دەكەین ئەم پرسە خۆشحاڵم دەكات بەڵام نازانم ئەم هەڵوێستەیان راستە‮ ‬یان تەنها بۆ میدیایە‮. ‬

‮*‬پێت وایە هەڵوێستێكی‮ ‬راستەقینەیە‮ ‬یان تەنها بۆ میدیایە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ناتوانم بڕیار لەسەر ئەو مەسەلەیە بدەم،‮ ‬با چاوەڕوان بین و ببینین‮. ‬

‮*‬باس لە وە دەكرێت،‮ ‬دووریەكی‮ ‬زۆر و لێكترازانێك لە نێوان گەل و چینی‮ ‬فەرمانڕەوا هەیە لە كوردستان،‮ ‬ئایا راستە مسعود بارزانی‮ ‬لە گەلی‮ ‬خۆی‮ ‬دوور كەوتۆتەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬هیچ كاتێك لە گەلی‮ ‬خۆم دوور نە كەوتوومەتەوە،‮ ‬و هیچ كاتێك هیچ بوونێك بۆ خۆم بە بێ گەل نابینم‮. ‬بەڵێ بۆشاییەك لە نێوان گەل و چینی‮ ‬سیاسیدا دەبیندرێت بەڵام قسەكردن لەمبارەیەوە زێدەڕۆییەكی‮ ‬زۆری‮ ‬تیادایە و پێویستە بۆ هەر بڕیارێك بۆ گەل بگەڕێینەوە و دوا بڕیار بۆ ئەوانە‮. ‬ئەوان دەتوانن ئەوەی‮ ‬بە دڵیان نەبێ بیگۆڕن‮. ‬

‮*‬باس لەوە دەكرێت ئەو گەندەڵیانەی‮ ‬كە هەن،‮ ‬هیوا و ئاواتی‮ ‬بوون بە دەوڵەت كەمتر دەكات بەڵكو زۆریش بێ ئومێدیانی‮ ‬كردووە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬نكۆڵی‮ ‬لە هەبوونی‮ ‬گەندەڵی‮ ‬ناكەم وەكو هەر وڵاتێكی‮ ‬جیهان،‮ ‬بەڵام ئێمە سورین لەسەر نەهێشتنی‮ ‬گەندەڵی‮. ‬لەوانەشە هەندێك پرسی‮ ‬گرنگ كە زەرەری‮ ‬بۆ ئێمە هەبوو و گرفتی‮ ‬بۆ دروست كردین،‮ ‬لە بەشێكیدا قازانجی‮ ‬بۆ ئێمە هەبووبێت‮. ‬راستە دابەزینی‮ ‬نرخی‮ ‬نەوت زەرەرێكی‮ ‬گەورەی‮ ‬بە ئێمە گەیاند بەڵام دەرفەتێكی‮ ‬گەورەی‮ ‬بۆ چاكسازی‮ ‬بۆ ئێمە فەراهەم كرد‮. ‬بڕیاری‮ ‬جدی‮ ‬و توندمان هەیە بۆ نەهێشنی‮ ‬گەندەڵی‮ ‬و گرتنەبەری‮ ‬چاكسازی‮ ‬و منیش لەگەڵ سەرۆكی‮ ‬دەستەی‮ ‬دەستپاكی‮ ‬و سەرۆكی‮ ‬ئەنجومەنی‮ ‬دادوەری‮ ‬و دەستەی‮ ‬چاودێری‮ ‬دارایی‮ ‬و داواكاری‮ ‬گشتی‮ ‬كۆبوومەوە‮. ‬ئەو دەستە و دەزگایانە بەرپرسی‮ ‬یەكەمن لە جێبەجێكردنی‮ ‬ئەو چاكسازیانە و بێگومان وەك چۆن لە دژی‮ ‬داعش جەنگاین،‮ ‬ئاواش لە‮ ‬ڕووی‮ ‬گەندەڵیدا دەوەستین و پەنا بەخوا ئەنجامی‮ ‬زۆر دڵخۆشكەری‮ ‬دەبێت‮. ‬

‮*‬بارزانی‮ ‬ئاگر بەڕووی‮ ‬گەندەڵیدا دەكاتەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ بێگومان و تەحەدای‮ ‬هەر دەوڵەت و كەسێك و لایەنێك دەكەم كە بیسەلمێنێت من هەر شتێك‮ ‬یان بەرژەوەندیەكی‮ ‬بازرگانیم لە دەرەوەی‮ ‬وڵاتدا هەبێت‮ ‬یانیش لە نێو وڵاتدا‮. ‬

‮*‬تۆمەتەكان بۆ پارتی‮ ‬زۆرن؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬من نكۆڵی‮ ‬لەوە ناكەم بەڵێ كەسانێك ئەو بارودۆخەیان قۆستەوە بۆ هێنانەدی‮ ‬مەرامی‮ ‬تایبەتی‮ ‬خۆیان‮. ‬

‮*‬بارزانی‮ ‬بە هەمان كەسایەتی‮ ‬و هەمان میكانیزمەوە دەتوانێت بگاتە ئەنجامێكی‮ ‬جیاواز؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬من رێگە و میكانیزمێكی‮ ‬دیكە دەگرمە بەر و هەموو توانا و نفووزی‮ ‬خۆشم دەخەمە بەردەم دەستە و دەزگای‮ ‬تایبەتمەند بۆ جێبەجێكردنی‮ ‬چاكسازی‮. ‬

‮*‬ئایا هەڵبژاردنی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬لە كاتی‮ ‬خۆیدا دەكرێت‮ ‬یانیش بۆ دوای‮ ‬ریفراندۆم دوا دەخرێت؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬ئەوەیان لەسەر بارودۆخ وەستاوە بەڵام ئەگەر بارودۆخی‮ ‬ئەمنی‮ ‬و بارودۆخی‮ ‬شەڕ‮ ‬رێگر بوون بێگومان لەوانەیە پەنا ببەینە بەر دواخستن و ئەگەر بارودۆخ وەكو ئەوەی‮ ‬ئێستا بوو هەڵبژاردن دەكرێت‮. ‬

‮*‬هیچ ترسێكتان لە كاردانەوەكانی‮ ‬داعش هەیە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬من لەوە بێگومانم داعش ناتوانێ ئەو شوێنانەی‮ ‬لە دەستی‮ ‬دا دیسان بیانگەڕێنێتەوە،‮ ‬بەڵام مەترسیەكانی‮ ‬ماون و لەوانەیە دەرفەت بقۆزێتەوە بۆ هێرش كردنە سەر هەر شوێنێك،‮ ‬ئێستا مەترسی‮ ‬داعش بۆ كوردستان وەكو جاران نییە‮. ‬

‮*‬لە میانەی‮ ‬شەڕی‮ ‬داعش كورد و پێشمەرگە چ پەندێكیان وەرگرت،‮ ‬واتا چ شتێك فێربوون لە‮ ‬ڕووی‮ ‬سیاسی‮ ‬و سەربازییەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬پێشمەرگە شارەزاییەكی‮ ‬مەزنی‮ ‬لەم شەڕەدا وەرگرت و سەركردەی‮ ‬زۆر گەورە و مەزن لەم شەڕەی‮ ‬ئێستادا دەركەوتن و شارەزایی‮ ‬باشیان لە بارەی‮ ‬تاكتیكی‮ ‬داعشەوە دەست كەوت هەروەها فێری‮ ‬بەكارهێنانی‮ ‬چەكی‮ ‬پێشكەوتوو و گەورە وەرگرت‮. ‬تاكتیكی‮ ‬داعش ئێستا لای‮ ‬پێشمەرگە روونە و هەر تاكتیكێكی‮ ‬داعش پلانی‮ ‬خۆی‮ ‬بۆ وەڵامدانەوەی‮ ‬هەیە‮. ‬

‮*‬ئایا تێگەیشتن داعش كێیە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ تێگەیشتین،‮ ‬ئەوان لە دژی‮ ‬ژیان و رووناكی‮ ‬و هەموو پرەنسیپەكانی‮ ‬مرۆڤایەتین‮. ‬

‮*‬بەڵام ئەمڕۆ لە لیبیا و لە سینا داعش بوونی‮ ‬هەیە،‮ ‬وا دیارە لە هەندێك شوێن نامێنن و لە هەندێك شوێنی‮ ‬دیكەش دەردەكەونەوە؟ نەخشەی‮ ‬دابەشبوونی‮ ‬داعش چۆن دەخوێننەوە؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەڵێ داعش بڵاو دەبێتەوە و ئەمەش پێویستی‮ ‬بە شەڕێكی‮ ‬راستەقینەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬هەیە و كێشەكە بە كۆنگرە و كۆنفڕانس و كۆنگرەی‮ ‬رۆژنامەوانی‮ ‬چارەسەر ناكرێت‮. ‬ئێمە بە توانای‮ ‬متەوازیعی‮ ‬خۆمانەوە داخڵی‮ ‬شەڕ‮ ‬بووین لەگەڵ داعش بەڵام شەڕێكی‮ ‬راستەقینەمان لەگەڵیاندا كرد‮. ‬من سوپاسی‮ ‬هێزی‮ ‬هاوپەیمان دەكەم بۆ پاڵپشتیكردنمان،‮ ‬بەڵام ئەگەر پێشمەرگە چەكی‮ ‬پێویستی‮ ‬بۆ ئەم شەڕە هەبوایە بێگومان بارودۆخ جیاواز دەبوو‮. ‬بۆیە پێویستە پەنا بۆ شێوازی‮ ‬دیكە ببردرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی‮ ‬داعش نەوەكو تەنها لەڕووی‮ ‬سەربازیەوە،‮ ‬بەڵكو پێویستە لە‮ ‬ڕووی‮ ‬فیكری‮ ‬و ئابووری‮ ‬و كۆمەڵایەتیەوەش رووبەڕووی‮ ‬داعش ببینەوە،‮ ‬شەڕی‮ ‬داعش شەڕێكی‮ ‬هەمە لایەنە‮. ‬

‮*‬بارودۆخی‮ ‬ئابوری‮ ‬لە هەرێمی‮ ‬كوردستان بارودۆخێكی‮ ‬زۆر ناخۆشە و گوشارێكی‮ ‬زۆر خستۆتە سەر هەموو لایەكەوە،‮ ‬گرفتی‮ ‬بێ مووچەیی‮ ‬درێژەی‮ ‬كێشا و هەمووانی‮ ‬ماندوو كرد،‮ ‬نرخی‮ ‬نەوتیش دابەزیوە،‮ ‬چۆن دەتوانن نەخشەی‮ ‬رزگاركردنی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لەو قەیرانە ئابوریانەی‮ ‬بكێشن؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بەرنامەی‮ ‬چاكسازی‮ ‬بۆ دیراسەكردنی‮ ‬هەموو لایەنەكان و هەموو كەموكوڕیەكانە،‮ ‬هەروەها پشت بەستنە بە بەرهەمی‮ ‬دیكە نەوەكو تەنها نەوت،‮ ‬كشتوكاڵ بۆ نموونە‮. ‬هەروەها ئێمە كانزای‮ ‬دیكەمان هەیە و پشت بەستن تەنها بە نەوت كارێكی‮ ‬زۆر هەڵەیە‮. ‬دواكەوتنی‮ ‬ئێمەش بە ئەنقەست نەبووە،‮ ‬بەڵام دەكرا زووتر ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بكرێت‮. ‬

‮*‬زۆر كەس ئومێدی‮ ‬بە بارزانیەوە هەیە لە پرۆژەی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بە تایبەتی‮ ‬كە‮ (‬ماشائەلڵا‮) ‬لە تەمەنی‮ ‬حەفتاكان دان و هێشتا لە بەرەكانی‮ ‬شەڕدا دەبیندرێن و ماوەیەكی‮ ‬زۆر لە كاركردندا دەبن،‮ ‬كاتێك لەگەڵ خۆت دادەنیشی‮ ‬و سەیری‮ ‬دواوە دەكەی‮ ‬و دەڵێی‮ ‬دەبوایە ئاوا بكەم،‮ ‬یانیش دەڵێی‮ ‬دەبێ وا بكەم؟

سەرۆك بارزانی‮: (‬بە پێكەنینەوە‮) ‬بەڵێ سەیری‮ ‬دواوە دەكەم و دەڵێم دەبوایە وا نەكەم و ئەو شتەم نەكردابوایە وا دەبوو،‮ ‬بەڵام بێگومان سەیری‮ ‬ئایندەش دەكەم و ئەوە لای‮ ‬من گرنگترە‮. ‬

‮*‬لە چی‮ ‬پەشیمانی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬بمبورە بۆ وەڵامی‮ ‬ئەم پرسیارە،‮ ‬بەڵام هەر چی‮ ‬كردبم بە قەناعەتەوە كردوومە،‮ ‬بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ رابردوو بە ئاشكرا پێتی‮ ‬دەڵێم من پەشیمانم لە قبووڵكردنی‮ ‬پۆستی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬هەرێم‮. ‬ئەمە تاكە خاڵە كە لێی‮ ‬پەشیمانم،‮ ‬لە كۆی‮ ‬پرۆسەكەش پەشیمانم واتا وەرگرتنی‮ ‬سەرۆكایەتی‮ ‬هەرێم و درێژكردنەوەی‮ ‬ماوەكەش كە هەر باسی‮ ‬لێوە مەكە‮. ‬نە دەبوایە بچمە نێو پۆستی‮ ‬فەرمیەوە‮. ‬

‮*‬سیاسەتی‮ ‬ناوخۆ بێ تاقەتی‮ ‬كردی؟ دۆست و هەڤاڵانت بێ تاقەتیان كردی؟

سەرۆك بارزانی‮: ‬نەخێر،‮ ‬راستە هەندێك دۆست وازیان لە من هێنا بەڵام من كەسێك نیم ملكەچی‮ ‬بێ ئومێدی‮ ‬و گوشاری‮ ‬كەس بم،‮ ‬قەناعەتم بە هەر شتێك هەبێت بە رێگایدا دەڕۆم لەسەر حیسابی‮ ‬ژیانی‮ ‬منیش‮ ‬بێت‮.







SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 2075