سه‌رۆك بارزانی: ئێمه‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆییمان داوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌نگاو و به‌ دیراسه‌ت ده‌بێت، به‌ حیكمه‌ت ده‌بێت و به‌ بڕیاری گه‌ل ده‌بێت


KRP.org | |


19/07/2014
له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ الجه‌زیره‌ی ئینگلیزی، به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی دۆخی ئێستای عێراق و پرسی ریفراندۆم و چوون به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌لی كوردستان هه‌موویان یه‌كریزن له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی و كه‌وا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌چوونه‌ته‌ شوێنێك كه‌ خاكی كوردستان نه‌بێت.

الجه‌زیره‌: به‌ڕێز بارزانی سوپاس بۆ ئه‌م دیمانه‌یه‌، زۆر سه‌ربه‌رزین به‌م دیداره‌ سه‌رباری ئه‌م سه‌رقاڵیتان. ده‌توانین به‌ داواكاری سه‌ربه‌خۆیی ده‌ست پێ بكه‌ین. ئایا كورد ئێستا له‌ ئاماده‌كاریدان بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوی كوردسان؟

سه‌رۆك بارزانی: ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تازه‌ نییه‌ و مافێكی سروشتی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌. گه‌لی كوردیش ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ وه‌كو هه‌موو گه‌لێكی تر. ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ستی پێكردووه‌و له‌ په‌رله‌مانه‌ و به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

الجزیره‌: واتا ئێستا پرۆسه‌كه‌تان ده‌ست پێكردووه‌ و یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام كه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ خودموختاره‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ؟

سه‌رۆك بارزانی: من ناتوانم ئێستا ته‌حدید بكه‌م بڵێم كه‌ی به‌ڵام وابزانم په‌رله‌مان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی كوردستان زۆر ته‌واو كردووه‌. پێم وانییه‌ زۆر كات بخایه‌نێت.

الجزیره‌: به‌ رای تۆ، سووده‌كانی سه‌ربه‌خۆیی و وازهێنان له‌ عێراقی فیدراڵ چییه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: ئێمه‌ ده‌ ساڵی رابردوو به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ و به‌ هه‌موو جدییه‌تێكمانه‌وه‌ چووین له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی تری خۆمان له‌ شیعه‌ و سوننه‌، هه‌وڵماندا كه‌ عێراقێكی تازه‌ دروست بكه‌ین، عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵ و فڕه‌حزبی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ری نه‌گرت. ئێستایش به‌داخه‌وه‌، بارودۆخی عێراق وای لێهاتووه‌ كه‌ ئه‌توانم بڵێم عێراق پارچه‌بووه‌ به‌ڵام نه‌ك ئێمه‌ به‌رپرسیار بین لێی. بێگومان ئێمه‌ هه‌وڵماندا كه‌ ئه‌و عێراقه‌ دروست ببێت، نه‌مانتوانی. به‌داخه‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ پاشه‌كشه‌ كرا له‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور و له‌و رێككه‌وتننامانه‌ی هه‌بوون له‌ نێوان كورد و لایه‌نه‌كانی تر به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری به‌غدا. زه‌حمه‌ته‌ بۆ ئێمه‌ش هه‌تا هه‌تایه‌ چاوه‌ڕوانی ئایینده‌یه‌كی نادیار بكه‌ین و هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین كه‌ی خه‌ڵك پێشێلی ده‌ستوور و مافه‌كانی خه‌ڵكی ئێمه‌ ده‌كرێت. بۆیه‌ كورد ناچاره‌ بیر له‌ چاره‌نووسی خۆی بكاته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر.

الجزیره‌: ده‌ربڕینێك كه‌ ده‌ڵێت (نابێت هه‌رگیز شه‌ق له‌كه‌سێك بده‌یت كه‌ كه‌وتووه‌). ئایا ئه‌وه‌ رێك ئه‌و شته‌ نییه‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن له‌ كاتێكدا به‌غدا له‌وپه‌ڕی لاوازیدایه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی تر لاواز ده‌كات؟

سه‌رۆك بارزانی: نه‌خێر. زۆر له‌ مێژه‌ من ئه‌لێم ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، عێراق به‌ره‌و ئه‌م هه‌ڵدێره‌ ده‌بات. دووه‌م، شه‌ش مانگ پێش ئێستا من ئاگاداری سه‌رۆك وه‌زیرانم كرد له‌ به‌غدا كه‌ بارودۆخ زۆر خراپه‌، به‌تایبه‌تی بارودۆخی موسڵ و پێم راگه‌یاند ئێمه‌ ئاماده‌ین پێكه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ موسڵ و ئه‌و ناوچه‌یه‌ دوور بخه‌ینه‌وه‌. ئه‌سڵه‌ن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و قسانه‌یان وه‌رنه‌گرت. چوار رۆژ پێش ئه‌وه‌ی موسڵ بكه‌وێته‌ ده‌ست تیرۆریستان، دیسان ئێمه‌ ئاماده‌بووین هاوكارییان بكه‌ین. نه‌یانهێشت پێشمه‌رگه‌ بچێت. ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست عێراق تووشی ئه‌م دۆخه‌ ببێت چونكه‌ بارودۆخێكی ترسناكه‌. به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سوپاسی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، كه‌ ئێمه‌ ناوچه‌یه‌كی زۆرمان پاراست له‌وه‌ی بكه‌وێـته‌ ده‌ست تیرۆریستان، خه‌ڵكێكی زۆرمان پاراست كه‌ ناچار نه‌بن ئاواره‌ ببن و ده‌ربه‌ده‌ر بن، په‌ناماندایه‌ خه‌ڵكێكی ئێجگار زۆر كه‌ به‌ پێی ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ملیۆنێك تێپه‌ڕیوه‌.

له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بێن سوپاسمان بكه‌ن، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بێن راوێژمان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چی بكه‌ین و پێكه‌وه‌ ئیش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی ئه‌م بارودۆخه‌ بكه‌ین، كه‌وتنه‌ تۆمه‌تباركردنی هه‌رێم، تۆمه‌تی بێ بنه‌ما و دوور له‌ هه‌موو ره‌وشتێك. له‌به‌ر ئه‌وه‌ مادام بارودۆخه‌كه‌ وا بێت، ئێمه‌ ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ فه‌ره‌نگ و سیاسه‌ته‌. مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ داوای مافی چاره‌نووس ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ نوێ نییه‌، ئه‌مه‌ چه‌ندین ساڵه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك لێی قه‌وما ده‌بێت ئێمه‌ یارمه‌تی بده‌ین، به‌ڵام كه‌ ئه‌و بێت شكستی خۆی به‌ تۆمه‌تباركردنی ئێمه‌ بداته‌وه‌، ئێمه‌ چۆن ده‌توانین له‌گه‌ڵیدا بمێنینه‌وه‌.

الجزیره‌: قسه‌كانت وا ده‌ری ده‌خه‌ن تۆ زۆر بێتاقه‌ت و نیگه‌ران دیاری. به‌ڵام ده‌كرێت له‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌وانیش له‌ به‌غدا تێبگه‌یت، كه‌ ئه‌وان وای ده‌بینین له‌ كاتێكدا ئه‌م ئاژه‌وه‌یه‌ له‌ وڵات هه‌یه‌ ئێوه‌ ده‌چنه‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و خۆتان ده‌كه‌نه‌ خاوه‌نی، بۆ ناوچه‌كانی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری و دوو كێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌وره‌ی نه‌وت. به‌غدا پێی وایه‌ ئێوه‌ ئه‌م كاتی شه‌ڕی داعشه‌تان قۆسته‌ته‌وه‌ بۆ خۆتان كرده‌ خاوه‌نی ئه‌و شوێنانه‌.

سه‌رۆك بارزانی: ده‌مه‌وێت ئه‌م خاڵه‌ روون بكه‌مه‌وه‌. دوای رووخانی رژێمی به‌عس له‌ 2003 پێشمه‌رگه‌ له‌و شوێنانه‌ هه‌مووی هه‌بووه‌، نه‌ك ئێستا ئێمه‌ چووبینه‌ ئه‌و شوێنانه‌مان گرتبێت. له‌ كه‌ركووك، خانه‌قین، شنگال، مه‌خموور و له‌و شوێنانه‌ هه‌مووی هه‌بووه‌. له‌ هه‌ندێك شوێن ئێمه‌ به‌ ته‌نها بووین. له‌ هه‌ندێك شوێن هاوبه‌ش بووین، پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق. له‌ هه‌ندێك شوێن سوپای عێراق ته‌نها بووه‌. پێشمه‌رگه‌ ته‌نها ئه‌و شوێنانه‌ی پڕكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سوپای عێراق رایكرد و به‌جێیهێشت. ئه‌ویش نه‌ك شاری كه‌ركووك، به‌ڵكو هه‌ندێك ناوچه‌ی دوور له‌ كه‌ركووك، ده‌ره‌وه‌ی خانه‌قین و شنگار. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنانه‌مان نه‌گرتبا ئێستا له‌ ده‌ستی داعش ده‌بوو.

الجزیره‌: واتا ئێوه‌ ده‌ڵێن سنووری هه‌رێمی كوردستانتان له‌م دوو حه‌فته‌یه‌ی رابردوو 400 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ فراوانتر نه‌كردووه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: ئێمه‌ نه‌ ته‌ماعمان له‌ یه‌ك بست زه‌وی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌یه‌، نه‌ خۆمان ده‌سه‌پێنین به‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك، ئێمه‌ خه‌ڵكمان پاراستووه‌، ئێمه‌ سنووری خۆمان پاراستووه‌. له‌ زۆر شوێنیش پێشمه‌رگه‌ به‌رگری له‌ خه‌ڵكی دیكه‌ی غه‌یره‌ كورد ده‌كات، عه‌ره‌بن، مه‌سیحین، توركمانن، شیعه‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ ئه‌بێت پاشان باسی بكه‌ین ، به‌ڵام ئێستا پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ رۆژانه‌ شه‌هید و بریندار ده‌ده‌ین بۆ پاراستنی خه‌ڵكێكیش كه‌ نه‌ كورده‌، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ سنووری خۆمان ده‌پارێزێت و خه‌ڵكی كوردستانیش ده‌پارێزێت.

ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی كێڵگه‌ی نه‌وت، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌كراوه‌. دیسان له‌وێ دوو لیوای پۆلیسی پاراستنی كێڵگه‌كانی نه‌وت هه‌بوون كه‌ هه‌ر هه‌مان هێز هه‌ر له‌وێن، نه‌ هیچ داگیركراوه‌ و نه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هیچدا گیراوه‌. ئه‌و كێڵگانه‌ ده‌مێكه‌ بۆڕییه‌كانی كه‌ ده‌چوون بۆ بێجی نه‌ماوه‌. شه‌ش-حه‌وت مانگه‌ مالیكی بودجه‌ و نانی خه‌ڵكی بڕیوه‌. ئه‌و نه‌وته‌ به‌شی هه‌موو خه‌ڵكی عێراقه‌، به‌شی كورده‌، عه‌ره‌به‌، توركمانه‌، مه‌سیحییه‌، هه‌موویان. ئه‌و نه‌وته‌ش ئه‌گه‌ر بفرۆشرێت بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ كورد.

الجزیره‌: له‌گه‌ڵ زۆربوونی رێژه‌ی نه‌وت بۆ هه‌نارده‌كردنیش، به‌ڵام ئێوه‌ هێشتا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ سه‌ربه‌خۆ بن و جیا ببنه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی: سه‌ره‌تا، ئه‌مه‌ خاكی ئێمه‌یه‌ و ئه‌و سامانه‌ش سامانی ئێمه‌یه‌. ئێمه‌ به‌ پێی ده‌ستووری عێراق رازی بووین كه‌ سامانی نه‌وت و غاز بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بێت و داهاتیشی بۆ خه‌ڵكی هه‌موو عێراق بێت. ئه‌مه‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌غدا ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ ناكات. ئه‌وه‌ی بێت بودجه‌ی هه‌رێم ببڕێت و ده‌ستوور پێشێل بكات، خۆیشی ته‌حه‌مولی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی ده‌كات. ئه‌وه‌یشی سه‌ربه‌خۆیی بوێت ده‌بێت ئاماده‌ بێت هه‌موو به‌رگرییه‌ك و قوربانییه‌ك بدات له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی.

ئێمه‌ نامانه‌وێت تووشی كێشه‌بین له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك. ئێمه‌ حه‌ز ناكه‌ین تووشی شه‌ڕ ببین له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك. ئێمه‌ حه‌زیش ناكه‌ین به‌ شه‌ڕ بێت و ده‌مانه‌وێت به‌ تێگه‌یشتن بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ته‌عه‌دا له‌ ئێمه‌ بكات و شه‌ڕمان پێ بفرۆشێت، وابزانم خه‌ڵكی كوردستانیش ئاماده‌یه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات.

الجزیره‌: واتا ئێوه‌ ئاماده‌ن به‌شداری بكه‌ن له‌ حكوومه‌تێكی نوێی عێراق له‌ژێر سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ كه‌ نوری مالیكی له‌خۆ نه‌گرێت؟

سه‌رۆك بارزانی: ده‌بێت له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و ئه‌گه‌ر و هۆكارانه‌ بكرێت كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی دروست كرد. ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاراسته‌ ده‌رۆین. ئه‌مه‌ نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وی دیكه‌. هه‌روه‌ها نه‌ك ئێمه‌ به‌ ته‌نها، كێی تر هه‌یه‌ رازی بێت به‌ مانه‌وه‌ی مالیكی جگه‌ له‌ خۆی و چه‌ند كه‌سێكی ده‌وروبه‌ری؟ كێ رازییه‌ له‌ ناو شیعه‌ یان سوننه‌ یا كورد؟

الجزیره‌: واتا تۆ داوا ده‌كه‌یت ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: مومكینه‌. ناڵێم ده‌ستووری تازه‌، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره‌ی ئێستا جێبه‌جێ بكرایه‌ بارودۆخه‌كه‌ وای لێ نه‌ده‌هات. ئه‌م ده‌ ساڵه‌ی رابردوو ئه‌زموونێكی تاڵ بوو و به‌م شێوه‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور مومكین نییه‌. جه‌وهه‌ری ده‌ستوور ئه‌مه‌یه‌: ده‌بێت شه‌راكه‌ت هه‌بێت. له‌م جه‌وهه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌ درا. ده‌بێت زه‌مانه‌ت هه‌بێت كه‌ به‌ جددی هاوبه‌ش ده‌بین تا ئه‌وكاته‌ی مه‌سه‌له‌ی دووه‌م كاتی خۆی دێت و میلله‌ت بڕیاری خۆی ده‌دات. له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌: (پابه‌ندبوون به‌م ده‌ستووره‌ زامنی یه‌كپارچه‌یی عێراقه‌). ئه‌سڵه‌ن ده‌ستوور هه‌ر له‌بیركرا.

الجزیره‌: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌سه‌ر ئه‌م دوو ئاراسته‌ جیاوازه‌ كار ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر نین؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سه‌ربه‌خۆییتان ده‌وێت، چۆن ده‌تانه‌وێت له‌ دانووستاندنه‌ سیاسییه‌كانی به‌غدا به‌ به‌شدارییه‌كی جددی ته‌ماشا بكرێن؟

سه‌رۆك بارزانی: پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ گه‌لی كوردستان بره‌خسێت كه‌ خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات. ده‌بێت رێگا بدرێت به‌ گه‌لی كوردستان خۆیان ده‌نگ به‌ په‌رله‌مان و سه‌ركردایه‌تی خۆیان بده‌ن، چۆن و كه‌ی به‌كاردێت، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ساڵێك ده‌خایه‌نێت، دوو ساڵ ده‌خایه‌نێت، یان چه‌ند مانگێك، من نازانم، به‌ڵام چه‌ند بخایه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی عێراق بده‌ین له‌م قه‌یرانه‌ ده‌ربچێت و به‌شداربین له‌ پرۆسه‌كه‌، ئه‌مه‌ نابێته‌ رێگر له‌وه‌. ئێمه‌ به‌شدار ده‌بین تا ئه‌وكاته‌ی گه‌لی كوردستان بڕیاری خۆی ده‌دات، ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مان و میلله‌ت هه‌یه‌ بڕیاری خۆی بدات و چۆن موماره‌سه‌ی ئه‌و مافه‌ی ده‌كات، ئه‌وكات ئێمه‌ رایده‌گه‌یه‌نین و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك وتم ده‌مانه‌وێـت به‌خۆشی بێت نه‌ك به‌ ناخۆشی. قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌كه‌ین، كێ ده‌سه‌ڵات بێت له‌وێ، ده‌ڵێن وه‌ره‌ با باسی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین، حه‌زه‌كه‌ین به‌ خۆشی بێت، نامانه‌وێت به‌ ناخۆشی له‌یه‌ك جیا ببینه‌وه‌، ده‌مانه‌وێـت باسی بكه‌ین چۆن بێت و به‌چی شێوه‌یه‌ك بێت، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ڵ سوننه‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك. به‌ڵام به‌راستی كورد ماندووه‌بووه‌ له‌م بارودۆخه‌، ده‌بێت گۆڕانێك به‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌دا بێت. ئێمه‌ وه‌كو كورد قبوڵ ناكه‌ین چی دی خه‌ڵكێكی تر بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئێمه‌ بدات. ئێمه‌ خۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆمان ده‌ده‌ین. ئه‌وه‌ی دۆستایه‌تی ئێمه‌ بكات سوپاسی ده‌كه‌ین، ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین دۆستی هه‌موو لایه‌ك بین. یه‌كێكیش بیه‌وێت ئه‌و مافه‌ له‌ ئێمه‌ بسه‌نێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین.
الجزیره‌: بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی ئێوه‌ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ نییه‌ به‌ڵكو له‌ راستیدا بۆ زیادكردنی سه‌نگ و پارسه‌نگتانه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق.

سه‌رۆك بارزانی: له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌گه‌ر بڕوامان پێنه‌بوایه‌ باسیشمان نه‌كرد. ئه‌گه‌ر ئاماده‌نه‌بووینانه‌ بۆ هه‌موو قوربانیدانێك، نه‌مانده‌گوت و خۆمان له‌ شتێكی وه‌ها گه‌وره‌ نه‌ده‌دا. ئه‌و شیكارییه‌ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌.

ته‌قریبه‌ن له‌ سه‌د ساڵی رابردوو، دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، عێراق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زرا كه‌ وڵاتێكی هاوبه‌شه‌ بۆ كورد و عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تری عێراق، رێزم بۆ خۆیان و بۆ مافه‌كانیان. بێگومان ئه‌وه‌ نه‌كرا. چه‌ندین رێككه‌وتننامه‌ به‌سترا له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان، تاوه‌كو خۆیان به‌هێز ده‌كرد و جارێكیتر په‌لاماری گه‌لی كوردیان ده‌دایه‌وه‌. كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق دامه‌زرا، به‌ نه‌وتی كه‌ركووك دامه‌زرا، كه‌ ئه‌ویش نه‌وتی كورد بوو. بۆ خه‌ڵكی تر رێگاوبان و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ی پێ دروست ده‌كرا، به‌شی كوردستانیش ده‌بوو به‌ تانك و فرۆكه‌ و تۆپ و كوردستانی پێ وێران ده‌كرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كورد هه‌ر ته‌حه‌مولی كرد، هه‌تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كیمیاباران كراین، ئه‌نفال كراین، تا ئێستایش به‌ ده‌یان هه‌زار ژن و منداڵی ئێمه‌ بێسه‌روشوێنن له‌ بیابانه‌كانی باشووری عێراق له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا، 4500 گوندی ئێمه‌ وێران كرا، دیسان دوای ئه‌م هه‌موو كاره‌ساتانه‌، له‌ 2003 كاتێك رژێم رووخا، ئێمه‌ چووینه‌ به‌غدا و ویستمان عێراقێكی تازه‌ و پێكه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی ئه‌نفالیان كردین، له‌ 1991 كه‌ میلله‌تی كورد راپه‌ری، خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئه‌خلاق و به‌ ره‌وشت بوو، یه‌ك سه‌ربازی عێراقی نه‌كوژرا، هه‌مووی ئیزن درا. سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو شته‌ش هێشتا ئێمه‌ تۆمه‌تبار كراوین، وه‌كو ئه‌وه‌ی تاوانێكمان كردبێت. خوا ئه‌و مافه‌ی به‌ ئێمه‌ داوه‌، ئه‌و مافه‌ی عه‌ره‌ب هه‌یه‌تی، كورد هه‌یه‌تی، فارس هه‌یه‌تی، ئه‌وروپی هه‌یانه‌، له‌ ئاسیا میلله‌تان هه‌یانه‌، ئێمه‌ش ئه‌و مافه‌مان هه‌یه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ وتمان ده‌رفه‌تێكی نوێیه‌، ئێمه‌ 10 ساڵ كارمان كرد به‌ڵام دیسان سه‌ری نه‌گرت. ئێمه‌ حازر نین هه‌ر به‌ختی خۆمان و ئایینده‌ی خۆمان و چاره‌نووسی خۆمان تاقی بكه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌مان داوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌نگاو و به‌ دیراسه‌ت ده‌بێت، به‌ حیكمه‌ت ده‌بێت و به‌ بڕیاری گه‌ل ده‌بێت.
الجزیره‌: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی رابردوو به‌رچاو به‌ره‌وپێش چوون. توركیا ئێستا هاوبه‌شێكی ستراتیژیتانه‌ و ئێوه‌ش له‌م دواییانه‌دا له‌ ئه‌نكه‌ره‌ بوون. په‌یامی حكوومه‌تی توركیا چییه‌ سه‌باره‌ت به‌خواسته‌كانتان بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟

سه‌رۆك بارزانی: گۆڕانێكی زۆر به‌سه‌ر سیاسه‌تی توركیادا هاتووه‌. پێش چه‌ند ساڵێك ناوهێنانی (كورد) و (كوردستان) به‌ تاوان داده‌نرا. سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، به‌ڕێز ئه‌ردۆغان، له‌ دیاربه‌كر وتی به‌ڵێ كێشه‌ك هه‌یه‌ به‌ناوی كێشه‌ی كورد و ده‌بێت به‌ ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێت. هاته‌ هه‌ولێر و وتی (ئه‌و رۆژه‌ رۆیشت ئینكاری هه‌بوونی گه‌لی كورد بكرێت). من ئه‌مه‌م به‌ رۆژێكی زۆر مێژوویی زانی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ئه‌م قسه‌یه‌ بكات. ئه‌مه‌ بۆ توركیا زۆر بوو. ئێمه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ هه‌وڵماندا كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی سه‌ربگرێت و به‌رده‌وامیش ده‌بین و ئومێده‌ورایشم كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. دووه‌م، توركیا بۆی سه‌لما له‌م ساڵانه‌دا كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ر پێگه‌یه‌ك بین و له‌ بارودۆخێكدا بین، ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌ نین بۆ سه‌ر توركیا، به‌ڵكو ئێمه‌ دراوسێیه‌كی باش و دۆستێكی باش ده‌بین و یارمه‌تیده‌ریش بۆ یه‌كتری. توركیا له‌ بارودۆخی ئێمه‌ تێده‌گات به‌ڵام نه‌ من داوام لێكردوون بێن دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی ئێمه‌دا بنێن و نه‌ ئه‌وانیش ده‌ستیان له‌و بابه‌ته‌ وه‌رداوه‌.

الجزیره‌: گه‌لی كورد به‌ته‌واوه‌تی یه‌كگرتوو نییه‌. چینی سیاسیش ته‌واو یه‌كگرتوو نییه‌. هه‌ندێك لایه‌نی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری تاراندان به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه‌ سه‌ربه‌خۆ بن.

سه‌رۆك بارزانی: هه‌رگیز وه‌كو ئێستا كورد یه‌كگرتوو نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش قسه‌ی راگه‌یاندنه‌ كه‌ ده‌كرێت. پارتی و یه‌كێـتی و گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و هه‌موو حزبه‌كانی تر، ئه‌گه‌ر ناكۆكیشیان هه‌بێت له‌سه‌ر شتێكی تر، له‌سه‌ر مافی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، هیچ ناكۆكییه‌كمان نییه‌. ئه‌و قسانه‌ی له‌ راگه‌یاندنیش ده‌كرێت دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌. هه‌مووشمان پێمان خۆشه‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌مان هه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكان، له‌گه‌ڵ توركیا، ئێران، له‌گه‌ڵ دراوسێكانی تر ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی ببێته‌وه‌. نییه‌ بڵێی لایه‌نێك دۆستی ئه‌ملایه‌ و ئه‌وی تر دوژمنه‌. ئێمه‌ هه‌موومان دۆستی هه‌موو لایه‌كین، بۆ نموونه‌ ئێستا هه‌موومان له‌ یه‌ك حكوومه‌ت و له‌ یه‌ك په‌رله‌مانداین. ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ حكوومه‌ت ده‌رده‌چێت هی هه‌موویانه‌. ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت هی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م قسانه‌ی كه‌ ئه‌و وا ده‌ڕوات و ئه‌م به‌ رێگایه‌دا ده‌ڕوات، دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌.
الجزیره‌: ئه‌گه‌ر تاران دژ به‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئێوه‌ وه‌ستایه‌وه‌، چی ده‌كه‌ن؟

سه‌رۆك بارزانی: هه‌وڵ ئه‌ده‌ین بۆچوونیان بگۆڕن. له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین و بۆیان باس ده‌كه‌ین ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كورد هاتووه‌ كه‌ خۆیان زۆر چاك ده‌زانن و زۆر چاك شاره‌زان.

الجزیره‌: جۆن كێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ر له‌ مانگێك له‌ هه‌ولێر بوو. ئه‌و داوای له‌ ئێوه‌ كرد پشتگیری حكوومه‌تی به‌غدا بكه‌ین، كار بكه‌ن بۆ عێراقێكی نوێ و بۆ عێراقێكی نوێی یه‌كگرتوو. به‌ روونی، ئه‌مه‌ریكا خۆشحاڵ نییه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ی ئێوه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن.
سه‌رۆك بارزانی: ئێمه‌ هیوادارین ئه‌وه‌ی پشتگیریمان ناكات دژیشمان نه‌وه‌ستێته‌وه‌. ئێمه‌ مه‌منونین.

الجزیره‌: ئه‌وه‌ زۆر دیپلۆماسییانه‌یه‌.

سه‌رۆك بارزانی: نا به‌ جددی، دیپلۆماسییانه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ راستییه‌.

الجزیره‌: كۆمكاری عه‌ره‌بیش ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی. ئێوه‌ بۆچوونی وڵاتانی دراوسێتان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌؟

سه‌رۆك بارزانی: بێگومان ئێمه‌ رای گشتی هه‌ر هه‌موو وڵاتێكمان لا گرنگه‌. پێموایه‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ بارودۆخی ئێمه‌ تێده‌گه‌ن و له‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ش تێده‌گه‌ن. پێموایه‌ باشتره‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی تۆزێك خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بێت و پاشان بیر له‌ شتی تر بكه‌نه‌وه‌.

الجه‌زیره‌: ئه‌مه‌ جارێكی دیكه‌ به‌رد ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی پێی وایه‌ ئێوه‌ شت ده‌قۆسنه‌وه‌ به‌و بڕیاره‌ نامه‌رغوبه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی ئێوه‌، له‌ كاتێكدا ماباقی هه‌رێم له‌ كێشه‌دایه‌ و زۆر كێشه‌ روو ده‌ده‌ن.

سه‌رۆك بارزانی: ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ و وانییه‌. ئێمه‌ هیچ شوێنێكی زیادمان نه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێكیش بووبین بۆ پاراستنی خه‌ڵكێكی غه‌یره‌ كورده‌. ئه‌وه‌ ئه‌مرۆ نییه‌ ئێمه‌ داوای مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كه‌ین. ئێمه‌ ئاماده‌بووین پشتگیری ته‌واوی به‌غدا بكه‌ین سه‌رباری هه‌موو پێشێلكارییه‌كانیان. له‌ ده‌ره‌نجام له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بێن سوپاسمان بكه‌ن، دێن شكست و هه‌موو فه‌شه‌لی خۆیان به‌سه‌ر ئێمه‌دا بشكێننه‌وه‌، ئیدی چی له‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؟ چونكه‌ ئه‌و شكستی هێناوه‌ له‌ به‌غدا، ئیتر ده‌بێت ئێمه‌ بێده‌نگ بین و باسی مافی خۆمان نه‌كه‌ین؟ ئێمه‌ ئاماده‌بووین هاوكاری بكه‌ین، ئه‌و هاوكارییه‌كه‌ی قبوڵ نه‌كرد. له‌ هه‌زار و په‌نجا كیلۆمه‌تر، رووبه‌ڕووی هێزێكی تازه‌ بووین، كه‌ هێزێكی ترسناك و تیرۆریسته‌، كه‌ داعشه‌. ئێمه‌ سنوورمان نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ مالیكی. مالیكی هێزی هه‌یه‌ بێت ئه‌و شوێنانه‌ بگرێته‌وه‌؟ باسی چی ده‌كه‌یت؟ تا ئێستا چه‌ندین شه‌هید و بریندارمان داوه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی زۆر ناواقیعی گواستراوه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ شوێنی تازه‌مان گرتووه‌ و سوودمان له‌ دۆخه‌كه‌ كردووه‌ و شتی تازه‌ پێشنیار ده‌كه‌ین. ئێمه‌ ئاماده‌بووین یارمه‌تییان بده‌ین، قبووڵیان نه‌كرد. ده‌بوایه‌ پێشمه‌رگه‌ی وه‌كو سوپاكه‌ی مالیكی رابكات؟ ئه‌نجا ئه‌وكات ستایشی كورد ده‌كرا؟ ئه‌وكات رازی ده‌بوون به‌ كورد؟

الجه‌زیره‌: چۆن پێناسه‌ی دۆخی ئێستای عێراق ده‌كه‌یت؟ زۆر كه‌س پێشبینی دابه‌شبوونی وڵات ده‌كات بۆ سێ پارچه‌، سێگۆشه‌ی سوننه‌ و ناوچه‌ی شیعه‌ و هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆك بارزانی: بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزه‌. مومكینیش نییه‌ هه‌روا به‌ هیوا ئه‌م بارودۆخه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. دوو چاره‌سه‌ر هه‌یه‌: یان دابه‌شبوونێكی ته‌واو یاخود هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واوی هه‌بێت له‌گه‌ڵ شه‌راكه‌تی حه‌قیقیش، جا به‌ چی شێوه‌یه‌ك و چۆن چۆنی، نازانم. وه‌كو جاران حكوومه‌تێكی مه‌ركه‌زی یان كه‌سێك له‌ به‌غدا دانیشێت و بڵێت من سه‌رۆك وه‌زیرانم و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانم و ئه‌نجا به‌ ئاره‌زووی خۆم ئه‌كه‌ومه‌ گیانی ئه‌م خه‌ڵكه‌، ئه‌وه‌ مومكین نییه‌. ئه‌گه‌ر دانیشن پێكه‌وه‌، ئێمه‌ش یارمه‌تییان ئه‌ده‌ین چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا عێراق دابه‌شبووه‌و رۆژ به‌ رۆژ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 2483