سه‌رۆك بارزانی: دڵنیام سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لی كوردستانه‌


KRP.org | |


30/10/2017
دوای ناردنی په‌یامێك بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٩ـی١٠ـی٢٠١٧، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێنداریه‌وه‌ و تێیدا، سەرۆک بارزانی ڕه‌تی كرده‌وه‌ واده‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم درێژ بكرێته‌وه‌ و ئاماده‌یی خۆیشی بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هەمانشه‌و، سەرۆک بارزانی وتارێكی ڤیدیۆیی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد. لەو وتارەدا سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، ئه‌و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بووه‌ كه‌به‌ررزترین پله‌ش لای ئه‌و پێشمه‌رگایەتییە‌.

سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان به‌ ڕێگای ئاشتییانه‌ داوای مافی خۆی كردووه‌، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ تاوانبار ده‌كرێت. گوتشی كه‌ جارێكی ده‌ركه‌وت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ته‌نیا خۆیانن و چیاكان دۆستیانن.

سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ''وامانزانی دوای 2003 ده‌رفه‌تێكی نوێ ڕه‌خساوه‌ تا عێراقێكی دیموكراتی نوێ دابمه‌زرێنین كه‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌رك و مافی خۆی بزانێ، ده‌ستوور نووسرایه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌ند ده‌ستووری نوێ كه‌موكوڕی هه‌بوو به‌ڵام په‌سند كرا، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌ستوور پێشێل ده‌كرێ و لاواز ده‌كرێ تا به‌ره‌و نه‌مان چوو، عێراقیش كه‌وته‌وه‌ ده‌ست یه‌ك لایه‌ن. سه‌رباری ئه‌وه‌ زۆر هه‌وڵمان دا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان، به‌ڵام كه‌ڵكی نه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێستیمانیدا زۆر باسمان كرد كه‌ دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ خوێن بڕژێ، گوتمان كه‌ ناتوانین هاوبه‌شی راستینه‌ بین، با دراوسێی باش بین، ئه‌وكات هه‌ڵوێستی باشیان نیشان دا، كه‌چی ئێستا به‌ سواری تانكه‌وه‌ شه‌ڕی كوردستان ده‌كه‌ن.''

سه‌رۆك بارزانی وه‌بیر خەڵکی کوردستانی هێنایه‌وه‌ كه‌، له‌ 3ی ته‌مووزی 2014ه‌وه‌ داوای له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، یاسایه‌كی بۆ ده‌ربكرێ، كه‌ وه‌ك سه‌رۆك گوتی، ئه‌وكات ده‌یانگوت كورد یه‌ك نین و ڕای جیایان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ كار بۆ ڕاپرسی كراوه‌، په‌رله‌مان دواتر بڕیاری دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی دا، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر كوردستان فه‌رز كرا و به‌ به‌رگریی له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵ بوون، بابه‌ته‌كه‌ دواخرا.

سه‌رۆك بارزانی ڕاشیگەیاند: ''ئێمه‌ گوتمان سه‌رباری راپرسی به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانمان چاره‌ بكه‌ین، به‌ڵام دواتر دژایه‌تی و شه‌ڕمان بینی، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی جارانیان.. خۆ كه‌ مه‌به‌ستمان بایه‌ راسته‌وخۆ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یێنین، ئەو كاتە راماندەگەیاند كە سوپای عێراق ئینهیاری كردبوو یان ئەو كاتەی عێراق نغرۆی شەڕی تاییفی بووبوو".

سه‌رۆك بارزانیجه‌ختی كرده‌وه‌ ''ئه‌وه‌ی ده‌یبینین به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌ و ڕاپرسییان كرد به‌ بیانوو، ده‌مێكیشه‌ هێماكانی نیه‌تخراپییان ده‌ركه‌وتووه‌.''
سەرۆک بارزانی ڕه‌خنه‌یشی له‌ وڵاتانی جیهان گرت و گوتی ''به‌ داخه‌وه‌ له‌ كاتی پێویستدا وڵاتان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و مه‌بادئیان بیر چۆه‌وه‌، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی پێشوویان كه‌ وایان نیشان ده‌دا، له‌ به‌رگری له‌ مرۆڤایه‌تی و شكاندنی داعش، پادداشتی پێشمه‌رگه‌ و خوێنی شه‌هیدان بده‌نه‌وه‌، به‌غدایش هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بینیمان له‌وكاته‌وه‌ به‌رنامه‌یان وابووه‌، كه‌ڵك له‌و دۆخه‌ ببینن و تا گه‌یشته‌ شه‌ڕی حه‌ویجه‌ تا له‌وێ هێز كۆ بكه‌نه‌وه‌ و په‌لاماری كه‌ركووك بكه‌ن.''

''پێشتر گوتمان ده‌بێ پێشبینی گوشاری زۆر بكه‌ین، چونكه‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی باجی ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی نه‌ده‌كرا و به‌ خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات، ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌وی 15-16 ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نشتیمانییه‌ بوو كه‌ كه‌ركووك ڕاده‌ست كرا و له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر له‌ كوردستان درا.''

سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، ''پێشتر پلانمان هه‌بوو كه‌ چۆن به‌رگری له‌ كه‌ركووك ده‌كرێ و ده‌مانزانی كه‌ هه‌وڵێك بۆ له‌باربردنی دۆخی كوردستان له‌ ئارادا بێ. به‌ڵام خیانەتێکی گەورە لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر کرا، ئەوەی هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد و بە خەیاڵیشماندا نەدەهات؛ ئەو خیانەتە نیشتمانییە گەورەیە بوو کە لە کەرکووک ئەنجام درا، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان درا".
هاوكات ڕایگه‌یاند، ''دەنگی سێ ملیۆن کەس بۆ سەربەخۆیی بە کەس ناسڕدرێتەوە.''

سه‌رۆك بارزانی ڕاشكاوانه‌ش ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌م دۆخه‌ گرت و گوتی: ''ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ تیرۆریست ناویان ده‌با و وا به‌ سواری تانكی ئه‌برامز دێنه‌ سه‌ر كوردستان، ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌مه‌ریكا له‌و پلانه‌ ئاگادار بووبێ، پلانێك كه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌نفال و جینۆسایدی دی به‌سه‌ر كوردستاندا بێننه‌وه‌؟.''

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی: ''زۆر هه‌وڵمان دا شه‌ڕ نه‌بێ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ندێ شوێن پاشه‌كشه‌ی كرد تا خوێن نه‌ڕژێ، به‌ڵام هێزه‌كانی حه‌شد هه‌ر ده‌هاتنه‌ پێش و ده‌یانه‌ویست هه‌موو جێیه‌ك بگرن، ناچار پێشمه‌رگه‌ به‌رگریی كرد، له‌ هه‌ر كوێیش پێشمه‌رگه‌ به‌رگری كردبێ، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دی نه‌یانتوانیوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌.''

سه‌رۆك بارزانی ڕووی قسه‌كانی ئاراستەی به‌غدا كرد و ڕایگه‌یاند، ''كه‌ ئه‌وان باسی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، باشه‌ با نیشانمان بده‌ن له‌ كوێی ده‌ستوور باس له‌ هێرشكاری بۆ سه‌ر كوردستان كراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان شكاندنی شكۆ و هه‌یبه‌تی كوردستان نه‌بێ.''

هاوكات گوتی ''به‌ بریاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ چاره‌ی كێشه‌كان بكه‌ن، فه‌رموون ئێمه‌ ئاماده‌ین، به‌ڵام كه‌ مه‌به‌ستتان شكاندنی هه‌رێم و گه‌لی كوردستان وخۆفه‌رزكردنه‌، پێتان ده‌ڵێین هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌رگری ده‌كه‌ن و مردن هه‌ڵده‌بژێرین و ناهێڵین شكۆمان بشكێندرێ، ئه‌گه‌ریش به‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌تانه‌وێ ناسنامه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن، خه‌یاڵتان خاوه‌.''

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ''ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ براین، نابێ سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كان برایه‌تیمان تێك بدات و گرفت بۆ پێوه‌ندیمان دروست بكات.''
سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا جەختی كرده‌وه‌ کە من هه‌ر پێشمه‌رگه‌ و مه‌سعوود بازانیم، به‌ررزترین پله‌یش لای من پێشمه‌رگایەتییە.

هه‌روه‌ها ڕووی په‌یامی سه‌رۆك له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان بوو و گوتی ''دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ من له‌گه‌ڵتان ده‌بم و پێشمه‌رگه‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنیش بۆ ئێمه‌ ده‌بێ.داوایش له‌ كوردستانیان ده‌كه‌م یه‌كڕیز بن و ئیراده‌یان به‌هێز بێ، چونكه‌ ناحه‌زان له‌ هه‌وڵی شكاندنی ئیراده‌ی كوردستان ده‌كات. لە کۆاتیشدا ڕایگەیاند: دڵنیام كوردستانیان هه‌ر سه‌رده‌كه‌ون چونكه‌ دۆزه‌كه‌یان ڕه‌وایه‌.''

بۆ بینینی دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی پەنجە لێرە دابگرە





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 263