دەقی دیمانەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر


KRP.org | |


23/03/2016
بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی هەینی 18ـی 3ـی 2016 لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنبەرین زەمانی ڕۆژنامەنووس باسی چەندین پرسی چارەنووسسازی كردووە كە لە ئەلمۆنیتۆردا بڵاو بووەتەوە. دەقی دیمانەكەی بەشێوەی خوارەوەیە:

ئەلمۆنیتۆر: تۆ لە هەموو کات زیاتر باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەیت. هەندێک کەس بە گومانن، دەڵێن هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک لە کێشە ئابووری و سیاسییەکانتان. پێیان وا نییە تۆ جیددی بیت. ئایا تۆ جیددیت؟ ئەگەر جیددیت، ئایا بەروارێکمان پێ دەدەیت بۆ ریفراندۆم و، ئەو ریفراندۆمە لەسەر چی دەبێت؟

سه‌رۆك بارزانی: پێت وایە من بابەتێکی وەها هەستیار کە پەیوەندی بە چارەنووسی ملیۆنان خەڵکەوە هەیە، دوای ئەو هەموو نەهامەتیانەی چەشتوویانە، ئەو هەموو قوربانیەی داویانە، بە کار دەهێنم بۆ بەرژەوەندیی داهاتووی سیاسیی خۆم؟ ئاخر من لە دوای ئەو هەموو ئەزموونە تاڵانەی ئەو هەموو ساڵە درێژ و قورسانەی بەسەرمان بردووە، گەیشتوومەتە ئەو بڕیارە؛ چونکە هیچ رێگایەکی دیکە نەماوە. من لێت دەپرسم، چی رێگایەکی دیکەمان هەیە؟ با تەماشای پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا بکەین کە بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بووە. یەکەمیان لە ١٩٢٢ بۆ ٢٠٠٣ بوو. لەو ماوەیەدا، ٤٥٠٠ لە گوندەکانمان خاپوور کران؛ ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێن کران؛ ١٢ هەزار کوردی فەیلی ونبوون؛ ٨ هەزار لە بارزانییەکان کوژران؛ ٥ هەزار کەس کیمیاباران کران لە هەڵەبجە. ئەوە ژمارەکانی قۆناغی یەکەمە.

لە ٢٠٠٣، ئێمە بەشداریمان کرد لە رووخاندنی رژێمێک کە هەموو عێراقییەکانی دەچەوساندەوە، ئێمەش بە ئومێد بووین پێکەوە لە عێراقێکی نوێ بژیێن لەسەر بنەمای دەستوورێکی نوێ و دیموکراتی بە مافی تەواو و یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیانی. ئێمە یارمەتیی نووسینی ئەو دەستوورەمان دا و دەنگیشمان پێی دا. نیازپاکیی خۆمان نیشان دا و بە نیەتی باشەوە کارمان کرد.

بە ڕوونی لە دەستووردا هاتبوو کە پابەندبوون بە بنەماکانی کلیلی یەکێتیی عێراقە. بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرەقەڵەمێک کۆتایی بەمە هێنا. حکوومەتی عێراق بەشەبودجەی کوردی بڕی و نەیتوانی ئیلتیزامەتەکانی بەرانبەرمان لە چەندین وێستگەی هەستیار جێبەجێ بکات. هەربۆیە ئێستا ئێمە دوو بژاردەمان لە پێشە. یەکەمیان ئەوەیە دەستبەرداری هەموو مافەکانی خۆمان ببین – کەوا واز لە فیدراڵیزم بهێنین و ببینە پارێزگایەکی دیکەی عێراق. ئەوەی دیکەیان بریتییە لە چوون بۆ لای گەلەکمان بە ریفراندۆمێکەوە و لێیان بپرسین چییان دەوێت. ئەم بارودۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت. ئەگەر شتەکان بەمجۆرەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا دەکەوینە نێو خوێنڕشن و لەناوبردنی رابردووەوە.

ئەلمۆنیتۆر: ئەو پرسیارەی ئاراستەی گەلەکەتانی دەکەن چییە؟

سه‌رۆك بارزانی: هێشتا کۆتاییمان پێ نەهێناوە. ئێمە هێشتا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین.

ئەلمۆنیتۆر: هەڵبژاردەکان چین؟

بارزانی: تەنها یەک پرسیار دەبێت.

ئەلمۆنیتۆر: مەبەستت ئەوەیە کە ئایا خەڵک سەربەخۆییی کوردستانی دەوێت یان نا؟ ئایا ئەو ریفراندۆمە پێشنیاز کراوە لە ناوچە کێشەلەسەرەکانیش ساز دەکرێت هەروەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەوەی لە خەڵکی ئەو ناوچانە بپرسن ئاخۆ دەیانەوێت وەک بەشێک لە عێراقدا بمێننەوە یان بەشیک بن لە کوردستانێکی سەربەخۆ؟

سه‌رۆك بارزانی: ئەوەش بە هەمان شێوە بەشێکە لە پرۆسەکە.

ئەلمۆنیتۆر: واتا ئەم دوو پرسیارە جیاوازە لە یەک راپرسیدا بخەنە روو؟

سه‌رۆك بارزانی: هێشتا بڕیارمان نەداوە. رەنگە پرسیارەکان پێکەوە بن یان بە جیا بن. بەڵام ریفراندۆم هەر دەکرێت.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام ئایا بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ دەکرێت؟

سه‌رۆك بارزانی: من بەوپەڕی قەناعەتەوە دەڵێم، مەگەر ئەو هەلومەرجانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەن لێ دەربچێت، بەڵێ ئێمە ئەمساڵ سازی دەکەین.

ئەلمۆنیتۆر: هیچ بەروارێکتان لە خەیاڵە؟

سه‌رۆك بارزانی: وابزانم پێش مانگی تشرینی یەکەم دەبێت [بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەم].

ئەلمۆنیتۆر: لە هەموو جیهاندا بۆچوونەکە وەهایە کە بۆ ئەوەی کوردستان بتوانێت وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە، ئەوا پێویستی بە پشتیوانیی یەکێک لە دوو هێزە ناوچەییەکان، تورکیا یان ئێران، دەبێت. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، بینیومانە سیاسەتی تورکیا لە بەرژەوەندیی ئێوەدا گۆڕاوە. ئایا تورکیا پشتیوانیی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دروستبوو لە عێراقدا دەکات؟

سه‌رۆك بارزانی: لە سەرەتادا تورکیا لە دژی فیدراڵیزمی کوردستان بوو و ئێشتایش تەماشای پەیوەندییەکانی ئەمڕۆمان بکە. تا ئەوکاتەی ریفراندۆمەکە بۆ تەنها کوردستانی عێراقە، ئەوە هیچ پەیوەندی بە کوردی تورکیاوە نابێت [هیچ کێشەی تێدا نابێت]. هەربۆیە ئومێدەوارین کە تورکیا تێبگات لەوەی کوردستان داوای دەکات. لە هەمان کاتدا ئێمە لەگەڵ بەغدا قسە دەکەین، هاوکاتی قسەکردن لەگەڵ تورکیا ئێمە لەگەڵ ئێرانیش قسە دەکەین. ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە و هاوسەنگانە بیکەین.

ئەلمۆنیتۆر: کەوایە پێت وایە ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنیت، حکوومەتی ئێستای تورکیا قه‌بووڵی بکات؟

سه‌رۆك بارزانی: لەو بڕوایەدام ئەگەر حکوومەتی داد و گەشەپێدانی ئێستا کوردستانێکی سەربەخۆ قه‌بووڵ نەکات و ددانی پێدا نەنێت، ئەوە هیچ حکوومەتێکی دیکە لە تورکیا بیکات.

ئەلمۆنیتۆر: رەجەب تەییب ئەردۆغان هەتا ٢٠١٩ سەرۆکی تورکیا دەبێت. ئایا تۆ دەڵێیت دەبێت شتێک لە نێوان ئێستا و ئەوکاتە روو بدات؟

سه‌رۆك بارزانی: مەبەستت چییە لە روودان؟

ئەلمۆنیتۆر: مەبەستم ئەوەیە کە پێویستە سەربەخۆیی لەم ماوەیەدا بکرێت، وایە؟

سه‌رۆك بارزانی: کاتێک ئەردۆغان سەرۆکوەزیران بوو، ئەوە ئەو بوو کە هات بۆ هەولێر و لە هەولێر گوتی کە سەردەمی نکوڵیکردن لە کورد تەواو بووە. ئەمە پێشکەوتنێکی زۆر گرینگ بوو. من چەندین جار چاوم بە ئەردۆغان کەوتووە و بینیومە، ئەردۆغان لە زۆربەیان زیاتر تێگەیشتێکی باشتری بۆ پرسی کورد هەیە. ئەوەی من لە ئەردۆغانم بیستووە لە کەسی دیکەم نەبیستووە.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام تورکیا کێشەیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ کوردەکانی خۆی و بە خێرایی بەرەو خراپتریش دەچێت. وای بۆ دەچم کە تا ئەوکاتەی تورکیا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات، تەنانەت ئەگەر تورکیا پشتیوانی سەربەخۆییی ئێوەش بکات، لەسەر بنەمایەکی تۆکمە نابێت.

سه‌رۆك بارزانی: ئێمە خۆزگەمان دەخواست پرۆسەی ئاشتی رانەوەستایە و ئەوپەڕی هەوڵمان دا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت. نامەوێت بچمە وردەکارییەکانەوە، بەڵام پێم وایە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ـی حوزەیرانی ٢٠١٥ کاتێک پارتی دیموکراتی گەلان ٨٠ کورسی لە پەرلەمان بەدەست هێنا، ئێمە بەیاننامەیەکمان بڵاو کردەوە بەوەی هەڵەیەکی مێژوویی دەبێت ئەگەر ئەوان بەشداری نەکەن لە حکوومەتێکی هاوپەیمانی [لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان]. ئەوسا من وامدەزانی کە ئەوە پارتی داد و گەشەپێدانە قه‌بووڵ ناکات هەدەپە بچێتە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە، بەڵام دواتر لە خەڵكانی ناو هەدەپەم بیست ئەوە ئەوان بوون نەیاندەویست ببنە بەشێک لە هاوپەیمانییەکە. پێم وایە ئەوە هەڵەیەکی گەورە بوو.

ئەلمۆنیتۆر: رەنگە لەبەر ئەوەی ئەوان نەیانویستبێت پشتیوانیی ئەردۆغان بکەن تا ببێتە "سوڵتان"؟

سه‌رۆك بارزانی: سەردەمی سوڵتان کۆتایی هاتووە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەشێک بوونایە لە هاوپەیمانییەکە، دەیانتوانی بە هەندێک لەو پرسانەی جێی نیگەرانیی ئەوان بوو بیانگوتبایە نەخێر. پێم وایە تا ئەو کاتەی دەرفەتێک هەبوو بۆ ئەوان لە پەرلەمان بن تاوەکو شەڕ بۆ گۆڕانکارییەکان بکەن، دەبوایە ئه‌و هەله‌یان بقۆستبایەوە. ئێستا من زۆر نیگەرانم و دەترسم. کاتێک دەبینین تەقینەوە لە ناو شارەکان دەکرێن، کردەوەی تیرۆریستی لە ناو شارەکان، لەژێر ناوی رێکخراوی تیرۆریستی ناڕوون دەکرێن، لە کۆتاییدا گەلی تورک کوردەکە به‌ بەرپرسیار دەزانن. دەترسم ئەمە پەرە بسێنێت بۆ شەڕێکی نەتەوەیی نێوان کورد و تورک.

ئەلمۆنیتۆر: وا پێدەچێت گوشاری زیاتر و زیاتر لە تورکیاوە لەسەرتان بێت بۆ ئەوەی هەنگاو دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان بنێن، رەنگە لە شنگال. هەست بە گوشارە دەکەن؟

سه‌رۆك بارزانی: نەخێر ئێمە ئەجێندای خۆمان هەیە.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام من لە مەسروور بارزانیی کوڕتانەوە بیستم کە دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات.

سه‌رۆك بارزانی: بێگومان دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و، دەمانەوێت ئەوان شنگال بە ئاشتیانە چۆڵ بکەن نەک بە زەبری هێز.

ئەلمۆنیتۆر: ئەمەریکاییەکان لە بری ئێوە لەم پرسەدا تەدەخول دەکەن؟

سه‌رۆك بارزانی: ئەمەریکاییەکان لە مەسەلە ناوخۆییەکاندا دەستوەردان ناکه‌ن. بەڵام ئەمەریکاییەکان دەزانن کە هیچ بەهایەک بۆ بوونی پەکەکە لە شنگال نییە.

ئەلمۆنیتۆر: هەڵسەنگاندنتان چییە بۆ راگەیاندنی فیدراڵیەتی باکووری سوریا؟

سه‌رۆك بارزانی: پێم وایە چەمکی فیدراڵی بۆ بارودۆخی سووریا گونجاوە. بەڵام دەبێت لە نێوان خودی سووریاییەکان تەوافوق لەسەر ئەمە بکرێ. کاتێک ئێمە فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستانمان راگەیاند لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٢، تاکلایەنە نەمان کرد.

ئەلمۆنیتۆر: پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە پێدەچێت هێزی سەرەکیی پشت ئەم راگەیاندنە بێت، دەڵێت پابەندە بە رێزگرتن لە گرووپەکانی دیکە و دیموکراسی.

سه‌رۆك بارزانی: لە ڕێی کردەوەکانیان، پەیەدە پێناچێت زۆر جیددی بن لەسەر دیموکراسییەت.

ئەلمۆنیتۆر: ئەی راتان چییە سەبارەت بە قووڵبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان و تەنانەت سیاسییەکان لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەلی هی کوردەکانی سووریا لەگەڵ ئەمەریکاییەکان؟

سه‌رۆك بارزانی: هەر پشتیوانییەک بۆ پەیەدە واتا پشتیوانیکردنی پەکەکە.

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە پەیەدە و پەکەکە یەک شتن؟

سه‌رۆك بارزانی: بەڵێ یەک شتن.

ئەلمۆنیتۆر: ئەمەریکاییەکان پێیان وایە ئەمە وابێت؟

سه‌رۆك بارزانی: ئەوان زۆر چاک دەزانن، بەڵام نایانەوێت بڵێن کە زۆر باش دەزانن. ئەولەویەتی ئێمە و ئەمەریکاییەکان جەنگی دژ بە داعشە، بۆیە رەنگە چاو لەو شتانە بپۆشن.

ئەلمۆنیتۆر: کەوایە با باس لە شەڕی دژ بە داعش بکەین. پێت وایە دەبێت مووسڵ پێش سەربەخۆیی خەمی بخورێت؟

سه‌رۆك بارزانی: هیچ پەیوەندییەک نییە لە نێوان مووسڵ و سەربەخۆییی کوردستان.

ئەلمۆنیتۆر: هیچ؟، دەتوانیت سەربەخۆ بیت و داعشیش هێشتا لە مووسڵ بێت؟

بارزانی: بۆچی نا؟

ئەلمۆنیتۆر: رەنگە دراوسێی مەترسیدار بن.

بارزانی: کورد راهاتووە لە نێو زەحمەتیدا بژیێت.

ئەلمۆنیتۆر: بۆچی پێت وایە ئێستا باشترین کاتە بۆ سەربەخۆیی؟

سه‌رۆك بارزانی: من هەمیشە باوەڕم بەمە هەبووە. کاتێک کەسێک لێمان دەپرسێت: "بۆچی ئێستا؟" منیش لێیان دەپرسم: "بۆچی ئێستا نا؟."

ئەلمۆنیتۆر: لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەغدا سەری نەگرت؟

سه‌رۆك بارزانی: فەشەلی هێنا.

ئەلمۆنیتۆر: چۆن سنوورەکانی دەوڵەتەکەتان دیاری دەکەن و، چۆن قەناعەت بە حکوومەتی ناوەندی دەکەن؟ چی لە کەرکووک دەکەن؟

سه‌رۆك بارزانی: ماددەی ١٤٠ـی دەستوور، کە هەرگیز لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە جێبەجێ نەکرا، داوای ریفراندۆم لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات، لە کەرکووک و لە شنگال. ئەگەر خەڵکەکەیان بڵێن دەمانەوێت ببینە بەشێک لە کورستان، ئەوا دەبێت دەنگەکانیان ببیسترێن و رێزیان لێ بگیردرێت. ئەگەریش بڕیان دا نەبن بەشێک لە کوردستان، ئەوا گوێ لە دەنگەکانیان دەگرین و رێزیان لێ دەگرین.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام پێت وایە ئەمەریکا رۆڵی هەیە بیگێڕێت بۆ یارمەتیدان لە گواستنەوەیەکی هێمنانە؟

سه‌رۆك بارزانی: هیچ لایەک ناتوانێت وەکو ئەمەریکا رۆڵێکی وەها گەورە بگێڕێت و، ئێمە سوپاسگوزار دەبین ئەگەر ئەو رۆڵە بگێڕن. گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا زۆر گرینگن بۆ سەلامەتیی کورد و سوپاسگوزاریان دەبین ئەگەر رووبەڕووی سەربەخۆییی ئێمە نەبنەوە.

ئەلمۆنیتۆر: بێگومان کێشەیەکی دیکە نەبوونی یەکگرتووییە لە نێو کورد خۆیدا.

سه‌رۆك بارزانی: ئێمە بە جیددی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە گفتوگۆداین و لەگەڵ پارتەکانی دیکەش هەروا. گۆڕان رۆڵێکی رووخێنەری گێڕاوە و خۆیان بێبایەخ کردووە.

ئەلمۆنیتۆر: ئێوە کە بەرەو سەربەخۆیی دەچن، نەخشەڕێگاتان هەیە؟

سه‌رۆك بارزانی: بەڵێ بێگومان. ئێمە پەرلەمان کارا دەکەینەوە و دەستەیەکی سەرۆکایەتیی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرین. سەربەخۆییی کوردستان لە پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان گرینگترە. ئەوەی دەیەوێت بەشێک بێت لێی، ئەوە بەخێربێت و ئەوەشی دەیەوێت لە دژی بێت، ئەوە دەبێت بڕۆن و رێگای خۆیان بدۆزنەوە.

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە دەبێت ئێوە لەم قۆناغە هەستیارەدا وەکو سەرۆک بمێننەوە؟

سه‌رۆك بارزانی: ئامانجی من گەیشتنە بەو خاڵە، بەوەی کوردستانێکی سەربەخۆمان هەبێت. ئەوەش بەڵێنێکە لە منەوە. ئەورۆژەی کوردستانێکی سەربەخۆمان بەدەست هێنا، من چیتر سەرۆکی ئەو کوردستانە نامێنمەوە. هەروەها من پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم و با یەکێکی دیکە جێگای من بگرێتەوە. ئەمە بەڵێنێکە لە منەوە و من سەرۆکی کوردستان نابم.

ئەلمۆنیتۆر: بە ڕاستی؟

بارزانی: بەڵێ. ئامانجی من دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆیە، نەک لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنمەوە.

ئەلمۆنیتۆر: پلانەکانتان ئەوەبوو کە داهاتی نەوت و وزە کۆمەکی داراییی وڵاتەکەتان دەکات. نرخی نەوت دابەزیوە. ئایدن سەلجن، كۆنسووڵی پێشووی تورکیا، پێشنیازی کرد کە تورکیا پشکی سەرمایە بەرهەمهێنانەکانی کوردستانی عێراق بکڕێت و کۆمەکی دروستکردنی بۆرییەکی غازی سروشتی بکات، کە هەموویان دەگاتە نزیکەی ٨ ملیار دۆلار. ئەمە شتێکی باشە؟ ئایا ئەمەتان لەگەڵ حکوومەتی تورکیادا باس کردووە؟

سه‌رۆك بارزانی: نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی شتەکانەوە. باشترە ئەم پرسیارە وردەکارییە لەسەر ئابووری و نەوت ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەیت، چونکە ئەوان لەمە بەرپرسیارن.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام رەخنەیەکی گشتی هەیە لەسەر ئەوەی گرێبەستەکانی وزە چۆن دەکرێن، گوایه‌ زۆر شەفاف نین؟

سه‌رۆك بارزانی: کەموکوڕی هەیە، بەڵام من وردەکارییەکانم لەلا نییە، باشترە لە ئەنجوومەنی وەزیران بپرسیت.

ئەلمۆنیتۆر: لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەچێتە ئانکارە بۆ باسکردنی غاز.

سه‌رۆك بارزانی: غاز موڵکی هەموو خەڵکی کوردسانە. دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە بەم پرسانەوە بکات نەک پارتە سیاسییەکان. لەسەر نەوت و غاز، ئەوە کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و نەک کاری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان.

ئەلمۆنیتۆر: وا پێدەچێت مەسەلەی گەندەڵی لەم کاتە پڕزەحمەتییەدا زیاتر باسی لێوە بکرێت. پلانەکانتان چین بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی؟ ئێوە ئامادەن نموونەیەک دروست بکەن بەوەی لایەنە تۆمەتبارەکان سزا بدەن ئەگەر تەنانەنەت پلەیەکی بەرزیشیان هەبێت؟

سه‌رۆك بارزانی: دوێنێ کۆبوونەوەیەکی زۆر گرینگم هەبوو لەگەڵ بەرپرسی دەزگا قەزاییەکان. ئەمانە ئەو دەزگایەنەن کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی چاکسازی دارایی.

ئەلمۆنیتۆر: کەوابێت هەندێک دەستگیرکردن یان لێکۆڵینەوەی قەزایی دەبینین؟

سه‌رۆك بارزانی: من شتێکم پێ گوتن: کەس بەدەر نییە. ئەگەر شتێکتان لەسەر من بینییەوە، بانگم بکەن و دێم بۆ دادگا. دەبێت نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بێن بۆ دادگا ئەگەر شتێکیان لەسەر هەبێت. سەرەتا دەبێت لە خێزانی خۆمەوە دەست پێ بکەم و ئینجا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و، ئینجا بۆ پارتە سیاسییەکانی دیکەش. من بەو دەزگایانەم گوت کە ئەوان پشتیوانیی تەواوەتیی منیان هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی پۆستەکانی خۆیان قۆستۆتەوە. پێم گوتوون ئێوە بەرپرسیارن لە دژایەتیکردنی گەندەڵی. بۆیە من دەمەوێت ئێوە ئەم شەڕە بکەن؛ بەڵام ئەگەر ئێوە کاری خۆتان نەکەن، ئەوا من لە پشتی ئێوە دەچم و خۆم رووبەڕووی گەندەڵی دەبمەوە. بەڵام دواتر گلەیی نەکەن کە من یاساشكێنی دەکەم لە کوردستان، لەبەر ئەوەی زۆر گرینگە بۆ ئێمە لە کوردستان کە رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و لە بەرانبەر ئەو کەسانە بوەستین کە پێگە حکوومییەکانیان بەکار هێناوە بۆ گرێبەستی نەوت، فرۆشتنی زەویی کشتوکاڵی و شتی لەوجۆرە. هەرکەسێک بەرپرسیار بێت لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکوەزیران و هەر وەزیرێک، بەرپرسی هەر پارتێک، هەر بەرپرسێکی ئەمنی، دەبێت هەموویان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو شتانەی کردوویانە.

ئەلمۆنیتۆر: من لەگەڵ زۆر گەنج قسەم کردووە و گلەیی لەبارەی گەندەڵییەوە دەکەن.

سه‌رۆك بارزانی: بەلای ئێمەوە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی مەسەلەی مان و نەمانە. چۆن لەبەرانبەر داعش بە هەموو هێز و توانایەکەوە کە هەمانبوو شەڕمان کرد، بە هەمان ئیرادەوە رووبەڕووی گەندەڵی دەبمەوە.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1605