بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو


KRP.org | |


23/09/2017
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شەو و رۆژ داوای دواخستنی ڕیفراندۆممان لێدەکەن، فشار بەردەوامە، دەڵێن ڕیفراندۆم دوابخەن، پاشان لەگەڵ بە‌غدا دەست بە گفتوگۆیەکی کراوە بکەن، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو، ئێمەش دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی و بە دڵێكی ساف و بە مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای 25ی ئەیلوول. تازە زۆر درەنگە و کات بۆ ئەو جۆرە قسانە نەماوە و سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانەش دەمەوێت یەک شت بە خوای خۆم و بە ئێوەش بڵێم، من ئەو کەسە نیم خۆم شەرمەزای میللەتی خۆم بکەم.

ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵێکی فراوان و گەورەدا بوو کە ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٢ـی٩ـی٢٠١٧، لە یاریگای نێودەوڵەتیی فەرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەیانهەزار هاووڵاتی، وەک گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو.

دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشک و برایانی بەڕێز، سوپاسی بێ پایان بۆ ئێوەی خۆشەویست، جەماوەری شاری هۆلاکۆبەزێن هەیە. شاری ڕەسەن. ببورن دەزانم ئەمە چەند سەعاتێکە ئێوە لەبەر ئەم گەرمایە لێرە چاوەڕوانن. بەڵام بۆ سەربەخۆیی هەموو فیداکارییەک ئاسانە. سوپاسی ماندووبوونتان دەکەم و دەشززانم هەولێر هەر هەولێرە.

ئازیزان: ئەمڕۆ کە لێرە کۆبووینەتەوە، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ، بەناوی هەموو گەلی کوردستانەوە بڵێین: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.

رەنگە زۆر کەس ئەو پرسیارە بکەن، بۆ گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا؟ ئێمە چەند ساڵێکە گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە ئیتر ئێمە لەگەڵ بەغدا چیتر ناتوانین بژین. زۆر هەوڵمان دا، لەگەڵ هەموو لایەنەکان، لەگەڵ خودی بەغدا، کە چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ گرفتانەی کە هەن. ئیلتزام بە دەستوور بکرێت، شەراکەت قبوڵ بکەن هەروەکوو لەسەری ڕێککەوتبووین، بەڵام بەداخەوە نە شەراکەت ما، نە دەستوور ما، لەو دەستوورەشدا هاتووە: "ان الالتزام بهذا الدستور یحفظ للعراق اتحاده الحر" ناڵێ وەحدەتە، دەڵێت ئیتیحادە، واتە پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە.

ئێمە وامان دەزانی دوای 2003 دەرفەتێکی تازەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق کە عێراقێکی تازە دروست بکەینەوە و، خەڵکی کوردستان رۆڵێکی سەرەکییان بینی، ئێمە وامانزانی وێرانکردنی 4 هەزار و 500 گوند، بزرکردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی، 8 هەزار بارزانی، ئەنفالکردنی 182 هەزار کەس لە ساڵی 1988، کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرتاسەری کوردستان، ئێمە وامانزانی ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردستاندا هاتوون، ویژدانی جیهانیان هەژاندووە و بەغدای تازەش ئەم هەموو کارەساتانە بۆ گەلی کوردستان قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە، هەر پاش ماوەیەکی زۆر کورت بۆمان دەرکەوت کە زۆرێک لەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەسەڵاتدارن نەک هەموویان، زۆریان تەنیا دەموچاویان گۆڕاوە، ئەگینا هەڵگری هەمان عەقڵییەتی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانن.

لە 2003 تاوەکو 2005 دوای ئەوەی دەستوورێک بۆ عێراق نووسرایەوە، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، بەڵام گەلی کوردستان لە دەنگداندا ئەو دەستوورەی رزگارکرد، ئێمە پێی رازی بووین، بەڵام بەغدا ئیلتزامی پێنەکرد، شەراکەت نەما، دەستوور نەما، ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەکرا، بەپێی دەستوور دەبووایە چەک و بودجەی پێشمەرگە بێت، بەڵام یەک فیشەکیان بۆ پێشمەرگە نەنارد، بڕینی بودجە، کە ئەویش بەشێوەی خۆی ئەنفالێكی دیکە بوو بەرامبەر کورد کرا.

بڕیاربوو دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراتی لە عێراق دروست بکرێت، بەڵام پرسیار لەهەموو کەسێک دەکەم، ئایا ئەمڕۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراتی لە عێراق حاکمە یان دەوڵەتێکی مەزهەبی؟.

تا ئەمڕۆش لە کاتێکدا کە پێشمەرگە قارەمانەکان لەوپەڕی ناخۆشی و سەختیدا بوون و لە شەڕێکی سەختی تیرۆریستانی داعشدا بوون، ئەگەر بارێکی چەک بۆ پێشمەرگە بهاتبایە دەبوو بچێتە بەغدا و لەوێ بیپشکنن، ئەگەر ئەوان رازی نەبووبان فیشەکێكیش بۆ پێشمەرگە نەدەهات، ئەوەبوو حاڵی ئێمە بەدەست بەغداوە.

لاتێک باسی ڕیفراندۆم کرا، نەک لە ڕۆژی ٧ـی٦، ئەو نڕیارە درا، پێشتر زۆر باس کرا، لەگەڵ هەموو لایەنەکان، پێمان گوتن بەجیدی وەری بگرن، ئەمە مەسەلەیەکی جیدییە، ئێمە بێتاقەت بووین، ماندووبووین، ناتوانین لەمشێوە پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین، بەڵام بەهەندیان وەرنەگرت، زۆرێکیان وایان دەزانی ئەمە کارتی فشارە و یان هەندێکجار دەیانگوت ئەمە بۆ دەربازبوونە لە قەیرانی ناوخۆ. کاتێک لە ڕۆژی ٧ـی٦ حوزەیران بڕیاری ڕیفراندۆم درا کە بڕیارێکی بوێرانە بوو، من جارێکیتر دەستخۆشی لە هەموو ئەو حیزب و لایەنانە دەکەم کە ئەو بڕیارەیان دا، ئینجا هەموو لایەنەکانی دەرەوە و لە بەغداش هەندێكیان پێیانوابوو کە لەنێوخۆماندا دووبەرەکی دروست دەبێت و هەر خۆبەخۆ ناهێڵین ئەم پرۆسەیە سەربگرێت، بۆیە دیسان جارێکی دیکەش بە هێندیان وەرنەگرت و گرنگییان پێ نەدا.

ئەو رۆژی کە بڕیارەکە (بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم) درا، ئەم لایەنانەی کە تەهدیدمان دەکەن و هەڕەشەمان لێدەکەن، رۆژێک نەهاتن بڵێن: بۆ ئەمەتان کرد؟ ئەرێ رێگەچارەیەکی دیکە هەیە؟ بەڵام کەوتنە تەهدید و داوای نەهێشتنی ڕیفراندۆم، ئێستاش ڕیفراندۆم لەدەستی من و حیزبەکان و هەمووان دەرچووە و کەوتووەتە دەستی ئێوە (خەڵکی کوردستان).

پێشان هەڵوێستی نێودەوڵەتی زۆر نەرم بوو، زۆر سەیرە لای من تائێستاش کەس ناڵێ ئێمە دژی ڕیفراندۆمن و دەڵێن کاتەکەی موناسیب نییە، بەڵام بەڕاستی ئێمە نازانین ئەو رۆژەی کە موناسیبە، رۆژی بەختی کوردستان کەیە؟ ئەمە 100 ساڵە ئەو رۆژە نەها، بەغداش بەو هەڵوێستەی دەرەوە تەشجیع بوو، ئەگینا پارساڵ وەکو ئەمڕۆژانە ئێمە بە شاندێکی گەورە چووینە بەغدا، هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا زۆر نەرم بوو، ئێستاش بووەتە قەزیەی جەماوەر و لەدەست ئەشخاس و ئەحزاب دەرچووە. شەو و رۆژ داوای دواخستنی ڕیفراندۆممان لێدەکەن، فشار بەردەوامە، دەڵێن ڕیفراندۆم دوابخەن، پاشان لەگەڵ بە‌غدا دەست بە گفتوگۆیەکی کراوە بکەن، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو، ئێمەش دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی و بە دڵێكی ساف و بە مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای ٢٥ـی ئەیلوول.

تازە زۆر درەنگە و کات بۆ ئەو جۆرە قسانە نەماوە و سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانەش دەمەوێت یەک شت بە خوای خۆم و بە ئێوەش بڵێم، من ئەو کەسە نیم خۆم شەرمەزای میللەتی خۆم بکەم.

کە ئێستا حیساب بۆ خواستی گەلەکەمان نەکا، کە زۆر زۆر بە ئاشتی و دیموکراتیانە تەنیا داوای ئەوە دەکات: رێگەم بدەن دەنگی خۆم بدەم، چیم دەوێت؟ تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوانابینن، چەند بیری لێدەکەمەوە بۆ قبوڵی ناکەن، وەڵڵاهی بەڕای من هۆکارەکەی تەنها ئەوەیە کە دەیانەوێت ئیرادە و کەرامەتی ئێمە بشکێنن، ئەگینا هیچ شتێکی دیکە نییە. ئایا چ گوناهی تێدایە میللەتێک بڵێت: من دەمەوێت رێگەم بدەن سەربەخۆ بم. نابی ئەمەش بڵێی!

پاشان ڕیفراندۆم بۆ دەستنیشانکردنی سنوور نییە، بۆ سەپاندنی ئەرزی واقیع نییە، هەنگاوی یەکەمە، گەڵێک دەڵێت: من دەمەوێت سەربەخۆبم. خواست و داواکاری ئێمە لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، لەدوای ٢٥ـی ئەیلوول وەرن گفتوگۆیەکی جددی بکەین لەسەر سنوور، لەسەر ناوچەکان، لەسەر نەوت، لەسەر غاز، لەسەر ئاو و لەسەر هەموو شتێک. بەڵام پێمان بڵێن ئێستا و لە ئاندەش هەموو داواکارییەکی ئێوە قبوڵ نییە، پێمان بڵێن بگەڕێنەوە بۆ هێڵی سەوز، کە بۆ زانیاریتان هێڵی سەوز ، هێڵی تەماس بووە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەردەمی سەدام. واتە بگەڕێینەوە بۆ نزیکی قوشتەپە تا هەرکاتێک بیانەوێ بە تۆپخانە لە هەولێر بدەن. نە ڕیفراندۆم سنووری کوردستان دەستنیشان دەکات و نە قابیلی قبوڵە رۆژێک لە رۆژانیش بۆ یەک دەقیقەیش لەبارەی سنووری کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەین لەسەر خەتی سەوز کە خۆیان پێیدەڵێن.

ئێمە ئامادەین و بەجیدی بەردەوام دەبین لە هاوکاری لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕ بکەین. لێرەدا سوپاسی هاوپەیمانانیش دەکەم لەکاتی شەڕی ئێمە لەگەڵ داعش یارمەتی ئێمەیان داوە.

بەڕێزان موعانات و کارەساتی گەلی ئێمە چیرۆکێکی زۆر قووڵە. لەوەتەی دەوڵەتی تازەی عێراق دامەزراوە، ئێمە هەر دەڵێین براین، با برابین، با شەریک بین. لەکوێی دونیا دیوتانە میللەتێک 182 هەزار کەسی بێسەروشوێن کرابێت کە بەشی هەرەزۆریان ژن و منداڵ بوون، گەنجەکانی فەیلی و بارزانییەکان بردیانن بۆ ناوچەکانی عەکاشات و قائیم، تەجروبەی چەکی کیمیاییان لەسەر کراوە. لەکوێی دونیا هەیە دەوڵەتێک میللەتی خۆی بە ژەهری کیمیایی ئیبادە کردبێت، ئینجاش بچینەوە و بڵێین: ئێمە برای یەکین و دەستی برایەتیتان بۆ درێژ دەکەین، ئەوانیش پێمان بڵێن: ملتان بشکێ، بڕۆنەوە ئێوە نانی ئێمە دەخۆن.

هەر لە شەڕی داعش تا ئەمڕۆ 1789 قارەمان شەهید بوون و 10 هەزار و 199 قارەمانیش بریندار بوون، کە زۆریان ژیانیان لێ تاڵبووە، وایان لێهاتووە ناتوانن بژین، بە جۆرێک پەکیان کەوتووە وەکو شەهید وان.

زۆر لەو دۆستانەی دەرەوە کە دەهاتنە لامان ماوەی نیو سەعات هەر ستایشی قارەمانێتی پێشمەرگەیان دەکرد، بە هەقیقەتیش وایە، ئەوەی پێشمەرگە کردی، من تەحەدا دەکەم سوپایەکی دیکە لە هەموو جیهان هەبێت بتوانێت بەو چەکەی پێشمەرگە ئەو دوژمنە بشکێنێت. کوا دەبابە و مودەرەعە و تۆپی گەورەی بە ئێمەیان داوە؟ ئەوەی هەمانبووە ئەوەبووە کە لە سوپای سەددام دەستمان کەوت، ئەویش هەمووی کۆن و بێکەڵکە، بەڵام پێشمەرگە بەکاریهێنا و ئەفسانەی داعشی تێکشکاند.

ئێمە گەلێکی بەوەفاین، بەڵام جارێکی دیکە دەڵێم، سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین کە هاوکارییان کردین، بەڵام ئێمە خوێنمان دا. بەڵێ زۆر ستایشی پێشمەرگەیان دەکرد بەڵام ئێستا قبوڵ ناکەن دایک و کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، شەهیدانی ئەنفال، پاشماوەکانی ئەنفال، کیمیاباران و هەموو خەڵکی کوردستان بێن و تەنیا ئەوە بڵێن، تەنیا دەمانەوێت سەربەخۆبین. لێیان گەڕێن با ڕای خۆیان دەرببڕن، پاشان ئەنفالێكی ترمان بکەنەوە.

من لێرەدا بەپێویستی دەزانم باسی چاوپێکەوتنێکی خۆمتان لەگەڵ سەرۆک بۆش بۆ بکەم. ساڵی 2006 جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمەریکا هاتە قاعیدەی ئەسەد لەسەر سنووری سووریا و ئوردن لە پارێزگای رومادی، داوایان کرد منیش چوومە ئەوێ، هەموو قیاداتی عێراقی هاتبوون. بۆش زۆر قسەی کرد و پاشان رووی لەمن کرد و گوتی: ئێمەی خەڵکی تێکساس و ئێوەی خەڵکی کوردستان زۆر وەکو یەکین، هەردووکمان ئازاین، نەوتمان هەیە، ئاڵای خۆمان هەیە، مەردین، بەڵام هەردووکیشمان عاقڵین. ئێمە بینیمان ئەگەر لەگەڵ واشنتن بین بەهێزتر دەبین، ئێوەش بینیتان ئەگەر لەگەڵ بەغدا بن بەهێزتر دەبن، منیش پێمگوت؛ جەنابی سەرۆک وەڵڵا ئەوەی بەغدا بەسەر ئێمەی هێناوە، واشنتن بەسەر ئێوەی تێکساسی هێنابا، بە حەیاتت نەدەچوویتە واشنتن.

بەڵێ ئێمە چووینەوە بەغدا، بە‌ڵام فەرهەنگێکیان دروست کردووە، کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبن، کامەیان زیاتر جنێو بە کوردستان بدات، تەهدید بکات، نکۆڵی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات، دەنگی زیاتر دێنێت، دەوەرە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی وا پێکەوە بژی.

لە 2003 ـەوە هەرچی بە ئێمەیان گووت، گوتمان باشە و هەرچی وەعدێکیان پێداین جێبەجێیان نەکرد و هەمووشی بە زیانی ئێمە تەواو بوو. ئێستاش چەند دوابکەوین ئێمە زەرەرمەندین. بۆیە هەرچی زووترە دەستی ئەم گەلە خۆش بێت، دەستی ئێوە خۆشبێت، رۆژی 25ی مانگ بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و چارەنووسی خۆتان دیاری بکەن، ئەوەی لەگەڵ ئەمە بێ، ئەوە سندوقەکان، ئەوەی بشترسێت با نەچێت یان با بڵێ نەخێر.

لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە نیگەرانن لەوەی کە تەرکیز لەسەر شەڕی داعش نەمێنێت، هەروەها ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە. من لێرە بە ناوی پێشمەرگە قارەمانەکانەوە و بە ناوی گەلی کوردستانەوە بە مەجلیسی ئەمن دەڵێم: ئێمە تائکید دەکەینەوە لە شەڕی دژی داعش سوورتر دەبین، زیاتریش لە جاران شەڕی داعش دەکەین.

بەنیسبەت ئاوارەکانیش، ئەو ئاوارانەی کە لە کوردستانن، میوان و برای ئێمەن، تەوسیەی من بۆ هەر هەمووتان ئەوەیە وەکو چاوی خۆتان بیانپارێزن، ئیحترامیان بگرن، موشکیلەی ئاوارەکان لە کوردستان نییە، لە فەللوجەیە، لە تکریتە، لە بەغدایە، با لەوێ بگەڕێنەوە، ئەگینا ئێمە چ موشکیلەمان نییە.

دراوسێکانمان، برادەرینە ئەوە 25 ساڵە، ئایا بەس نییە بۆئەوەی بۆتان دەرکەوێت کە ئێمە عاملی تەهدید نین بۆ ئێوە. بۆ پێکەوە دانەنیشین و هەرچی گرفت و مەترسی هەیە بەلاوەی بنێین؟ بۆ بە زمانی تەهدید قسەمان لەگەڵ دەکەن، چ سوودێکی هەیە؟

زۆرێک دەپرسن. بەڵێ وەڵڵاهی تۆ داوای سەربەخۆیی بکەیت موجازەفەی تێدایە. بەڵام دانیشی و چاوەڕوان بی چ دەبی؟ یان خەڵکی تر بڕیار لە چارەنووسی تۆ بدات، ئەو موجازەفەیە مردنە، مەرگە، سەدجار لەوە خەتەرترە تۆ موجازەفە بکەیت و بڕیاری خۆت بدەی.

سیستەمی ئایندەمان، بەشێوەیەک دەبێت کە ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی خەڵکی کوردستان دەوڵەمەندتر بکرێت. دەوڵەتی هەموو پێکهاتەکان دەبێ، دەوڵەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکان و مەزهەبەکان، دەوڵەتێکی دیموکراتی، فیدراڵی، پەرلەمانی دەبێت، کە مافی هەموو لایەک زامن بێت.

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەم، پێشمەرگە قارەمانەکان، چ ئەوانەی شەهید بوون و ئەونەی بریندار بوون، یان ئەوانەی ئەمڕۆ لە سەنگەرەکان دەستیان لەسەر میلی تفەنگە بۆ ئەوەی هەموو بۆنەکان بە ئازادی پێکەوە کۆببینەوە، من دڵنیام هەروەک چۆن لە 1961ـەوە نەیانهێشت کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمن، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش کەوتبێتە دەست دوژمن، قەت نەیانهێشتووە دوژمن لە کوردستان ئیسراحەت بکات. دڵنیام ئەمڕۆ و لە ئایندەش پێشمەرگە قارەمانەکان ناهێڵن کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمنان.

قارەمانێتی پێشمەرگەکان و خۆڕاگریی ئێوەی جەماوەری کوردستان، لە هەموو هێزێک بەهێزترە. بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەبێت بۆ هەموو باجێک ئامادەبین، چونکە ئێمە لە دوو ڕیانێکداین، یان ژیانی بندەستی هەڵدەبژێرین یان ژیانی سەربەستی و سەربەخۆیی.

باجی ژیانی بندەستی لەدەستدانی ئیرادە و کەرامەتە، بەڵام دەژی. باجی سەربەخۆیی و سەربەستی، سەرفرازی و شەرەفە، بەڵام مومکینە بمرین.

لەم رۆژانەی کۆتایی حەتمەن ئێوەش زۆر گوێتان لە تەهدیداتی جۆراوجۆر بووە. تەهدید دەکرێ بەوەی سزامان دەدەن. وەڵامی منیش ئەوەیە؛ ئەوە سەد ساڵە گەلی کوردستان سزا دەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ تێرنەبوون لە سزادانی خەڵکی کوردستان؟ ئەگەر پێتانخۆشە دیسان بگەڕێنەوە بۆ سزادان، واز لە خەڵکی کوردستان بێنن، وەرن من سزا بدەن.

من سوپاسی هەموو حیزب و لایەن و پێکهاتەکان دەکەم، بۆ ئەو جۆش و خرۆشەی کە من دەیبینم، بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەی کە من دەیبینم. سوپاسی ئێوە دەکەم جەماوەری خۆڕاگر، بەڕاستی ئێوە ریفراندۆمتان کرد، ئەمە ریفراندۆمە.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بۆ ئێوەی خۆشەویست و هەموو جەماوەی کوردستان. هەربژین و هەر ساخ بن. جارێکی دیکەش دەڵێم شەرەفمەندین، هەولێر هەر هەولێرە...

بۆ بیستنی دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پەنجە لیرە دابگرە.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 213  


iraq kurdistan
سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى ئاراسته‌ كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری زاخۆ بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد