سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بریتانیا دەكات


KRP.org | |


12/02/2017
ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 2ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مایكڵ فاڵن وەزیری بەرگریی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و جۆن شارپ كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر و جەنەڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سوپا و وەزارەتی بەرگریی بریتانیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بریتانیا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە سەرۆك بارزانی كرد و پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشی بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە ڕاگەیاند. هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.

هەر لەم دیدارەدا قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگو و هەردولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە و ڕۆڵی پێكهاتەكان و حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم و هاوپەیمانان هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو.

لەو كۆبوونەوەەدا هەردوولا پێزانینیان بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی هەبوو و شاندی میوان جەختی لە بایەخی بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییە كردەوە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 405