سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ٧ کونسوڵی وڵاتی عەرەبی لە هەولێر کرد


KRP.org | |


04/07/2017
ڕۆژی سێشەممە ٤ـی٧ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی وڵاتانی فەڵەستین، ئیمارات، کوەیت، سودان، ئوردن، میسر و شانشینی سعودیە، لە هەرێمی کوردستان كرد.

لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، هاوخەمیی خۆشیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست. هەروەها ڕێز و پێزانینی زۆریان بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لە دۆخی قورسی شەڕ و قەیرانی ئابووریدا پێشوازییان لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کردووە و ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کردوون.

هەر لە دیدارەکەدا کونسوڵانی وڵاتانی عەرەبی لە کوردستان، داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد بەرچاوڕوونییان بداتێ سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای مووسڵ دوای ئازادکردنی، لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە کە قۆناخی دوای داعش زۆر هەستیارە و پێویستە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو زەمینەیە بگیرێت کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش. هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی کوردستان کرد کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمەریکی و عێراقی داوامان دەکرد کە لەپاڵ بوونی پلانی سەربازی پێویستە پلانێکی هاوبەشی سیاسی و ئیدارییش بۆ پارێزگای نەینەوا لە دوای دەرکردنی داعش هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارە ڕەچاو نەکرا و لەجیاتی ئەوە بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگی دروست بکرێت کەچی ئەوەش جێبەجێ نەکرا و ئێستا سەرەتاکانی کێشە دەرکەوتوون.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە بەهۆی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و بە پشتیوانیی هاوپەیمانانێتیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ لە کۆتاییەکەی نزیک بۆتەوە و دەسەڵاتی داعش لە موسڵ کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نابێت و ئەگەر ئەو هۆکارانە چارەسەر نەکرێن کە بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش، ئەوا دوور نییە تیرۆر بە شێوەی تر و لەژێر ناوی دیکە سەرهەڵبداتەوە، بۆیە دەبێ ڕێگە لەو دۆخە بگیرێت و لە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە ڕەچاوی خواستی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە بکرێت تا ئەوانیش بە دڵنیایی و پارێزراویی ژیانیان بکەن و ڕێگە بەدووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە نەدرێت کە بەسەر ئەو خەڵکەدا هات.

هەر لەو دیدارەدا بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوول خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی بە وردی ئەو هۆكارانەی ڕوون كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن و جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە ڕێگەی سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی گرتۆتەبەر و ئەو ڕێگەیەش تاکە زامنی بەربەست دانانە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی کێشە و ململانێی خوێناوی. کونسوڵانی وڵاتانی عەرەبی، لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند کە بە وردی گوێیان بۆ سەرنج و ڕوونکردنەوەکانی سەرۆک بارزانی گرتووە و هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەبات و قوربانیدان و خواستی گەلی کوردستان دەربڕی.

باسکردنی ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 296